دەربارەی شەڕێکی دۆڕاو

دەقی وتاری سڤێتلانا ئالێکسیێڤیچ لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە ٧ی کانوونی یەکەمی 2015
و. لە ئەڵمانییەوە: بەکر شوانی

دۆستانی خۆشەویست...
من تەنیا نیم لەبەردەم ئەم میکرۆفۆنەدا، بەڵکو کۆمەڵێک دەنگ بە دەورمەوەیە، بە سەدان دەنگ... من هەر لە منداڵیمەوە بەردەوام ئەم دەنگانەم لەگەڵدان. بە منداڵی لە گوند دەژیام. ئێمەی منداڵ بە شادییەوە لە کۆڵان یاریمان دەکرد، بەڵام ئێواران کورسییە درێژەکانی بەردەم ماڵان کە ژنانی بەساڵاچووی شەکەت و ماندوو لەسەریان ڕادەکشان، وەک موگناتیس ئێمەیان ڕادەکێشا. ئەمانە کەسیان مێرد، باوک یان برایان نەبوو. بیرم نایەت دوای شەڕ پیاو لە گوندی ئێمەدا هەبووبێت. لە سەروبەندی شەڕدا لە هەر چوار بێلاڕووسییەک دانەیەکیان لە بەرەکانی شەڕ، یان لە ڕیزی پارتیزانەکاندا کوژرابوون. لە دوای جەنگ، دنیای ئێمەی منداڵ دنیای ژنان بوو. شتێک کە هەرە زیاد لە بیرەوەریمدا مابێتەوە، قسەکردنی ژنان بوو دەربارەی خۆشەویستی، نەک جەنگ. ئەوان باسی ئەوەیان دەکرد چۆن بۆ دوایین جار خۆشەویستانی خۆیان بەڕێ کردووە، چۆن سەردەمانێک چاوەڕێی هاتنەوەیانیان کردووە و چۆن هێشتا هەر بە تاسەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیانن... چەندین ساڵ تێپەڕیبوو، کەچی ئەوان هێشتا هەر چاوەڕێ بوون. "با بێ باسک و بێ لاق بگەڕێتەوە. بێ باسک و بێ لاقیش بێت، من بەم باسکانەی خۆم هەڵی دەگرم و دەیگێڕم."... من هەست دەکەم هەر لە منداڵیمەوە لە واتای خۆشەویستی گەیشتووم.
ئەمانە چەند میلۆدییەکی خەمگینی ئەو کۆرسەی ناو سەرمن کە بەردەوام دەیانبیستم:
دەنگی یەکەم:
"بۆچی خوازیاریت بزانیت؟ ئەوە بەسەرهاتێکی زۆر خەمگینە. من و پیاوەکەم لە شەڕ یەکدیمان ناسی. من سەربازی تانک بووم. تا بەرلین ڕۆیشتم. هێشتا لە بیرمە، لەبەردەم ڕایشتاگ (پەرلەمانی فیدراڵی) ڕاوەستابووین، ئەو کاتە ئەو هێشتا نەببوو بە مێردم، بە منی گوت: (وەرە با ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە بنێین. من تۆم خۆش دەوێت.) هەرچی منم، بەو وشانە زۆر بریندار و تووڕە بووم! ئاخر بە درێژایی جەنگ نوقمی قرێژی و خوێن بووین و لە نەفرەت بترازێت، گوێمان لە هیچی تر نەببوو. لە وەڵامدا پێم گوت: (تۆ جارێ بمکە بە ژن، گوڵم بۆ بکە بە دیاری، وشەی جوان بچرپێنە بە گوێمدا. خۆمیش کە لە بەرەی جەنگ گەڕامەوە، دەستێک جل بۆ خۆم بە دروون دەدەم.) بە ئەندازەیەک تووڕەمی کردبوو کە بە دڵ حەزم دەکرد لێی بدەم. ئەو هەموو شتێک حاڵی بوو. یەکێک لە ڕوومەتەکانی سووتابوو و شوێنەواری چەندین برینی بەسەرەوە جێ مابوو. لەپڕ بەسەر ئەو شوێنەوارانەوە فرمێسکم بینی. گوتم: (باشە، دەبم بە هاوسەرت...) خەریک بوو خۆمیش بڕوا نەکەم کە ئەو قسەیەم کردووە. دەوروبەرمان تژە بوو لە خۆڵەمێش و وێرانە، بە یەك وشە – جەنگ."
دەنگی دووەم:
"ماڵمان لە نزیک سەنتراڵی ئەتۆمیی چێرنۆبل بوو. من لە شیرینیخانەیەک کارم دەکرد. مێردەکەیشم پیاوی ئاگرکوژێنەوە بوو. زۆر نەبوو ژیانی هاوسەرێتیمان پێکەوە نابوو، تەنانەت بۆ بازاڕیش دەست لە ناو دەست دەچووین. ئەو ڕۆژەی سەنتراڵەکە تەقییەوە، پیاوەکەم لە کار بوو. کاتێک بانگ کران، بە کراسی بەریان و بە جلوبەرگی ڕۆژانەیانەوە بەدەم بانگ و هاوارەوە چوون. ئەگەرچی تەقینەوەیەک لە سەنتراڵی ئەتۆمیدا ڕوویدابوو، کەچی هیچ جلوبەرگێکی تایبەت بە کاریان نەدابوو پێیان. ژیانمان ئا بەو جۆرە بوو. خۆ ئێوە دەیزانن! بەدرێژایی شەو ئاگریان کوژاندەوە و تیشکی کارا (ڕادیۆئاکتیڤ)ی کوشندەیان بەرکەوت. سەرلەبەیانیی ڕۆژی دواتر هەموویانیان بە فڕۆکە گواستەوە بۆ مۆسکۆ. مرۆڤ هەر چەند هەفتەیەک بەرگەی لەناکاو تووشبوون بە تیشکی کارا دەگرێت، وەلێ مێردەکەی من بەهێز و وەرزشکار بوو، بۆیە ئەو دوایین کەس مرد. کاتێک گەیشتمە مۆسکۆ، پێمیان گوت: (لە بەشێکی تایبەت خەوێندراوە و ڕێ بە کەس نادرێت بچێتەو ئەوێ.) پاڕامەوە و گوتم: (ئاخر خۆشم دەوێت.) گوتیان: (سەربازەکان خزمەتیان دەکەن. تۆ چیت دەوێت لەوێ؟) گوتم: (خۆشم دەوێت.) هەوڵیان دا قایلم بکەن: (ئەو چی دی ئەو مرۆڤە نییە کە تۆ خۆشت دەویست، بەڵکو کەرەستەیەکە کە پێویستە نەکەوێتە دۆخێکەوە زیان بگەیەنێت. تێ دەگەیت؟) منیش هەر هەمان شتم دووبارە دەکردەوە: (خۆشم دەوێت، خۆشم دەوێت.)... شەوان، یان بە پەیژەی خۆڕزگارکردندا بۆ ژوورەکەی سەردەکەوتم، یان بە پێدانی پارە پاسەوانەکانم قایل دەکرد مۆڵەتی چوونەژوورەوەم بدەن. بەتەنیا جێم نەهێشت و تا کۆتایی لای مامەوە. دوای مردنی، چەند مانگێک دوای مردنی، کچێکم بوو کە تەنیا چەند ڕۆژێک ژیا. ئای هەردووکمان چەند بە شادی و تاسەوە چاوەڕێی لە دایکبوونی بووین! کەچی بە هۆی منەوە مرد. جگەرگۆشەکەم منی ڕزگار کرد، ئاخر ئەو هەموو تیشکە کاراکانی بەرکەوتەی جەستەی منی بردبووە جەستەی تەڕی خۆیەوە. ئاخ کۆرپە ورد و خنجیلانەکەم! من هەردووکیانم خۆش دەویست. ئەرێ خۆشەویستی دەتوانێت بکوژ بێت؟ باشە بۆچی خۆشەویستی و مردن بەو ئەندازەیە لە یەکدی نزیکن؟ هەمیشە هاوشانی یەکدین... کێ دەتوانێت ئەمەم بۆ شی بکاتەوە. ئێستا هەموو جارێک لەبەردەم گۆڕەکانیاندا بە چۆکدا دێم."
