دەبا ئاگامان لە کەلتور و مێژووەکەمان بێت

جەمیل مەلاقەرە

هەر گەڵێک ئاگای لە کەلتور و بەرخۆدان و مێژووەکەی خۆی نەبێ بێگومان ئەو گەلە هەرگیز بە مراد و مەخسودی خۆی ناگا، لە بەحری زوڵەماتتدا دەژی، هەمیشە کۆیلە و بندەستی گەلانی دیکە و کەلتوورەکەشی تووشی شێواندن و چەواشەکردن دەبێت. بە حوکمی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە هونەر و ئاواز و ئەدەبیاتی کوردەکانی پشت قەوقاز باڵکێشی کردووم، لەوسەری وڵاتانی قەوقازستان بۆ ئەو سەری تەی دەکەم، لەو دەرگا بۆ ئەو دەرگا، لەو دەوار بۆ ئەو دەوار و هۆبە بە هۆبە لە کازاخستانەوە تا ناو رەشماڵانی کوردانی بناری چیای ناوداری ئەلەگەز بە دوای کەلتوری ئەو کوردگەڵە شوونبزرەدا دەگەڕێم، دیارە لەناو ئەرشیفی ئاواز و سترانەکانی رادیۆی کوردی یەریڤانیشدا گوێم لە سترانێک دەبوو بە ناوی (هێدی باژۆ) کە دەنگبێژ مەملیێ خەمۆ دەیچڕی، بە تەئکید دەمزانی لە پشت هەر لاوکێک و ئاوازێکی غەمگیندا چیرۆک و رووداوێکی دڵتەزێن و تراژیدی یان نەبەردییەک، شۆڕەسوارێک، عەگیدێکی ئەو کوردەواریە خۆی حەشار داوە، بۆیە دەمزانی ئەو کەڵامەش بەدەر نیە لە لاپەڕەیەکی دیرۆکی ئەو کوردە پەڕتەوازە و ستەمدیدەیە بەتایبەت کوردانی پشت قەوقاز، ئێستاش کە دەمی هەر یەکێک لە بەساڵاچوەکانیان دەکەیتەوە و دەیاندوێنی بە داخ و حەسرەتەوە ئەو رۆژگارە رەشەی خۆیان باس دەکەن و ئەو بێدادی و ستەمە بە بیرمان دەهێننەوە کە دەوڵەتی تورکیا لێیکردوون، لە ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەڤەری قارسێ هەڵیقەندوون و تاڵان و ئاوارەی تاراوگەی کردوون، بە تایبەت کوردە ئێزیدییەکانی ئەرمەنستان و گورجستان وەکو ئەرمەنەکان ئەوانیش زوڵمزەدەن چۆن بەناو بەفر و سەرما و سەقەمدا و بە رووت و رەجاڵی هەریەکەیان وەکو برایمی مەلا زێندێن لە چلەی زستانێ بەفر لە چۆکانێ لە ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان دەردەکرێن.

