نزار سابیر
داگیرکردنی تاریکي ڕۆمانێکی ڕۆماننووسی بەناوبانگمان، بەختیار عەليیە و لە ٢٠٢٠دا بڵاو بووەتەوە. ڕۆمانەکە لە ٧٢٢ لاپەڕەدا مێژووی کارەساتباری پرۆسەی وەرگەڕانی کەلتووريی ئینسانی کوردمان لە دەوڵەتی نوێی تورکدا لەڕێی بەسەرهاتی چەند کاراکتەرێکەوە بۆ کورت و کۆ دەکاتەوە. سەرنجکێشي و هاوکات کاریگەريی ڕۆمانەکە پێش هەر شتیك لەوەدایە، کارەساتەکەمان لە چاوی تورکەوە، کە لایەنە ستەمکارەکەیە، بۆ دەگێڕێتەوە. کورد، کە قوربانيیەکەیە، تەنیا "ئەوانی دیکە"ێەکن، کە بە گشتي لە پەراوێزێکی پەرش و پچووکی ئیدراکی کۆمەڵگە دەستڕۆیشتووەکەی تورکدا دەردەکەون و دەنگیان لێوە نایە. ئەم دەنگلێوەنەهاتنە کڕۆکی مژاری ڕۆمانەکەیە.
چیرۆکەکە بەوە دەستپێدەکا، بەیانيیەکیان عیسمەت ئۆکتای، کە تورکێکی نەژادپەرستی سەر بە ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانە، لەخەو هەڵدەستێ و لەپڕ بۆی دەردەکەوێ زمانی تورکيی بیرچووەتەوە و لەجێی ئەوە بە زمانێک دێتە گۆ، دەوروبەرەکەی تێی ناگەن. هەرچەندە ئەم دیمەنە، دیارە، یەکسەر وەرگەڕانەکەی کافکامان بیر دەخاتەوە. بەڵام یەکسەریش ئەو جیاوازيیە دەخاتە بەر زەینمان، کە لای کافکا شێوە وەردەگەڕێ و لای بەختیار عەلي زمان. دەستنیشانکردنی ئەم خاڵە، واتە زمان، بۆ لێوەدەرچوون بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی تورکیا بە گشتي و کورد لەوێ بەتایبەتي، پەیپێبردنێکی تەواو دروستە.
ناسیۆنالیزمی تورکي بە گشتي لەسەر بنچینەی ڕەچەڵەکی ئەتني و ژێنێتیکيی وەک نەژاد و ڕەنگی پێست دانەمەزراوە، بەڵکو تورکبوون بە شێوەیەکی سەرەکي لەچاوی دەوڵەتدا پێش هەر شتێک زمانی تورکي و پاشان مەزهەبی سوننيیە. هەرچەندە دوای دەرپەڕاندنی یۆنانيیەکان و قڕکردنی ئەرمەنەکان هەوڵ هەبوون بۆ لەناوبردنی فیزیکيی کوردیش لە سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆمارەکەدا، بەڵام، وەک مێژوونووسی بەریتاني داڤید مەکدوۆڵ دەڵێ، بارستایيیە بەشەريیەکە لەوە گەورەتر بوو، قڕکردن لە ڕووی تەکنیکيیەوە کاری کردە بێ. لەپاڵ ئەوەدا، بە بۆچوونی من، موسوڵمانبوون و زۆرینە-سونني-بوونی کورد هۆکاری یەکلاکەرەوە بوون، کە ئەندازیارانی دەوڵەتە تورکيیەکە تواندنەوەی کورد لە بۆتەی پرۆژە نەتەوەسازيیەکەی خۆیاندا بە مومکین بزانن. زیا گیۆکئالپ، تێوریداڕێژی ناسیۆنالیزمی تورکي، دەنووسێ: "نەتەوە گرووپێکی نەژادي، ئەتني، جوگرافي، سیاسي یاخۆ خۆبەخش نییە؛ بەڵکو پێکهاتووە لە تاکگەلێک، کە زمان و دین و ئەخلاق و ئێستاتیکایەکی هاوبەش کۆیان دەکەنەوە، واتە ئەوانەی هەمان پەروەردەیان وەرگرتووە."١ جگە لە زیا گیۆکئالپ خۆی، چەندان تورکی بە ڕەچەڵەک کوردی وەک ئینۆنۆ و ئەجاوید و ئۆزال، وەک دەزانین، بوون بە تورکی عەیارە ٢١ و گەیشتووشن بە سەروەزیري و سەرکۆماري. ئەمانە هەموویان، کارایانە و بەرکارانە، بە هەمان ئەو پەروەردە تورکيیەدا تێپەڕیون، کە یەکێکی وەک عیسمەت ئۆکتایەکەی ناو ڕۆمانەکەی پێدا تێپەڕیوە. بەڵام تەجروبەی عیسمەت ئۆکتاي دەریدەخا، پەروەردەکردن بە تەنیا بەس نییە. دەبێ لەپاڵ پرۆسەی پەروەردەکردندا بیرچوونەوەش هەبێ.