دەنگی سێیەم:
"کاتێک یەکەمجار ئەڵمانێکم کوشت، تەمەنم ١٠ ساڵ بوو. ئەوە کاتێک بوو کە پارتیزانەکان لە ڕیزەکانی خۆیاندا ئەرکیان پێم سپاردبوو. کابرای ئەڵمان بە برینداری لەسەر زەوی ڕاکشابوو و پارتیزانەکان داوایان لێم کرد دەمانچەکەی هەڵبگرمەوە. لە کاتێکدا بەرەو لای وی دەچووم، ڕێک لەو ساتەدا پەلاماری دەمانچەکەی دا، توند بە هەردوو دەستی گرتی و نیشانی لە ڕووخسارم گرتەوە. بەڵام فریای تەقاندن نەکەوت، چونکە من لەو بەدەستوبردتر بووم. تووشی ترس و سەرسووڕمان نەبووم لە پای کوشتنی مرۆڤێک. بە درێژایی جەنگیش نەکەوتەوە بیرم. ئاخر چواردەورمان تژە بوو لە تەرم و لە ناو مردوواندا دەژیاین.
تووشی حەپەسان بووم کاتێک دوای چەندین ساڵ دەستم کرد بە خەونبینین بەو ئەڵمانەوە. چاوەڕێی شتێکی وەها نەبووم. چەندین جار هەمان خەونم دی. لە خەونمدا دەمویست بفڕم و ئەو نەیدەهێشت. بەرز دەبوومەوە و لە شەقەی باڵم دەدا و دەفڕیم، کەچی ئەو لە دواوە پێم دەگەیشت، خۆی پێمدا هەڵدەواسی و هەردووکمان دەکەوتینە چاڵێکەوە. دەمویست ڕاست ببمەوە، بەڵام ئەو بوارمی نەدەدا و لەبەر وی نەمدەتوانی بفڕم. ئەو خەونە دەیان ساڵ دەستی لە یەخەم بەرنەدا. نەمدەتوانی بۆ کوڕەکەمی بگێڕمەوە، چونکە بچووک بوو. لەبری ئەوە داستانم بۆی دەگێڕایەوە. ئێستا کوڕەکەم گەورە بووە، بەڵام دیسان لە دەستم نایەت خەونەکەمی بۆ بگێڕمەوە."
فلۆبێر خۆی بە "پیاوی پەڕەمووچ" ناودەبات. منیش دەتوانم خۆم بە "مرۆڤی گوێ" دابنێم. کاتێک بە شەقامدا دەڕۆم گوێ بۆ وشە، ڕستە و هاوارەکان ڕادەدێرم، هەمیشە بەم جۆرە بیر دەکەمەوە: چەندین ڕۆمان بێ ئەوەی شوێنەوار بەجێ بهێڵن، لە زەمەندا ون دەبن و ئاوێتەی تاریکی دەبن. ئاخاوتن کە بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ، نەماتوانیوە بۆ ئەدەبیات ڕامی بکەین و تا ئێستا نرخیمان نەزانیوە و پێی سەرسام نەبووین. بەڵام ئاخاوتن منی بەر جادووی خۆی خستووە و کردوومی بە دیلی خۆی. من چێژ لە ئاخاوتنی نێوان مرۆگەل وەردەگرم. حەزم لە دەنگی تاکە مرۆڤە. ئەمە گەورەترین ئەڤین و خوولیای منە.
ڕێگەی من تا گەیشتن بەم بەرزەمێزە چل ساڵی خایەند، لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ، لە دەنگەوە بۆ دەنگ. ناتوانم بڵێم هەمیشە خاوەنی هێز بووم بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگەیە، چونکە زۆر جار بە هۆی مرۆڤەوە تووشی هەژان و تۆقین بووم، بە مرۆڤ سەرسام بووم و قێزم لێی بووەتەوە. زۆر جار ویستوومە ئەوەی بیستوومە لە بیری بکەم و بگەڕێمەوە بۆ ئەو ساتەی کە نەمزانیوە. زۆر جاریش لە شادیدا گریاوم کاتێک مامەڵەم لەگەڵ مرۆڤی جواندا هەبووە.
من لە وڵاتێک ژیاوم کە تیایدا هەر لە منداڵییەوە ئاشنای مردن و مەرگمان دەکەن. بە ئێمەیان دەگوت مرۆڤ بۆیە هەیە تا خۆی فیدا بکات و بسووتێ و خۆی بکات بە قوربانی. بە جۆرێک پەردوەردە کراین مرۆڤی چەکهەڵگرمان خۆش بوێت. ئەگەر لە وڵاتێکی تر پێ بگەیشتمایە، نەمدەتوانی بەو ڕێچکەیەدا بڕۆم. خراپەکاری ئامانی نییە و پێویستە مرۆڤ خۆی لە دژی کوتابێت. بەڵام ئێمە لە ناو بکوژ و قوربانییەکاندا گەورە بووین. ئەگەرچی کەسوکارمان لە ترساندا هیچیان بۆمان نەدەگێڕایەوە، بەڵام ئەو ژەهرە لە هەوای ژیانمانیشدا هەستی پێ دەکرا. بەردەوام نیگای خراپەکاریمان لەسەر بوو.
من پێنج ڕۆمانم نووسیوە، بەڵام وا هەست دەکەم هەموویان یەک کتێبن دەربارەی مێژووی یوتۆپیایەک...