بە رەزاڵەت و چەرمەسەری
 تەواوی پاتاڵ و مەڕوماڵات و پێداویستی ژیانیان جێدەهێڵن، ئەوەی لێیان کوژرا کوژرا و ئەوەی لە رێگا مردن و ئەوەی دیکەیشیان کە مانەوە و لە کوشتن دەرباز بوون بە رەزاڵەت و چەرمەسەری بەناو دۆڵ و نهاڵ و دەشتی چەقێن و پڕ لە دڕک و داڵ و رەوەزە بەرد بە زگی برسی و دەستی تەزیو و هیلاکی و نەخۆشی، جەندرمەی تورکی موسڵمان بە تەقەکردن بەدوایانەوە رایانکردووە و بەرەو بناری کێوی سەر بەتەمی ئارارات و لە ڕووباری ئاراس بە مەشەقەت پەڕیونەتەوەو خۆیان گەیاندوتە ناو کەوشەنی ئیمپڕاتۆریەتی رووسیاو لە مردن دەربازیان بووە، بەتایبەت ئەگەر کتێبی ( هەوار ) حاجی جندی و بیرەوەری جاسمێ جەلیل و رۆمانی (شڤانی کوڕمانجا) ی عەرەبی شەمۆ بخوێنیتەوە بێگومان بۆ یەک چرکەش لە سوێی ئەو کارەساتەدا فرمێسک لە چاوت وشک نابی، وێرای ئەوەش لەناو دەیان ستران و کەڵامی برا ئێزیدیەکان لە ئەرمەنستان ئەو تراژیدیا و رەشەکوژیەی خۆیان بەرجەستەو باس دەکەن ... دووساڵ لەمەوپێش لە فەیسبووک و ئەو تێک تۆک و مێک تۆکە کەسانێکی بێ ئاگا لەو مێژووە تاڵە ئەو سترانەیان کردبوو بە گاڵتەجاڕی بەهۆی کەوتنیان بە ناو بەفرو شەختەدا، ئەوکات من زۆر لەو کارە پیشم دەخواردەوە و دەمزانی ئەوە دەبێتە بریندارکردنی هەستی برا ئێزیدیەکانمان و سوکایەتی کردن بە قارەمانێکی بریندار و شەهیدی وەکو خەلێلی عەجەمی ئەو کوردەواریە.
هەندێکیان بێ ئاگایی خۆیان
 دیارە کەناڵی تەلەفزیۆنی رووداو چووە دەربارەی ئەو سترانە و چیرۆکە شاراوەکەی پشت ئەو سترانە لە شەنگال پرسیاری لە چەند کەسێکی خوێندەوار و ئۆلپەرست کردووە ئەوانیش هەندێکیان بێ ئاگایی خۆیان دەربڕیوە و خۆیان لێ نەبان کردووە و یەکێکیشیان هەر لە خۆوە حەکایەتەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ شەڕەکانی برایم پاشای میللی لەگەڵ دەوڵەتی تورکاندا، بە داخەوە ئەوە بێ ئاگاییە لە مێژووی ئێزیدیەکان و گوێنەگرتنە لە دەقی سترانەکە کە بە هیچ شێوەیەک باس لە برایم پاشا ناکات، بەڵکو باس لە قارەمانێک دەکات بەناوی خەلیلێ عەجەم، خۆزگە عەگیدی جمۆ میری بلوور و سازبەندی رادیۆی یەریڤان ئێستا لە ژیاندابوایە ئەو مەتەڵەی بە سووک و ئاسانی بۆمان هەڵدەهێنا، ئەوەی من بە راستی دەزانم ئەو سترانە گێڕانەوەی بەشێک لە تراژیدیای رەشەکوژی برا ئێزیدیەکان و هەڵاتنیان بۆ ناو دەوڵەتی رووسیا و پشت قەوقازە، خۆ ئەگەر بە وردیش گوێ لە گۆرانیەکە بگرێ باسی شەهیدبوونی خەلیل عەجەمی قارەمان لە سبەینەکی ساردو تەماوی و سەر رووبارێکی بەهاژو هوژ (دەبی رووباری ئاراس بی) دەکات کە بە گولەی دوژمن سەرەتا بریندار بووەو کوژراوە، وا پێدەچێ خەلیل لە شەڕێکی وادا یان هەر لەکاتی ئەو هەڵاتن و کۆچڕەوەکەدا بۆ دەربازکردنی خەڵکە سڤیلەکە ئەو لە قوونەشەڕ دابووە لەگەڵ تورکەکان و قارەمانانە شەڕی کردووە بۆ بەرگری لە گیانی پیرو منداڵی ئاوارە ڕاکردووەکان هەر بۆیە ئەو لاوکە یان سترانە وەکو شیعرەکەی شێرکۆ بێکەس داوا لە کاروانەکە دەکات کە هێواش باژۆن با خەلیلی بریندار (کە پاشان شەهید دەبی) لەسەر پشتی ئەسپی بۆزی نەکەوی وگۆڕەشار نەدرێ و ئازاری زیاتر نەچێژی، دیارە ژن ومنداڵەکانیش کە زۆر ماندوو شەکەت بوونە لەو کۆچڕەوە پێویستیان بە پشوو و هێواش رۆیشتنە، بێگومان لەناو مێژووی قەومێکی رەشیدو ئازای وەکو ئێزدی زۆڵملێکراودا دەیان داستان و نەبەردی هاوشێوەی خەلیلی عەجەم و فلیتی قەتۆ و خەلەفی مسۆی داکۆکیکار لە میری بۆتان و چیرۆکی دەروێشی عەبدی تۆمار کراوە و لەلایەن بەیتبێژو دەنگبێژانەوە وتراوە، بەڕاستی لێکچوونێکی زۆر سەیر دەبینم لە نێوان ئەو سترانە و شیعرەکەی شێرکۆ بێکەس کە لە کەشکۆڵی پێشمەرگەدایەو لەویش بە هەورەکە دەڵێ : نەرم نەرم ببارە بەسەر کاکۆڵی ئەو شەهیدە، (نەرم نەرم ببارە) و لەولایش (هێدی هێدی باژۆ) بەستنەوەی دوو رووداوی شەهید بوونی دوو گیانفیدای دەڤەری قارس کە ئەوپەڕی سەر حەددی باکووری کوردستانە و شەهێدێکی دیکە لە گەرمیان و ئەوپەڕی مەرزو تخومی باشووری کوردستانە!

