لەتیف فاتیح فەرەج
وادیارە ئیتر سات و وەختی سەرژمێری ڕۆژ بەڕۆژ نزیکتر دەبێتەوەو لایەنی کوردیش وەک پێویست مەترسیەکانی سەر ناوچەدابڕێنراوەکان نابینێت، یان ئەگەر بیشیانبینێت،چارەسەرێکی ئەوتۆی پێ نیە، من لەماوەی بەرێدا چەندین جار بەنووسین وبەرنامەی تەلەفزیۆنی مەترسی سەر ئەو ناوچانەی سنوری مادەی سەت و چلم نیشانداوە، بەڵام کێشە ئەوەیە، دەنگ و هاواری ئێمەزیاتر لە دەنگانەوەی نێو ئەشکەوت دەچێت و لایەنی پەیوەندیدار زۆرناجۆڵێت، یەکێک لەمەترسیە هەرە دیارەکانی سەرژمێری لەناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بەریەککەوتنی لەگەڵ دەستوری عێراقی دەبێ و لەتەک بەندی سەت و چلی دەستوراناکۆکە کەئەویان سەرژمێری دوای ئاسایکردنەوەی تیایە، ناکرێت سەرژمێریەکی ئەو ناوچانە سەرژمێریەکی دەستوری هەڵبوە شێنێتەوە، یەکەمیان دوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعس و گێڕانەوەی قەزاو ناحێ دابڕێنراوەکانە بۆ سەرکەرکوک و دوەمیان گوایە بەمەبەستی گەشە پێدانی هەمەلایەنەو فەرامۆشکردنی هەنگاوەکانی یەکەمە، ئەمە لەڕوی دەستوریەوە ناجۆرەو ناکرێت نە وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ونەلایەنی کوردی بەهیچ جۆرێک ڕەزامەندی بۆ دەربڕن.
خاڵێکی تر کەئەویش مەترسیە ئەگەر هیچ ئامانجێکی سیاسی و یاساییش لەپشت کردەکەوە نەبن وکارەکەبۆ زانینی داتاو ژمارەو زانیاری گشتیش بێت دیسان کێشەیەک هەیە کەناکرێت بەو جۆرە تێپەڕێت، ئێستا بەم دۆخەی ئێستاوەسبەی دەرئەنجامی سەر ژمێری پێمان دەڵێت حەویجە و ناحێکانی گەورەترین و پڕ حەشیمەتترین زۆنی کەرکوکن کە سەرجەم عەرەبن، لەبەرانبەر ئەمەدا هیچ یەک لەقەزاکانی چەمچەماڵ، کەلار،کفری، خورماتو نەگەڕێنراونەتەوە سەر کەرکوک ، واتە لەبارانبەر قەزایەکی گەورەی وەک حەویجەدا هیچ قەزایەکی کورد نشین نیەکەباڵانس ڕاست بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئایندەو بۆ زۆر بابەتی سیاسی و یاسای کێشەی گەورەن، سەیرە لایەنی کوردی بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم پرسە نەکردوە.
سەرژمێری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان مامەڵە کردنە لەگەڵ داتاوڕێژەو ژمارە لێرەوە دەبێت لەوە تێبگەین ئەگەر پرۆسەکە بەم جۆرە بڕوات ئەوە بەدەستی خۆمان بەشدار دەبین لە هەمان پرۆسەی عەرەباندنی بەعس لەهەفتاکان و هەشتاکان ونەوەدەکان، چونکە ئیدی ئەو داتاو ژمارانە دەچنە نێو دەفتەری سەر ژمێریەوەو دواتر ئەگەر قەزادابڕێنراوەکانیش بگەڕێنرێنەوە، هیچ لەداتاو ڕێژەو ژمارەکان ناگۆڕێت، بۆیە پێویستە لایەنی کوردی دیقەتی ئەم خاڵە بدات و هەڵوەستەی لەسەر بکات.
سەرژمێری تابڵێی کارێکی دروست و باشەو لەدنیای پێشکەوتودا لەوە دەرچووە دەساڵ جارێک بکرێت و مانگانە و ساڵانەو تەنانەت بەسەعات هەمو داتاو زانیاریەک دەچێتە بانکی زانیاری و پلانی حکومەتەوە، دواکەوتنی لەعێراق و کوردستان زیانی گەورەی لەبوارە جیاجیاکانی پیشەسازیو کشت و کاڵ و پەروەردەو تەندروستی و نیشتەجێبوون و زۆرلایەنی دیکە داوە ، بۆیە پێویستە وێڕای گرنگیەکەی مەترسیەکەی لەبەر چاو بگیرێت وقسەی حسابی لەبارەوە بکرێت.
سەرچاوە : سپی میدیا