تاڤگە سابیر
دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ ئاشنای ڕۆحی یەکتر بووین و
چوینەناو تۆفان و باو گەردەلوولەکانەوە
من بە دەستێکی بەتاڵ و دڵێکی خومارەوە
من بە گریانێکی تۆراو عەشقێکی بەتاڵەوە
ئەو بەبێدەنگیەکی قەشەنگ و تەنیایەکی گەورەو
دڵێکی بریندارەوە
چووینە ناو دڵی ئێوارەیەکانەوە
یەکەمین لاپەڕەمان ھەڵدایەوە
گەرچی یەکەمجار قسەیەکی ماندومان پێبوو بۆ ژیان و
ئەسیری پرسیار و عەشقێکی نەناسراو بووین
بەڵام ئەولە قوڵایەکانی ڕۆحیدا
زەردەخەنەیەکی سادەو عەشقێکی سپی ھەبوو
بۆ شەڕی مەرگ و سەمای ئێوارەکان
بە ھەشتێکی ھەبوو بۆ پەیوەندی
لەگەڵ ئاو و خواو ئاسمان و ئەستێرەکان
چرایەکی داگیرساند بوو لە دڵی کەناردا
چرایەک..
پێی وابوو ھەمیشە ئەدرەوشێتەوە
لەناو دڵی زستانە ساردو نسرمەکانیشدا کز .. ئەسوتێ و
بەناو باران و لافاو تۆفانەکانیشدا گەر تێپەڕێت
ڕێ وونناکات ..
ئەو... ھەمیشە بۆنی شەوەکانی دەکردوو
باسی ڕووتبونەوەیەکی ئەبەدی دەکرد
ڕووتبونەوەی ژێر باران و تۆفانەکان
ھەمیشە وەك زستانێکی تەزیوو
لە دڵی شەوەکاندادەنوست و
ھەناسەکانی بۆنی بەفریکی تازەیان لێدەھات
کەچی... لە کەنار ئێوارەیەکی غەمگینیشدا وونبوو
ئای...چ سەختە تەنیایی
تەنیاییەکی درێژ خایەنی دوای پێکەوە بوونێکی کوورت
چ کۆچێکی کوشندەیە
بۆنی ئاو و خۆرووتکردنەوە لە ئێوارەدا
چونکە ژیانیش جاروبار سەرمەستی خۆی شۆڕ دەکاو
دەیخاتە باوەشی ئێوارەکانەوە بۆ مردن
ئێوارانی دابڕان و ون بوونی ھەتاھەتایی
وەك کۆچ ئێوارانی تۆ..
وەك دابڕانی تۆ لە شیعرو لە عەش و لە مناڵی
دوای تۆ لە ئێوارەیەکدا کۆبووینەوە
تێگەیشتین لە ئەفسونی ژیان و حەقیقەتی مردن
لەوەھمی ئێورەکان و بەھەشتی پوچی ناو کتێبەکان
تێگەیشتین
لە دۆزەخی عەشق و پیاسەی بەتاڵ .