دەقی سترانەکە:

هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، گەلە سیارا
دە هەی لێ، وای، سبەیە، دلێم خەما ل خەمێدا
وەی لێ، وەی سبەیە، دلێم خەما لێ د خەمێدا
ئە برا سیار و پەیایێ مە سیار بوونە،خوە دانە بەر پەرێ ئەزمینە، نا وەڵڵا ڕووبارێ د مژێدا
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ بریندارم
خوە دانە بەر پەرێ ئەزمانا، نە وەڵلا ڕووبارێ د مژێدا 
گولەیەکێ بەری بەدەنا خەلیل عەجەم سیارێ بۆزی چاڤڕەشدانە
من دێرانێ، گولە مایە هەستیێ د چۆکێدا
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، بریندارم

هەی لێ وایێ، سبەیە خەلیل عەجەم ل ماڵ سیار بوو ئینا ناکێ
هەی لێ وایێ، سبەیە خەلیلێ عەجەم ل ماڵ دەرکەت ئینا ناکێ 
گوڵەو بارووتێ ڤی کافری سەر خەلیلێ عەجەمدا دبارە مینا تەڤییا ڤێ تەیرۆکێ
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، بریندارم

دبارە مینا تەڤییا ڤێ تەیرۆکێ
گولەیەکی بەری بەدەنا خەلیلێ عەجەم، سیاری بۆزی چاڤڕەش دانە
من دێرانێ، گولە مایە هەستیێ چۆکێ
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، گەلە سیارا

وەی لێ وایێ، سبەیە، سـوڕا سار تێ
وەی لێ وایێ، سبەیە، سوڕا سار تێ
وەیلا من  دێرانێ، گولە بارووتێ ڤی کافرێ سەر خەلیلێ عەجەمدا لێ چامکال تە
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، بریندارم

ئەوەش بڕگەیەک لە لاواندنەوەکەی شێرکۆ بێکەس بۆ شەهێدێکی کوردستان کە لە کەشکۆلی پێشمەرگەدا بڵاوبۆتەوە  :
هۆ لوتکەی بەرز !
ئەوا ئێستە ئەگەنە لات
مل هەڵبڕەو بەو هەورە تەنیایە بڵێ
کە گەیشتنە سێبەرەکەی
نمە .. نمە  .. با ببارێ
مل هەڵبڕەو سووک پێی بلێ
شــەهیدێکیان لە گەڵدایە
ئەڕواتەوە بۆ دێیەکەی خۆی
لەوێ ئـەنوێ
سووک پێی بڵێ
شەهیدێکەو تینویەتی و ئاوی ئەوێ!

 

 

سەرچاوە: knwe