زۆر زوو بەر لەوەی گیۆکئالپ باس لە پەروەردەی هاوبەش یان ئێرنست گێلنەر لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا باس لە ستانداردکردنی کەلتوور و پەیداکردنی بیرەوەري و گیڕانەوەی مێژوویيی هاوبەش بکەن، ئێرنست ڕێناردی پرۆفێسۆر لە سۆربۆن لە هەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا باس لە بیرچوونەوە دەکا وەک فاکتەرێکی گرنگ لە دروستکردنی نەتەوەدا. دەنووسێ:
"بیرچوونەوە – نەخێر، وەختە بڵێم: سەهووی مێژوویي – لە دروستکردنی نەتەوەدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ. ... ئەوەی نەتەوە پێکدەهێنێ، ئەوەیە، کە تاکەکانی زۆر شتیان لەگەڵیەکدا هاوبەش بێ؛ بەڵام ئەوەشە، کە هەموویان هەندێک شتیان لەبیرچووبێتنەوە. هیچ فەرەنسایيیەک نازانێ، ئاخۆ (وەختی خۆی) بورگوندە، ئالانە، یاخۆ ڤیزیگۆتە بووە و هەموو فەرەنسایيیەکیش دەبێ کوشتارەکەی بارتۆلۆمیو و کوشتارەکانی سەدەی سێزدەیەمیان لە باشوور بیرچووبێتنەوە. دە بنەماڵەی فەرەنسایي نادۆزیتەوە ڕەچەڵەکی فڕانکایيی خۆیان پێ ساخ بکرێتەوە."٢
کەماليیەکان بۆ بەگەڕخستنی پرۆسەی ئەو بیرچوونەوەیە لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا لە ١٩٢٣دا زمان و جلکی کورديیان قەدەغەکرد؛ لەگەڵ گۆڕینی ئەلفبێی عەرەبي بە لاتیني، فەرمانگەکانی نفووس ناو و ناسناوی تورکيیان بەسەر خەڵکەکە و باو و باپیرانیاندا دابڕی؛ پاشان بە هەمان شێوە ناوی شاخ و شار و دەشت و دێهاتەکانی کوردستانیان گۆڕی بۆ تورکي؛ ئەمجا لیژنەیان نارد، گۆرانيیە کورديیەکان کۆبکاتەوە و بە تورکي بە گوتنەوەیان بدا. هەرکێش ملی دانەدایە بۆ ئەو لەبیربردنەوەیە، دەبوو بە گیران و ئەشکەنجەدران یان کوژران لەڕێ لاببرێ. بەختیار عەلي لێدەگەڕێ دەوڵەت لە ساڵی ١٩٤٥دا یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکيیەکانی، تاریق ئارکسۆی، ڕابسپێرێ، بچێ بۆ کوردستان و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتيی ئەوە بکا و دڵنیا بێ، کە ئەو بیرچوونەوەیە بە ئەنجام گەیشتووە.
ئاکسۆی دەمارگیرانە و دڵڕەقانە دەستبەکار دەبێ و بۆی دەردەکەوێ، کە هەرچەندە ڕێکارەکانی دەوڵەت بۆ سەپاندنی پەروەردەی هاوبەش و دروستکردنی بیرەوەريی هاوبەش توند لەکاردان، بەڵام دیسان ناتوانێ دڵنیا بێ، بیرچوونەوەکە وەک پێویست بەڕێوە دەچێ. ئەوەشی ئەو هەستەی لا بەهێز دەکا ئەو حاڵەتەیە، کە دەبینێ "کوردەکان" قسە ناکەن، دەنگیان لێوە نایە. ئەو بێدەنگيیە ئەو تاریکيیەیە، کە دەهري و هاری دەکا و دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە داگیری بکا. ئەم بێدەنگيیەی بەختیار عەلي لەم کارە ئەدەبيیەدا بەرجەستەی کردووە، ڕاستيیەکی مێژوویيیە. من بەلایەنی کەمەوە بەسەر دوو گێڕانەوەی مێژوویيدا کەوتووم، کە باس لەو بێدەنگيیەی کورد ەدەکەن.
