پەیمان عێزەدین
ئەمساڵ لە ٢٥/١١ و بەبۆنەی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتیمانیی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ،بەڕێز وەزیری ناوخۆ بەناوی سەرۆکی حکومەتەوە وتی (لە ژێر فەرمان و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆکی حکومەت ، ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی ، نابێتن تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت بەبەر لێبوردنی گشتی بکەون ) .
لەو بۆنەیەدا سەدان چالاکوانی ژنان و یاساناس و بەرپرس و کەسایەتی ئیداری و سیاسی ئامادەیبون ، چەپڵەڕێزانێکی بەدڵ بۆ ئەو فەرمانە لێدرا و دوابەدوای ئەوەش لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی وەک فەرمانێکی یەکلاکەرەوە و داری سیحری کۆتایهێنان بە کوشتن و کێشەکانی ژنان وێنا ئەکرێت.
ئەم ڕوداو و لێدوانە ئەگەرچی یەکەم جار نیە بەڵام دەقاودەق وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە مێشکی زۆرینەی خەڵکی کرۆشتووە (ئەم هەرێمە بۆ زیاتر لە سی ساڵە لە بازنەیەکدا ئەخولێتەوە ؟ بۆ سەرەڕای کۆڕبەند و هەڵمەت و زانکۆ و خوێندن و کارکردن هیچ ناگۆڕێت ؟ )
وەڵامی سادە وساکار ، نەزانینە ، ئاگا نەبونە لەکاری یەکتر ، چونە ژێر کاریگەری کێبڕکێی بچوکی حیزبایەتی و ململانێیە لە نەزانیندا.
لە ڕاستیا ئینسان سەری ئەسوڕمێ و زیاتر لە سپیبونی تەمەن سپی ئەبێت کە گوێی لەو جۆرە قسانە ئەبێ و لەبەرامبەریشدا بەسەر زۆرینەی نوخبەی سیاسی و ئیداری ئەم هەرێمەدا تێئەپەڕێت.
جا بۆ ئەوەی ورد ورد لەسەر ئەو لێدوانە بوەستم ، بەچەند خاڵێک کەلێن و بۆشاییە یاساییەکانی ئەو فەرمانە ئەخەمە ڕوو:
یەکەم : لێبوردنی گشتی یاسایە و ئەبێت لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەربچێت . نەک بە فەرمان و ڕێنمایی سەرۆکی حکومەت ،کە ئەبوو بەڕێز وەزیری ناخۆ ئەوەی بە باشی بزانیایە.
لە هەرێمی کوردستاندا و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵەکانی ٢٠٠٧ ، ٢٠١٢ ، ٢٠١٧ یاسای لێبوردنی گشتی دەرچووە و لە هەرسێ یاساکەدا تاوانبارانی کوشتنی ژنان ڕیزپەڕبون و یاساکان نەیگرتونەتەوە بەم جۆرە:
١-یاسای ژمارە ( ٤ ) ی ساڵی ٢٠٠٧
ماددەی حەوتەم :ئەوانەی ئەم تاوانانەیان ئەنجامداوە یاساکە نایانگرێتەوە :
دەیەم : پڕدان و خراپکردنی ئافرەت .
یانزەیەم :کوشتن لەسەر مەسەلەی ناموس .
٢-یاسای ژمارە ( ٢ ) ساڵی ٢٠١٢
ماددەی شەشەم : سودمەند نابن لە حوکمەکانی ئەم یاسایە ، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە:
هەشتەم : دەستدرێژی سێکسی .
نۆیەم :کوشتن بە بیانوی ئابڕوبەر.
٣- یاسای ژمارە ( ٤ ) ساڵی ٢٠١٧
ماددەی نۆ : لێبوردنی گشتی ئەو تاوانانەی خوارەوە ناگرێتەوە :
دەیەم : دەستدرێژی سێکسی .
سێزدەیەم :کوشتنی ژنان بە بیانوی شوشتنەوەی ناموس .
جا خودی کێشەکە تەنیا ئەوە نیە کە بە مەبەستبێ یان نەزانین ئاگاداری ئەو یاسایانە نەبن کەلەو بوارەدا دەچون و دەقاودەق ئاماژەیان بەو فەرمانە کردووە کە سەرۆکی حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٤ دەریکردووە ، بەڵکو عەیبە قانونیەکە ئەوەیە کە حکومەت لایەنی جێبەجێکاری یاساکانە و هەر ئەوەندە ئەو یاسایانە ئەبینێ و ئەخوێنێتەوە کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن .
دووەم :ئەوی لە هەرێمی کوردستاندا ژنکوژی بەرداوە و ئازادی کردووە لێبوردنی تایبەت بووە کە لە لایەن سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم بەڕێز مەسعود بارزانیەوە دەرکراو بۆ هەموو ئەوانە بوو کە لێبوردنی گشتی نەیئەگرتنەوە ، بۆیە جێی خۆی بوو سەرۆکی حکومەت داوای لە سەرۆکی هەرێم بکردایە کە لێبوردنی تابەت چیتر بۆ تاوانبارانی کوشتنی ژن دەرنەکات و مژدەی ئامادەکردنی پڕۆژەی ئاسای لێبوردنی تایبەتی بدایە ، وەک ئەوەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە و تائێستا یاسای بۆ دەرنەکراوە و سەرۆکی هەرێم بەبێیاسا و چوارچێوە لێبوردنی تایبەت دەرئەکات.
ئینجا
ئەوەی کێشەی سەرەکیە لە بابەتی کوشتنی ژندا و دیسانەوە پەیوەندی بە نەزانین و ئاگالێنەبونەوە هەیە ، نەبونی ماددەیەکی تایبەتە بە سزای کوشتنی ژن لەسەر ناموس . چونکە لە پەرلەمانی کوردستانەوە وبە یاسای ژمارە ( ١٤ ) ی ساڵی ٢٠٠٢ تەنیا حوکمەکانی ماددەکانی ( ١٢٨ ،١٣٠ ،١٣١ ) یاسای سزادانی لەکارخستووە سەبارەت بە تێوەگلان لەتاوانی دەرەوق بە ئافرەتان .
واتە تاوانکاری بەرامبەر ژنان بە مەعزەرەتی یاسایی سزا سوککەر دانەناوە ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە لە نەبونی ماددەیەکی سزایی تایبەت بە کوشتنی ژندا ، نە ڕێگری و بەربەستی ڕاستەقینە لەبەردەم تاوانکاری دژ بە ژنان دائەنێت و نە ڕیزپەڕکردنی تاوانبارانی ژنکوشتن لەیاسای لێبوردنی گشتیدا ڕۆڵی ئەوتۆی ئەبێت .
بۆیە
چارەسەرکردنی ڕیشەیی تاوانکاری بەرامبەر بە ژنان لە نوسینەوەی یاسایەکی تایبەت بە ژندایە کە کۆی کەتن و تاوانەکان بگرێتەوە کە بەرامبەر بە ژنان ئەکرێت و سزای توندیان بۆ دابنرێ ، ئەوکات ئاسانتر ئەزانرێ تاوانکارانی بەرامبەر ژنان کێن.
بێگومان بۆ ئەمەش پەرلەمان و حکومەتێکی بەئاگا و ئیرادە و لێزانی ئەوێت .
سەرچاوە ؛ سپی میدیا