وارلام شالامۆڤ دەنووسێت: "من بەشداربوویەکی شەڕێکی سەخت و دۆڕاو بووم لە پێناوی نوێکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتریدا." منیش ئەوەتا سەرلەنوێ مێژووی ئەو شەڕە دەنووسمەوە؛ لە نووکەوە سەرکەوتن و دۆڕانەکانی دەنووسمەوە. دەربارەی ئەوە دەنووسم کە چۆن دەیانەوێت مەلەکووتی ئاسمان لەسەر زەوی دابمەزرێنن، بەهەشت بخووڵقێنن و شاری خۆر بنیات بنێنن! وەلێ دواجار دەریایەکی پڕ لە خوێن و ژیانی لەناوبراوی ملیۆنان مرۆڤ دەمێنێتەوە. بەڵام سەردەمێک هاتە ئاراوە کە تیایدا هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی سەدەی بیستەم نەیتوانی خۆی بە کۆمۆنیزم و شۆڕشی ئکۆتۆبەری سیمبولی کۆمۆنیزم بپێوێت، ئاخر هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تر نەیتوانی بە ئەندازەی ئەم هێندە بەهێز ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوا و مرۆگەلی جیهان بۆ خۆی بەکێش بکات. ڕایمۆن ئارۆند شۆڕشی ڕووسیای ناونابوو "ئەفیۆنی ڕۆشنبیران". بیرۆکەی کۆمۆنیزم بەلایەنی کەمەوە دوو هەزار ساڵ تەمەنی هەیە. لە ئامۆژگارییەکانی پلاتۆن (ئەفلاتون)دا بۆ دەوڵەتێکی نموونەیی و دادپەوەر و لە لای ئەریستۆ لە خەون بینین بە سەردەمێکەوە کە تیایدا هەموو شتێک "هاوبەش" دەبێت، ڕێککەوتی کۆمۆنیزم دەکەین... هەروەها لای تۆماس مۆر و تۆماسۆ کامپانێلا... دواتریش لەکن سان سیمۆن و فورێ و ئۆوین... پاڵنەرێک لە زیهنییەتی ڕووسدا ڕێخۆشکەر بووە بۆ هەوڵدان لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو خەونانەدا.
بیست ساڵ لەمەوبەر بە نەفرەت و فرمێسکەوە "ئیمپراتۆریای سوور"مان بەڕێ کرد. ئەمڕۆ دەتوانین هێمنانەتر ئاوڕ لەو مێژووە نزیکە بدەینەوە و وەک ئەزموونێکی مێژوویی لێی بڕوانین. ئەمەیش گرنگە، چونکە گفتوگۆ و گەنگەشە دەربارەی سۆسیالیزم هێشتا بەکۆتا نەگەیشتووە. نەوەیەکی نوێ کە نەخشەی جیهانێکی تریان بە دەستەوەیە، پێ گەیشتووە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لاو مارکس و لینین دەخوێننەوە. لە شارەکانی ڕووسیا مۆزەخانەگەلی ستالین دەکرێنەوە و پەیکەری وی دادەنرێت.
ئیمپراتۆریای "سوور" بەسەرچوو، بەڵام مرۆڤی سوور هێشتا ماوە و دەژی.
باوکم کە ماوەیەک لەمەوبەر مرد، تا دوایین هەناسە کۆمۆنیستێکی باوەڕمەند بوو. بە نهێنی ناسنامەی ئەندامێتیی حزبی پاراستبوو. من هەرگیز نەمتوانی وشەی گاڵتەئامێزی سۆڤۆک "فەڕاش-خزمەتگوزار" لەبری سۆڤییەت بەکار بهێنم، چونکە ئەگەر وام بکردایە، واتای ئەوە بوو ئەو ناوەم لە باوکم و کەسانی نزیکم و ناسراو و هاوڕێکانیشم نابێت. ئەوان هەموویان لەوێوە دێن، لە سۆسیالیزمەوە. کەسانی زۆر ئیدیالیست و ڕۆمانسییان تێدا هەیە. ئەوان ئەمڕۆ بە ناوێکی تر بانگ دەکرێن: ڕۆمانسییەکانی کۆیلایەتی، کۆیلەکانی یوتۆپیا. من باوەڕم وایە ئەوان دەیانتوانی ژیانێکی تر بەسەرببەن، بەڵام هەموویان ژیانی سۆڤێتی ژیان. بۆچی؟ ماوەیەکی درێژ بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا گەڕام، گەشتی ئەمسەر و ئەوسەری ئەو وڵاتە پان و پۆڕەم کرد کە تا ماوەیەکی کورت لەمەوبەر بە یەکیەتیی کۆمارەکانی سۆڤێتی سۆسیالیست ناو دەبراو و هەزاران کاسێتم پڕ کردەوە. ئەوە سۆسیالیزم و ژیانی ئێمە بوو. دانە بە دانە و تیکە بە تیکە مێژووی "تایبەت"ی "ناواخن"ی سۆسیالیزمم کۆ کردەوە و لێکۆڵینەوەم لە کاریگەریی سۆسیالیزم بەسەر ڕوحی مرۆڤەوە کرد. ئەو پانتایییە بچووکە بەلای منەوە مایەی بایەخ پێدان بوو: مرۆڤ... تاکە یەک مرۆڤ، چونکە لە بنەڕەتدا هەموو شتەکان لە ئەودا ڕوودەدەن.
تۆدیۆر ڤ. ئادۆرنۆ لە دوای جەنگ لە دۆخی شۆکبووندا دەنووسێت: "لە دوای ئاوسشڤیتس نووسینی شیعر بەربەرییەتە!" مامۆستاکەم، ئالێس ئادامۆڤیج کە ئەمڕۆ بەوپەڕی سوپاسەوە ناوی دەهێنم، باوەڕی وابوو لە دوای کارەساتەکانی سەدەی بیستەم نووسینی شیعر و پەخشان وەک قرێژکردنی پیرۆزییەکان وایە. ئەو دەیگووت مرۆڤ نابێت لەوێدا داهێنان و ئافراندن بکات و پێویستە ڕاستییەکان وەک خۆیان بخرێنە ڕوو. دەیگووت پێویستمان بە فۆرمێکی لە ئەدەب باڵاترە. پێویستە گەواهیدەران بێنە گۆ. ئەمە وتەیەکی نیتچە دەهێنێتەوە بیرمان: هیچ شێوەکارێک ناتوانێت شان بداتە بەر ڕاستی، بۆیە ڕووی خۆی لێ وەردەگێڕێت...
جێنەبوونەوەی ڕاستی لە یەک دڵ و لە یەک ئەقڵدا و ئەوەی کە ڕاستی گرێ نەدراو و فرەڕەهەند و جۆراوجۆرە و بە دنیادا پرژێندراوە، هەمیشە مایەی ئەشکەنجە بووە بۆ من. دۆستۆیڤسکی باوەڕی وایە مرۆڤایەتی زۆر زیاتر لەوەی کە توانیوێتی بیخاتە قاڵبی ئەدەبەوە، لە بارەی خۆیەوە دەزانێت. من چی دەکەم؟ من هەست و هزر و وشەی ڕۆژانە کۆ دەکەمەوە. من ژیانی سەردەمی خۆم کۆ دەکەمەوە. من بایەخ بە مێژووی ڕوح و بە ژیانی ڕوح دەدەم. بایەخ بەو ڕەهەندە دەدەم کە مێژووی گەورە وەک خوو وەلاوەی دەنێت و لووتبەرزانە ئاوڕی لێ ناداتەوە. من خۆم بە مێژووی فەرامۆشکراوەوە سەرقاڵ دەکەم. زۆرم بیست و ئەمڕۆیش دەبیستم کە گوایە ئەوە ئەدەب نییە، بەڵکو بە دۆکومێنتکردنە. باشە، ئەمڕۆ ئەدەب چییە؟ کێ وەڵامێکی بۆ ئەم پرسیارە هەیە؟ ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو ژیانمان خێراترە. ناوەڕۆک فۆرم دەتەقێنێتەوە، دەیشکێنێت و دەیگۆڕێت. هەموو شتێک چوارچێوەی خۆی دەتەقێنێتەوە: موزیک، شێوەکاری و هەروەها لە دۆکومێنتیشدا وشە سنوورەکانی دۆکومێنتاری دەتەقێنێتەوە. هیچ سنوورێک لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا نییە و هەریەکەیان دەڕژێتە ئەوەی تریانەوە. هیچ گەواهیدەرێکیش بێلایەن نییە. کاتێک مرۆڤ دەست بە گێڕانەوە دەکات، دەبێت بە داهێنەر و وەک چۆن پەیکەرتاش هەوڵ لەگەڵ مەرمەر دەدات، ئەمیش لەگەڵ زەمەندا دەکەوێتە زۆرانبازی. مرۆڤ ئەکتەر و خووڵقێنەرە.
"مرۆڤی بچووک" مایەی بایەخی منە. پێم خۆشە بە "مرۆڤی گەورەی بچووک" ناوی ببەم، چونکە گیرۆدەبوونی بە ستەم گەورەی دەکات. مرۆڤ لە ڕۆمانەکانی مندا مێژووی بچووکی خۆی دەگێڕێتەوە و هاوکاتیش لەگەڵیدا مێژووە گەورەکە باس دەکات. ئەوەی بەسەرمان هاتووە و بەسەرمان دێت، هێشتا دەستکاری نەکراوە و پێویستە بهێنرێتە گۆ. هەر هیچ نەبێت وەک سەرەتا بهێنرێتە زمان. ترسمان لە هەڵدانەوەی ڕابردوومان هەیە، چونکە هێشتا لە دۆخێکدا نین بتوانین وەک پێویست کاری تێدا بکەین. لە "ئیبلیسەکان"ی دۆستۆیڤسکی دا شاتۆڤ لە سەرەتای قسەکانیدا بە شتاڤرۆگین دەڵێت: "ئێمە دوو بوونەوەرین و لە ناکۆتادا بەیەک گەیشتووین... بۆ دوایین جار لە دنیا... دەست لەو تۆنی دەنگەت هەڵبگرە و وەک مرۆڤ بدوێ! تەنانەت ئەگەر بۆ جارێکیش بووە بە دەنگی مرۆڤ بدوێ!" گفتوگۆکانی منیش لەگەڵ پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمانەکانمدا بە شێوەیەکی نزیک لەوە دەست پێ دەکەن. بێگومان هەر مرۆڤێک باسی کات و سەردەمی خۆی دەگێڕێتەوە، چونکە ناتوانێت لە هیچەوە قسە بکات! بەڵام گەیشتن بە قوڵایی ڕوحی مرۆڤ کارێکی سانا نییە، چونکە بە ئەفسانە و درۆ و بڕیاری پێشوەخت و تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکانی سەدە قرێژ بووە.
دەمەوێت چەند لاپەڕەیەک لە دەفتەری بیرەوەرییەکانم بخوێنمەوە بۆ ئەوەی پیشانی بدەم چۆن کات تێدەپەڕێت و بیرۆکە لەسەرخۆ دەمرێت و من چۆن شوێنپێیم هەڵگرتووە...
1980-1985
من ڕۆمانێک سەبارەت بە جەنگ دەنووسم... بۆچی جەنگ؟ چونکە ئێمە مرۆڤی جەنگین، یان بەردەوام جەنگاوین، یان خۆمان بۆ جەنگ ئامادە کردووە. ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین، هەموومان وەک ئەوەی لە جەنگدا بین، بیر دەکەینەوە، لە ماڵ و لەسەر شەقام. هەر بۆیە ژیانی مرۆڤ لای ئێمە هێندە بێ بەهایە. وەک ئەوە وایە هەموو شتێک لە جەنگدا بێت.
سەرەتا بەگومان بووم. بەڵام ڕۆمانێک دەربارەی جەنگ... بۆچی؟
لە یەکێک لە گەشتەکانمدا وەک ڕۆژنامەنووس ژنێکم ناسی کە لە جەنگدا کارمەندی تەندروستی بووە. گێڕایەوە: لە زستاندا لە دەریاچەی لادۆگا دەپەڕنەوە. دوژمن هەستیان پێ دەکات و دەیانداتە بەر ڕێژنەی گولـلە. ئەسپ و مرۆڤەکان لە ژێر سەهۆڵدا نقووم دەبن. شەو دەبێت. پەلاماری بریندارێک دەدات و دەگەیەنێتە کەناری دەریاچە: "ڕامکێشا، جەستەی تەڕ و ڕووت بوو. وامزانی جلەکانی لە بەری داماڵدراوە. کەچی لە کەنار بینیم من ماسییەکی گەورەی بریندارم بەکێش کردووە، ماسییەکی جۆری بێلوگا. هەتا هێزم تێدا بوو نە فرەتەوە هاوارم کرد: باشە ئەوا مرۆڤەکان ئازار دەچێن، بەڵام ئاژەڵ و باڵندە و ماسییەکان بۆچی؟"
لە گەشتێکی ترمدا گوێم بۆ چیرۆکی ژنە کارمەندێکی تری تەندروستی ڕاگرت کە لە یەکینەیەکی سوارەدا کاری کردبوو. ئەو ژنە لە شەڕێکدا بریندارێکی ئەڵمان بۆ ناو چالێکی تۆپهاویشتن بەکێش دەکات و لەوێدا بۆی ئاشکرا دەبێت کابرا ئەڵمانە و ڕانی شکاوە و خوێنی لەبەر دەڕوات. بەڵام هەر چییەک بێت، کابرا دوژمنە! ژنە بیر دەکاتەوە چی بکات! لەو سەرەوە لاوەکانی خۆیان لە جەنگدا دەکوژرێن. دواجار برینی کابرای ئەڵمان دەپێچێت. ئەمجار سەربازێکی لە هۆشخۆچووی ڕووس بەکێش دەکات. کاتێک دێتەوە هۆش، دەیەوێت یارۆی ئەڵمان بکوژێت. ئەمیش لەو کاتەدا هۆشیار دەبێتەوە و پەلاماری دەمانچەکەی دەدات و دەیەوێت کابرای ڕووس بکوژێت. "منیش کەوتمە نێوانیان و بە هەردوو دەستم زلـلەم لە ڕوومەتیان دەوەشاند. هەرسێکمان لاقمان نووقمی خوێن بوون. خوێنەکان تێکەڵ ببوون."
ئەوە شەڕێک بوو کە من پێی ئاشنا نەبووم؛ شەڕی ژنان. لەوێدا بابەت قارەمانی نەبوو. بابەت ئەوە نەبوو کێ قارەمانانە و ئەوی تر دەکوژێت. قسەی ژنێکم بیر دەکەوێتەوە: "دوای شەڕ بە کوشتارگەدا تێدەپەڕیت. ئا ئەوەتان لەوێدا کەوتوون... هەموویان گەنج و زۆر جوانن. لەوێدا کەوتوون و بۆ ئاسمان دەڕوانن. تۆیش خەفەت بۆ ئەمان و ئەوانیش دەخۆیت." دەستەواژەی " تۆیش خەفەت بۆ ئەمان و ئەوانیش دەخۆیت" بەرچاوڕوونی پێم بەخشی بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەم دەربارەی چی بێت؛ دەربارەی ئەوەی کە جەنگ مەرگە. ئەوە پێناسەی جەنگە لە بیرەوەریی ژناندا. مرۆڤێک تاوێک لەوەوبەر پێکەنیوە، جگەرەی کێشاوە و ئێستا چی دی لەوێدا نییە. ژنان بەگشتی دەربارەی دیارنەمان دەدوێن، سەبارەت بەوەی چۆن لە جەنگدا هەموو شتێک بەخێرایی دەبێت بە هیچ، مرۆڤ و کاتی مرۆڤیش دەبن بە هیچ. بەڵێ، ئەوان خۆبەخشانە و لە تەمەنی 17 و 18 ساڵاندا خۆیان بۆ بەرەکانی جەنگ ناونووس کردبوو، بەڵام نەیاندەویست مرۆڤ بکوژن. وەلێ ئامادە بوون لە پێناوی نیشتماندا بمرن. بەڵێ، ناکرێت تاکە یەک وشەیش لە مێژوو بسڕدرێتەوە. ئەمە ستالینیش دەگرێتەوە.