ئۆرهان پاموک لە کتێبی (ئەستەنبووڵ – بیرەوەري و شار)دا ئاماژەیەکی سەرپێیی کورت بەو بێدەنگبوونە دەدا. دەگێرێتەوە: "وەک منداڵێک گەواهیدەری ئەم سڕینەوەیە کلتووريیە بووم. هەر کاتێک گوێبیستی ئەرمەنيیەک یان یۆنانيیەک دەبووی کە بە دەنگی بەرز بە زمانەکەی خۆی قسەی بکردایە لە شوێنە گشتيیەکان، کەسێک هاواری دەکرد: تکایە هاووڵاتيیان بە تورکي قسە بکەن! زۆر بە دەگمەن گوێبیستی کوردەکان دەبووی لەو ماوەیەدا لە شوێنە گشتيیەکاندا خۆیان ئاشکرا بکەن."٣
بەڵام ئەو بێدەنگيیە بە ڕوونترین شێوە لە بابەتێکی گۆڤاری ئەڵمانيی دێر شپیگڵدا ڕانوێنراوە، کە لەژێر سەرناوی "کوردەکان چیتر قسە ناکەن" لە یولیۆی ساڵی ١٩٨٢دا بڵاو کراوەتەوە. بابەتەکە پتر ڕاپۆرتێکە لەسەر ئەشکەنجە و بارودۆخی نائینسانانەی گیراوە کوردەکان لە لە زیندانەکانی تورکیادا. بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا لەسەر زاری شەرەفەدین کایاوە، کە مافپارێزێکی کوردە و خۆی یەکێک بووە لە گیراوەکان، هاتووە: "ئێستا لە تورکیا هەموو کەسێک، کە گومانی ئەوەی لێ بکرێ دژەڕژێمە یان وەک دژەڕژێم ناسرا بێ، مەترسيی ئەوەی لەسەرە فڕێ بدرێتە زیندانەوە. ئەمە بە تایبەتي کوردەکان دەگرێتەوە، کە دەکرێ چاویان بچێتە سەر، بۆ نموونە ئەگەر بێت و بە کوردي قسە بکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا تۆمەتی جوداخوازي بەسەر قسەکەرەکەدا ساخ دەکاتەوە و سزاکەشی لە پێنج ساڵ بەندکردن کەمتر نییە. ترسی ئەوەی لەڕێی زمانیانەوە ئاشکرا بن زۆر گەورەیە لەناو کوردەکاندا. بۆیە چیتر قسە ناکەن؛ بێدەنگبوونیش کاریگەريی خراپی لێ دەکەونەوە. لە زۆربەی گوندەوارەکانی ناوچە شاخاويیەکان لە سەدا هەفتای دانیشتووانەکە تورکي نازانن. بەو هۆیەوە ناتوانن بچن بۆ بازاڕی شارەکان شت بکڕن و بفرۆشن، مەگەر بە تەرجومانەوە."٤
بە حوکمی ئەوەی فۆکەسی ڕۆمانەکە پتر لەسەر وێنەبینيی تورکەکانە، ناچێتە سەر لێکدانەوەی ئەو بێدەنگيیە و زیانە دەروونيیەکانی لای ئینسانی کورد لە تورکیا. هەڵبەت ئەو بێدەنگيیە هەروەها نیشانەی ئەو نادڵنیایيیەشە، کە ئینسانی وەرگەڕێنراو تووشی دێ. گەورەبوون و ژیانی بەردەوام و ڕاهاتن بە شەخسییەتێکی دوانەیيیەوە، بە شەخسییتەێکی ڕەسمي و ئاشکرا لەلایەک و شەخسییەتێکی ناڕەسمي و شاراوە لەلایەکی دیکەوە، سەرلێشێوان لەنێوان شوناسێکی دەرەکي و یەکێکی ناوەکيدا دەنێتەوە و ململانێی ناوخۆیيی نائاگا و بەئاگا دەروونی ئینسان ماندوو و نەخۆش دەخەن؛ هەموو ئەوانەش ئەو کاریگەريیە خراپەیان لێ دەکەونەوە، کە شەرەفەدین کایا باسی لێوە دەکا.
بەڵام تاریق ئاکسۆیی ناو ڕۆمانەکە "کاریگەريیە خراپە"کە لە شوێنێکی دیکەدا دەبینێ. ئەو لەو بێدەنگبوونەدا ئەوەندەی مانگرتن و خۆمەڵاسدان دەبینێ، ئەوەندە ترس نابینێ. بێدەنگبوونی کوردەکان وەک بێدەنگبوونی ئەو ورچە دەبینێ، کە لە چیاکانی کوردستان ڕاوی کردووە و لە ماڵەوە لە قەفەسی ناوە. ڕوو دەکاتە دوو کوڕەکەی و دەڵێ: "دەزانن بۆچي ئێمە هاتووین بۆ خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ؟ بۆ ڕاوی ئەم دڕندانە. بە وردي سەیری ئەو ئاژەڵە گەورەیە بکەن، مۆن و کپ. بەڵام هەرگیز ئەو کپي و ئاراميیەی هەڵتنەخەڵەتێنێت. هەر یەکێک لە ئێمە بکەوێتە بەر دەستی هەلاهەلامان دەکا. ئێمە لێرەین تا ببینە پاسەوانی ئەوەی، ئەو ڕۆحە کێوي و دڕندە و ڕامنەکراوە بۆ هەمیشە لەم قەفەزەدا بمێنێتەوە."
بەڵام کپبوونی ئینسان جیاوازە. ئینسان، کە بە حەیوانی ناتیق دەناسێنرێ، نوتق نەکا، ترس و سەرلیشێوان لای بەرانبەر دروست دەکا. بێدەنگبوون لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکيدا مانا فۆکۆیيیەکە لەخۆ دەگرێ. میشێل فۆکