جمعە عبدالله
ئەم وتارە ڕێبەرێکی گشتگیرە بۆ دایک و باوکی ئەرێنی، کەتێیدا چۆن بتوانین ببین بە دایک و باوکێکی ئەرێنی و دروستکەر.
ئەرێنی بوونی دایک و باوک گرنگە، چۆن بتوانین پەیڕەویبکەین.
دایک و باوکی ئەرێنی تەکنیکێکی پەروەردەییە کە جەخت لەسەر درووستکردنی متمانە و ڕێز و سەربەخۆیی لە منداڵاندا دەکاتەوە. ئەم شێوازە یارمەتی منداڵان دەدات، بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و چارەسەرکردنی کێشەكانیان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پەیوەندی کاریگەر.
لێرەدا بنەماکانی دایک و باوکی ئەرێنی دەخەمەڕوو:
ـ ڕێزی هاوبەش: دایک و باوک بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن و چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەن، کە هەمان مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا بكەن.
ـ ڕێنمایی ئەرێنییانە: دایک و باوک ڕێنمایی منداڵەکانیان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی دروست، نەک ناچاریان بکەن.
ـ هاندانی ناوەکی: دایک و باوک جەخت لەسەر هاندانی منداڵەکانیان دەکەنەوە، بۆ ئەنجامدانی شتەکان بەبێ كەم و كوڕی، چونکە ئەوە ڕاستە، نەک لەبەر ئەوەی پاداشت یان سزایەک هەیە.
هەڵسوو کەوتی ئەرێنییانە، چەندین سوودی هەیە، هەندێک لەو سوودانە؛
ـ یارمەتی منداڵان دەدات بە تەندروستی گەشە بکەن.
ـ ژینگەیەکی تەندروست و شایستە دروست دەکات و ڕێگە بە منداڵان دەدات، بە خۆشی و سەربەستییەوە ڕای خۆیان دەرببڕن.
ـ متمانە و ڕێز بەرز دەکاتەوە، یارمەتییان دەدات متمانە بە خۆیان بکەن، وە بە کەسانی دەوروو بەریشیان. هەروەها ڕێزیان بۆ خۆیان و ئەوانی تر زیاد بكەن، ئاستی پەرەپێدان و تواناکانییان و چارەسەرکردنی کێشە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پێش دەخەن!
چۆن دەتوانیت دایکایەتی و باوكایەتییەكی ئەرێنییانە، لە ماڵەکانمان جێبەجێبکەین؟
نموونە: منداڵان زیاتر لە کردارەکانت فێر دەبن، نەک لە وشەکانت. دڵنییابە لەوەی کە بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەیت ڕەنگدانەوەی ئەو بەهایانە بێت کە دەتەوێت لە منداڵەکانتدا بیچەسپێنیت.
ـ بە شێوەیەکی کاریگەر پەیوەندی ببەستە: بە ڕوونی و ڕاستگۆیی لەگەڵ منداڵەکانت قسە بکە. پێشبینییەکانت ڕوون بکەوە بۆ یان و دەرفەتیان پێ بدە تا بیروڕا و هەستەکانیان هاوبەش بکەن.
ـ ستایشکردن و بەهێزکردن: چاودێری هەڵسوکەوتە ئەرێنییەکانی منداڵەکانت بکە و ستایش و پاڵپشتییان بکە کاتێک بە دروستی هەڵسوکەوتیان کرد.
ـ ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی چارەسەر بکە: کاتێک منداڵەکانت ڕووبەڕووی ناکۆکی دەبنەوە، یارمەتییان بدە بە شێوەیەکی ئەرێنی چارەسەری بکەن. فێریان بکە چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر پەیوەندی بکەن و ڕێز لە هەستی ئەوانی تر بگرن.
ـ هاوار بەسەر منداڵەکانتان مەكەن:
کاتێک منداڵێک هەڵسوکەوتی خراپ دەکات، دایک و باوک هەست بە توڕەیی یان نائومێدی دەکەن؛ لەوانەیە وا هەست بکەن کە هاوارکردن تاکە ڕێگایە بۆ وەستاندنی هەڵسوکەوتی خراپ. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوارکردن کاریگەری نییە لە گۆڕینی ڕەفتار. لە ڕاستیدا، لەوانەیە ئەنجامی خراپی هەبێت.
لە جیاتی هاوارکردن بەسەر
منداڵەکانیان، دایکان و باوکان دەتوانن ڕێگایەکی ئەرێنی تر تاقی بکەنەوە.
بۆ نموونە:
دەتوانن بە هێمنی قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، بۆ منداڵەکانتان ڕوون بکەنەوە کە بۆچی بە ڕەفتارەکەی دڵخۆش نین.
هەڵبژاردنی گونجاو بۆ منداڵەکانتان پێشکەش بکەن، و
دەرەنجامەکانی هەڵسوکەوتە خراپەکانیان دیاری بکەن.
چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان؛
کاتێک منداڵان ڕووبەڕووی ناکۆکی دەبنەوە لەگەڵ خوشک و براکانیان یان هاوڕێکانیان، گرنگە دایکان و باوکان یارمەتییان بدەن، بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی ئەرێنی.
بەم شێوەیە:
ـ گوێ لە هەردوولا بگرە: دەرفەت بدە بە هەردوو منداڵەکە، بۆ ئەوەی هەست و بۆچوونەکانیان هاوبەش بکەن.
یارمەتی منداڵان بدە کێشەکە بدۆزنەوە، بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی ناکۆکییەكان.
یارمەتی منداڵان بدە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
گرنگە دایکان و باوکان بێلایەنبن، لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ستایش و پاداشت:
کاتێک منداڵ باش هەڵسوکەوت دەکات، گرنگە دایکان و باوکان سەرنجی هەڵسوکەوتە ئەرێنییەکان بدەن. ئەوان دەتوانن ئەمە لە ڕێگەی ستایشکردن، یان پاداشتەوە ئەنجام بدەن. ستایشکردن و سوپاسگوزاری دەربڕینێکی سادەیە، بۆ دایکان و باوکان دەتوانن بە منداڵەکانیان بڵێن:
ئەمە زۆر سەرنج ڕاکێشبوو، ئەم ڕەفتارەت زۆر نایاب بوو، یان ئەم كارەی تۆ باشترین بوو، سوپاس بەهیوای بەردەوامی.
پاداشت شتێکی بەرجەستەییە کە دەدرێت بە منداڵ، کاتێک باش هەڵسوکەوت دەکات. پاداشتەکە دەتوانرێت شتێکی ئاسان بێت، وەک کاتی زیادە بۆ یاریکردن یان خوێندنەوەی چیرۆکێک پێش خەوتن.
چونكە ئەمە یارمەتی منداڵەکە دەدات تێبگات، کە هەڵسوکەوتی باش سوودی هەیە.
سەرچاوە : خەندان