ڕۆمانەکە بە درێژایی دوو ساڵ چاپ نەکرا. نەتوانرا پێش پێرسترۆیکا و پێش گۆرباتشۆڤ بخرێتە بازاڕەوە. سانسۆرکاران پێمیان گوت: "هەرکەسێک ئەم کتێبەی تۆ بخوێنێتەوە، چی دی ناچێت بۆ جەنگ. ئەو جەنگەی ئێوە باسی دەکەن، فرە ترسناکە. بۆچی پاڵەوانتان نییە؟" من بە دوای پاڵەواندا نەگەڕابووم، من لەبەر ڕۆشنایی ڕاپۆرت و گێڕانەوەی گەواهیدەران و بەشدارانی فەرامۆشکراوی مێژوودا تەنیا مێژووم تۆمار کردبوو. ئەوانە هەرگیز پرسیاریان لێ نەکرابوو. ئایا مرۆگەل، مرۆگەلی ئاسایی، چۆن دەربارەی بیرۆکە گەورەکان بیر دەکەنەوە. نازانین. یەکسەر دوای جەنگ مرۆڤ بەسەرهاتێکی جەنگ دەگێڕێتەوە، بەڵام دوای 10 ساڵ بە جۆرێکی تر دەیگێڕێتەوە. بێگومان شتگەلێک لای ئەو مرۆڤە دەگۆڕێن، چونکە ئەو هەموو ژیانی خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا هەڵگرتووە، هەموو "من"؛ لەو ساڵانەدا چۆن ژیاوە، چی خوێندووەتەوە و بینیوە، کێی بینیوە، باوەڕی بە چی هەیە، بەختەوەرە یان نا؟ بەڵگەکانی ژیان بوونەوەری زیندوون و لەگەڵ گۆڕانی ئێمەدا ئەوانیش دەگۆڕێن.
بەڵام من تەواو دڵنیام لەمەودوا هەرگیز کچان و ژنانی گەنجی وەک ئەوانەی شەڕی ساڵی 1941 نابینین. ئێستا سەردەمی گەشانەوەی ئایدۆلۆژیای "سوورە"، تەنانەت گەشاوەتر لە شۆڕش و لینین. سەرکەوتنەکانی ئەوان تەنانەت لە ئێستاوە کامپەکانی گولاگ دەخەنە سێبەرەوە. من ئەو کچانەم زۆر خۆش دەوێت. بەڵام نەمتوانی لەگەڵ ئەوان سەبارەت بە ستالین یان دەربارەی ئەوەی کە دوای جەنگ سەرکەوتووانی شەڕ بە شەمەندەفەر بۆ سیبیریا بران، بدوێم. ئەوانی تر لە دوای جەنگ بۆ ماڵەوە گەڕانەوە و بێدەنگییان هەڵبژارد. جارێک بیستم: "ئێمە تەنیا لە سەردەمی جەنگدا، لە بەرەکانی پێشی پێشەوە ئازاد بووین." گەورەترین سەرمایەی ئێمە ئازارە. نەوت و گاز نا، نەخێر... ئازار. ئەمە تاکە شتێکە کە ئێمە بەردەوام بەرهەمی دەهێنین. من بەردەوام لە گەڕاندام بۆ وەڵامی پرسیارێک: بۆچی ئازارەکانمان وەرناگەڕێنە سەر ئازادی؟ ئایا ئەو هەموو ئازارە لە خۆڕا و بێهوودەیە؟ چاداێڤ ڕاستی گوتووە: "ڕووسیا وڵاتێکە بێ بیرەوەری، سەرانسەر وڵاتی لە دەستدانی بیرەرەوەرییە، هۆشیارییەکی دەست بۆ نەبراوە بۆ ڕەخنە و کاردانەوە."
کتێبە گەورەکان لەسەر شەقامەکان کەوتوون.
1989
لە کابولم. نەمدەویست چی دی سەبارەت بە جەنگ بنووسم. کەچی ئێستا من لە جەنگێکی ڕاستەقینەدام. لە ڕۆژنامەی "پراڤدا"دا هاتووە: "ئێمە لە بنیاتنانی سسۆسیالیزمدا هاوکاری گەلی برای ئەفگانستان دەکەین." بۆ هەرلایەک دەڕوانیت، مرۆگەلی شەڕ و ئامراز و کەرەستەکانی جەنگ و کاتی چەنگە!
دوێنێ مۆڵەتم پێ نەدرا بچم بۆ یەکێك لە شەڕەکان: "خاتوونی گەنج، لە هۆتێل بمێننەوە. ئەگەر نا، دوایی من لێت بەرپرسیار دەبم." لە هۆتێل دانیشتووم و بیر دەکەمەوە: "کەمێک بێ مۆراڵییە ئەگەر لە کەنارەوە سەیری ئازایەتی و سەرچڵیی ئەوانی تر بکرێت." زیاتر لە هەفتەیەکە لێرەم و لەو هەستە ڕزگارم نابێت کە جەنگ خووڵقێندراوێکی سرووشتی پیاوانە. ئەوە بۆ من مایەی تێنەگەیشتنە. بەڵام کەشی ڕۆژانەی جەنگ بارێکی گرانە. بۆم دەرکەوت چەکەکان جوانن: دەمانچە، مین، تانک. مرۆڤ زۆر باش بیری لەوە کردووەتەوە چۆن بە باشترین شێوە ئەوانی تر بکوژێت. گەنگەشەی ئەزەلیی نێوان هەقیقەت و جوانی. مینێکی نوێی ئیتاڵییان پیشانم دا و کاردانەوەی "ژنانە"ی من: "جوانە. بۆچی جوانە؟" بە زمانێکی وردی سەربازی بۆم ڕوون کرایەوە کە ئەگەر مرۆڤ بەسەر ئەم مینەدا لێ بخووڕێت، یان پێی پێدا بنێت، ئەوا لە ئەنجامدا تەنیا پڕ سەتڵێک گۆشتی لێ دەمێنێتەوە. لێرە بە جۆرێک باس لە شتێکی نائاسایی دەکرێت وەک ئەوەی فرە ئاسایی و سرووشتی بێت. هەرچییەک بێت لە جەنگداین... هیچ کەسێک بە بینینی ئەو وێنانە خۆی تێک نادات، بەلای کەسەوە گرنگ نییە کە کەسە کوژراوەکانی ئەوێ بە هۆی کارەساتی سرووشتی و مردنی ئاسایییەوە نا، بەڵکو بە دەستی کۆمەڵێک مرۆڤی تر کوژراون.
بە چاوی خۆم بینیم چۆن "گوڵاڵە ڕەش"ێک بار کرا. ئەوەی فڕۆکەی گواستنەوەی تەرمی کوژراوەکانە لە دارەباز(تابووت)ی زینک (چینکۆیی)دا بۆ نیشتمان. بەزۆری جلوبەرگی سەربازیی ساڵانی چل دەکرێتە بەر کوژراوەکان، بەڵام هەندێک جار ئەو جلوبەرگانە بەش ناکەن. سەربازەکان لە نێوان خۆیاندا دەدوێن: "تەرمی نوێیان هێناوە بۆ سارداو. ئەوێ بۆنی بەرازی کێویی تۆپیوی لێ دێت..." من سەبارەت بەوە دەنووسم. دەترسم لە ماڵەوە کەس بڕوام پێ نەکات. ئاخر ڕۆژنامەکانمان سەبارەت بە بلواری دۆستایەتی دەنووسن کە گوایە لێرە لەلایەن سەربازەکانی سۆڤیەتەوە بنیات دەنرێن.
لەگەڵ سەربازانی لاو دەکەومە دەمەتەقێ. زۆربەیان خۆبەخشانە ڕوویان لێرە کردووە و خۆیان داوای خزمەتی سەربازییان کردووە. بۆم دەردەکەوێت زۆربەیان لە بنەماڵە زیرەکەکانن، کچان و کوڕانی مامۆستا و پزیشک و فەرمانبەرانی کتێبخانەکانن... بە کورتی: منداڵی خەڵکانی کتێبدۆستن. هەر بەڕاستی خەونیان بەوەوە دەبینی لە بنیاتنانی سۆسیالیزمدا هاوکاری گەلی ئەفگانستان بکەن. ئێستا پێکەنینیان بە خۆیان دێت. لە فڕۆکەخانەکە شوێنێکیان پیشانم دا کە سەدان دارەبازی چینکۆیی لێ کەڵەکە کرابوون و بە پەنهانی لە ژێر تیشکی هەتاودا دەبریسکانەوە. ئەو ئەفسەرەی یاوەریی منی دەکرد، لەخۆوە گوتی: "کێ ناڵێت دارەبازی منیش لێرەدا نییە... ئەو دارەبازەی کە دواتر تەرمی منی تێ دەکەن... هەر بەڕاستی من لێرە لە پێناوی چیدا دەجەنگم؟" کەچی یەکسەر لە وشەکانی خۆی ترسا و گوتی: "تکایە ئەوانە مەنووسە!"
شەو خەونم بە کوژراوەکانەوە بینی. هەموویان نیشانەی سەرسووڕمان بە ڕووخساریانەوە بوو: "بۆچی مردووم؟ هەر بەڕاستی مردووم؟"
لەگەڵ پەرستاراندا چوومە بنکەیەکی تەندروستی بۆ خەڵکی مەدەنیی ئەفگانستان و دیاریمان پێ بوو بۆ منداڵان: کەرەستەی گەمە و کولیچە و نوقڵ. بڕیار بوو من پێنج دانە بووکەڵەی ورچ دابەش بکەم. گەیشتین، نەخۆشخانەکە قشڵەیەکی زۆر درێژ بوو. هەر تەختەیەکی نووستن تەنیا بەتانییەکی بەسەرەوە بوو. ژنێکی گەنجی ئەفگانی کە منداڵێکی ساوای بە باوەشەوە بوو، لێم نزیک کەوتەوە. دەیویست شتێک بڵێت. لەو دە ساڵەدا هەرکەسە کەمێک ڕووسی فێر ببوو. ورچۆکەیەکم دا بە منداڵەکە و بینیم بە ددان هەڵی گرت. بە سەرسووڕمانەوە پرسیم: "بۆچی بە ددان هەڵی گرت؟" ژنەکە پەتووی سەر کوڕەکەی لابرد و بینیم هەردوو باڵی لە دەست داوە: "ئەوە کاری بۆمبا ڕووسییەکانی تۆیە!" خەریک بوو بکەومە زەوی، بەڵام کەسێک منی گرتەوە.
من بینیم چۆن موشەکە گرادەکانی ئێمە گوندەکان دەکەن بە کێڵگەی کێڵدراو. لە گۆڕستانێکی ئەفگانی بووم بە ئەندازەی گوندێک درێژ و پان بوو. لە شوێنێکی ناوەڕاستی گۆڕستانەکەوە ژنێک هاواری کرد. هاوار و کڕووزانەوەی دایکێکی خەڵکی گوندێکی نزیک مینسک-م بیر کەوتەوە کاتێک تەرمی کوڕەکەیان لە دارەبازێکی چینکۆییدا بۆی هێنایەوە. ئەوە نە هاوارێکی مرۆڤانە بوو، نە ئاژەڵانە... ئەوە هاوارێک بوو کتومت وەک هاواری ئەو ژنەی گۆڕستانەکەی ئەفگانستان...
دانی پێدا دەنێم کە من یەکسەر ئازاد نەبووم. لە بەرامبەر پاڵەوانەکانم ڕاستگۆ بووم و ئەوانیش متمانەیان بە من هەیە. هەریەکەمان ڕێگەی تایبەتی خۆی هەبوو بەرەو ئازادی. تا چوونم بۆ ئەفگانستانیش باوەڕم بە سۆسیالیزمێک هەبوو بە ڕووخسارێکی مرۆڤانەوە. دوای گەڕانەوەم چوومە سەردانی باوکم و گوتم: "باوکە گیان، بمبوورە. هەموو وەهمەکانم لەوێ بەجێ هێشت و گەڕامەوە. تۆ منت لەسەر ڕێبازی بڕوابوون بە ئیدیالەکانی کۆمۆنیزم پەروەردە کرد، بەڵام کاتێک بە چاوی خۆم بینیم چۆن گەنجان و خوێندکارانی سۆڤێتی، وەکو ئەوانەی کە تۆ و دایکم وانەیان پێ دەڵێنەوە (دایک و باوکم مامۆستا بوون لە قوتابخانەی گوندێک)، لە سەرزەمینێکی بێگانە مرۆڤ دەکوژن، هەموو وشەکانت بوون بە تەپ و تۆز. بابە، ئێمە مرۆکوژین، مرۆکوژ! تێدەگەیت؟" باوکم دەستی بە گریان کرد.
زۆر کەس لە ئەفگانستان بە ئازادی گەڕانەوە. بەڵام من نموونەیەکی تریش پێ دەزانم. لەوێ، لە ئەفگانستان پیاوێکی گەنج هاواری بەسەرمدا کرد: "تۆ وەک ژن چی دەربارەی جەنگ دەزانیت؟ تۆ پێت وایە مرۆڤەکان لە جەنگدا بەو جۆرەی لە کتێب و فیلمەکاندا هەیە، دەمرن؟ لەوێ بە شێوەیەکی جوان دەمرن. دوێنێ هاوڕێیەکم لە شەڕدا کوژرا. گولـلەیەک بەر سەری کەوت. پێش ئەوەی گیانی دەربچێت، 10 مەتر ڕای کرد. دەستی بە سەرییەوە گرتبوو بۆ ئەوەی مێشکی نەڕژێت!"... بەڵام هەر ئەو پیاوە گەنجە کە دوای شەڕ ببوو بە سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو، دوای 10 ساڵ بە خۆشحاڵییەوە باسی ئەفگانستانی بۆم گیڕایەوە. ڕۆژێک تەلەفۆنی بۆم کرد و گوتی: "کتێبەکانت بە کەڵکی چی دێن؟ زۆر ترسناکن!" ئەو ئیدی مرۆڤێکی تر بوو. ئەو کەسە نەمابوو کە من لە ناو جەرگەی جەنگدا دیبووم و خوازیار بوو لە تەمەنی بیست ساڵیدا خۆی بە کوشت بدات...
لە خۆمم پرسی دەمەوێت ڕۆمانێکی چۆن دەربارەی جەنگ بنووسم؟ خوازیار بووم سەبارەت بە مرۆڤێک بنووسم کە تەقە ناکات و ناتوانێت گولـلە بە مرۆڤێکی ترەوە بنێت، مرۆڤێک کە تەنانەت بیرکردنەوە لە شەڕیش ئازاری بدات. ئەو مرۆڤە لەکوێیە؟ من هێشتا پێی نەگەیشتووم.
1990-1997
تەنیا ئەدەبیاتی ڕووسی دەتوانێت باس لەو ئەزموونە گەورەیەی وڵاتێک کە سەردەمانێک گەورە و بەرفراوان بووە، بکات و هەر ئەمەیشە ئەدەبیاتی ڕووسی سەرنجڕاکێش دەکات. زۆر جار پرسیارم لێ کراوە: "بۆچی بەردەوام دەربارەی بابەتی تراژیدی دەنووسیت؟" لە وەڵامدا گوتوومە و دەڵێم: چونکە ئێمە وا دەژین. ئێمە ئێستا ئەگەرچی لە وڵاتگەلی جیاوازدا دەژین، بەڵام مرۆڤی "سوور" لە هەموو شوێنێک هەیە، مرۆڤی ئەو ژیانە بەم بیرەرەوەرییانەوە.
دەمویست ماوەیەکی درێژ هیچ سەبارەت بە چێرنۆبل نەنووسم. نەمدەزانی بە چی ئامرازێک و لەکوێوە دەست پێ بکەم! ناوی نیشتمانە بچووک و نادیارەکەم کە پێشتر بە ئاستەم جیهان پێی ئاشنا بوو، لەپڕ لە ئەوروپا کەوتە هەموو زمانەکانەوە و ئێمەی خەڵکی بیلاڕووسیا ناومان لێ نرا گەلی چێرنۆبڵ. ئەوە یەکەم پەیوەندیکردنمان بوو بە نادیارەوە. ئێستا هەموو شتێک ڕوونە: هاوتەریب لەگەڵ کێشەکانی کۆمۆنیستی و نەتەوەیی و ئاینیدا کێشەی تری زۆر خراپتر و گشتگیر کە تا ئێستا هەستمان پێیان نەکردبوو، چاوەڕێمان دەکەن. هەندێک لەوانە لەگەڵ چێرنۆبڵدا وەدەرکەوتن.
تووڕەبوونی شۆفێرێکی تاکسیم لە بیرە کاتێک کۆترێک خۆی کێشا بە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکەیدا: "هەموو ڕۆژێک دوو تا سێ باڵدار مردار دەبنەوە، کەچی لە ڕۆژنامەدا دەنووسرێت بارودۆخ جڵەو کراوە."
هەرچی گەڵای داری پارکەکانی شارە کۆ کرایەوە و لە دەرەوەی شار خرایە ژێر زەوییەوە. زەوییە ژەهراویبووەکان تاشران و خرانە ژێر خاکەوە، واتە خاک لە خاکدا شاردرایەوە. گیا و دار و درەخت خرانە ژێر خاکەوە. لەوە نەدەچوو خەڵک بە تەواوی هۆشیان بە خۆیانەوە مابێت. هەنگوانێکی بەتەمەن گێڕایەوە و گوتی: "بەیانیان زوو دێمە باخەکەم و هەست دەکەم شتێک کەمە، دەنگێکی ئاشنا... ویزەی تاکە هەنگێکیش نابیستم! چی قەوماوە؟ چی؟ ڕۆژی دووەم و سێیەمیش بەسەر گوڵەکانمدا نەفڕین... دوایی بیستمان لە سەنتراڵی ئەتۆم و زۆر نزیک لە ئێمە ڕووداوێک قەوماوە. بەڵام ئێمە ماوەیەکی درێژ هیچمان لەو بارەیەوە نەزانی. هەنگەکان پەییان بە کارەساتەکە بردبوو، بەڵام ئێمە نا!"
ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکان دەربارەی تەقینەوەکەی چێرنۆبڵ تژە بوون لە زاراوەکانی جەنگ: تەقینەوە، قارەمانەکان، سەربازەکان، چۆڵکردن و ڕاگواستن... کارمەندانی کەی بی جی لە سەنتراڵەکەدا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردبوو و بە دوای سیخوڕ و تێکدەردا دەگەڕان، چونکە دەنگۆی ئەوە هەبوو تەقینەوەکە چالاکییەکی نەخشە بۆ کێشراوی ڕۆژئاوا بێت و بە مەبەستی لاوازکردنی دۆخی سۆسیالیزم ئەنجام درابێت. تەکنیکی سەربازی و سەرباز بۆ چێرنۆبڵ بە ڕێ کران. سیستەم وەک پیشەی باوی خۆی، سەربازییانە مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکەدا کرد، بەڵام سەرباز بە چەکی هەرە نوێوە فیگورێکی تراژیدی بوو لەو جیهانە نوێیەدا و تەنیا یەک شتی لە دەست دەهات: بڕێکی زۆر تیشکی کارا دەچووە لەشییەوە و دوایی لە ماڵەوە دەمرد.
مرۆگەلی پێش چێرنۆبڵ لەبەر چاوی خۆم بوون بە مرۆگەلی دوای چێرنۆبڵ.
مرۆڤ ناتوانێت تیشکی کارا ببینێت، بیگرێت یان بۆنی بکات... هەموو شتێک لە دەروبەرمان ئاشنا و هەمان کاتیش نامۆ بوو. کاتێک چوومە زۆنی ڕووداوەکە، بە خێرایی ئاگادار کرامەوە: گوڵ مەچنە، لەسەر چیمەن دامەنیشە، ئاوی بیر و سەرچاوەکان مەخۆرەوە... لە هەموو لایەک لوورەی مەرگ دەهات، بەڵام ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان مردنێکی جیاواز بوو، ماسکی نوێ و پۆشاکی نامۆی پۆشیبوو. کەسانی بەساڵاچووی سەردەمی جەنگ دووبارە ڕاگوێزران. ئەوان بۆ ئاسمانیان دەڕوانی: "هەتاو بەدەرەوەیە... دووکەڵ و مژ بەری ئاسمانی نەگرتووە. دەنگی تەقە نایەت. خۆ ئەمە شەڕ نییە؟ کەچی سەرباری ئەوەیش ئێمە ئێستا پەنابەرین.!"
بەیانیان هەمووان پەلاماری ڕۆژنامەکانیان دەدا و یەکسەریش دایاندەنانەوە: هێشتا هیچ سیخوڕێک دەستگیر نەکراوە... تەنانەت وشەیەکیش دەربارەی دوژمنانی گەل نەدەبینرا. جیهانێکی بێ سیخوڕ و بێ دژمنانی گەل جیهانێکی بە خەڵک نامۆ بوو. شتێکی نوێ دەستی پێ کرد. دوای ئەفگانستان، چێرنۆبل ئێمەی گۆڕی بۆ مرۆڤی ئازاد.
لە بۆچوونی مندا جیهان خۆی فراوانتر کرد. لە زۆنی ڕووداوەکەدا هەستم نەدەکرد بێلاڕووسیایی، ڕووسیایی یان ئۆکرانیایی بم، بەڵکو هەستم دەکرد نوێنەری بوونەوەرێکی بایۆلۆژیم کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون بووەتەوە. دوو کارەسات یەکیان گرتبوو: ئاوابوونی خۆری بلۆکی سۆسیالیزم و ڕووداوی چێرنۆبڵ. ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریا هەمووانی سەرقاڵ کردبوو: خەڵک لە خەمی ژیاندا بوون، چۆن بژین و پارەیان لەکوێ بوو بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان؟ باوەڕیان بە چی هەبێت؟ لەمەودوا لە ژێر کام ئاڵادا کۆ ببنەوە؟ یان پێویست بوو خۆیان ڕابهێنن بێ ئایدۆلۆژیای گەورە بژین؟ ئەمەی دواییان زۆر نامۆ بوو پێمان، چونکە هەرگیز بەو جۆرە نەژیابووین. مرۆڤی "سوور" سەدان پرسیاری لە خۆی دەکرد. لە هیچ سەردەمێکدا بە ئەندازەی ڕۆژانی سەرەتای ئازادی تەنیا نەببوو. من بە کەسانی سەرسووڕماو دەور درابووم و گوێم بۆیان ڕادەگرت.
لێرەدا دەفتەری بیرەوەرییەکانم دادەخەم...
چیمان بەسەر هات کاتێک ئیمپراتۆریا ڕووخا؟ پێشتر جیهان بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوو: بکوژ و قوربانییەکان؛ ئەوە کامپەکانی گولاگ بوو-خوشک و برایان. ئەوە لە جەنگدا بوو – ئەوە سەردەمی تەکنەلۆژیا و جیهانی هاوچەرخ بوو. هەروەها پێشتر جیهان بەسەر زیندانیکراوان و زیندانیکەراندا دابەش کرابوو. ئەمڕۆیش بەسەر سلاڤی و خوازیارانی بە ڕۆژئاواییبووندا و بەسەر ناپاکانی نیشتمان و نیشتمانپەروەراندا دابەش بووە. هەروەها بەسەر هەندێکدا کە دەتوانن شت بۆ خۆیان بکڕن و هەندێکیشدا کە ناتوانن شتێک بۆ خۆیان بکڕن، دابەش بووە. دەتوانم بڵێم ئەمەی دواییان خەمگینترین تاقیکردنەوەی دوای سۆسیالیزمە، چونکە تا ماوەیەکی کورت لەوەوبەر هەموویان یەکسان بوون. مرۆڤی "سوور" نەیتوانی بگاتە ئەو عەرشی ئازادییەی کە لە کاتی دانیشتندا لە ئاشپەزخانە خەونی پێوە بینیبوو. ڕووسیا بێ ئەو مرۆڤە دابەش کرا و ئەو تەنیا هیچی بە دەستەوە مایەوە؛ شکۆ شکێندراو و تاڵانکراو، توندڕۆ و ترسناک.
ئەو شتانەی کە لە گەشتمدا بە ڕووسیادا بەر گوێم کەوتوون:
- مۆدێرنیزەکردن لای ئێمە تەنیا بە زیندانکردن و گولـلەبارانکردن مەیسەر دەبێت.
- مرۆڤی ڕووس وا دەکەوێتە بەرچاو وەک ئەوەی نەخوازێت دەوڵەمەند بێت و تەنانەت ترسی لە دەوڵەمەندی هەیە. باشە چی دەوێت؟ ئەو هەمیشە یەک شتی دەوێت: ئەوی تر دەوڵەمەند نەبێت، لەم دەوڵەمەندتر نەبێت.
- لای ئێمە مرۆڤی سەرڕاست نادۆزیتەوە، بەڵام دیندار زۆرن.
- دەبێت کاتێکی زۆر چاوەڕێ بکەین تا نەوەیەک پێ دەگات کە تێهەڵدانی نە خواردبێت؛ مرۆڤی ڕووس لە ئازادی تێناگات، ئەو پێویستی بە کازاخ و قامچییەکانی دەستیان هەیە.
- شەڕ و گرتووخانە دوو گرنگترین وشەی زمانی ڕووسین. شتێک دەدزێت، خۆشحاڵ دەبێت، دەستگیر دەکرێت... ئازاد دەکرێت و دیسان دەستگیر دەکرێتەوە.
- پێویستە ژیانی ڕووس خراپ و ناشاد بێت بۆ ئەوەی ڕوح بەرز ببێتەوە و حاڵی بێت کە سەر بەم دنیایە نییە... تا هەموو شتێک زیاتر لە قرێژی و خوێندا بێت، ڕوح پانتایی فراوانتر بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.
- نە هێز هەیە و نە کەمێک شێتی و نە جەربەزەیی بۆ شۆڕشێکی نوێ. مرۆڤی ڕووس پێویستی بە ئایدۆلۆژیاکە تووکی جەستەی ڕەپ بکات.
- ژیانمان لە نێوان پاشاگەردانی و گرتووخانەدا دێت و دەچێت. کۆمۆنیزم نەمردووە، هێشتا ڕوح لە تەرمەکەیدا ماوە.
بەوپەڕی بوێرییەوە دەڵێم ئەو هەلەمان لە دەست دا کە لە ساڵانی نەوەددا هەمان بوو. لە وەڵامی پرسیاری: "ئایا ئێمە وڵاتێکی چۆنمان دەوێت، بەهێز یان مرۆیی کە هەموو کەسێک باش تیایدا بژی"دا بڕیار درا بۆ: وڵاتێکی بەهێز... ئێستا دیسان سەردەمی هێزە. ڕووسەکان لە دژی ئۆکرانیا شەڕ دەکەن، دژی براکان. باوکم بێلاڕووس و دایکم ئۆکرانیایییە. زۆر کەسی تریش هەمان دۆخیان هەیە. فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا سوورییەکان بۆردوومان دەکەن...
بە دوای سەردەمی ئومێددا سەردەمی ترس هات. زەمەن بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، زەمەنی دەستی دوو...
ئەمڕۆ من دڵنیا نیم لەوەی داخۆ بەسەرهاتی مرۆڤی "سوور"م تا کۆتایی نووسیبێت...
من سێ ماڵم هەیە: زێدی خۆم بێلاڕووس، نیشتمانی باوکم و ئەو وڵاتەی کە هەموو ژیانی خۆمم تێدا بەسەربردووە... ئۆکرانیا، نیشتمانی دایکم و شوێنی لە دایکبوونم... و کولتووری دەوڵەمەندی ڕووسی کە بێ وی ناتوانم پێشبینیی هەبوونی خۆم بکەم. ئەوانە هەموویان لەکن من خۆشەویست و بەنرخن. بەڵام لەم سەردەمەی ئێمەدا ئاخاوتن دەربارەی خۆشەویستی کارێکی دژوارە.

 

 

سەرچاوە: galawej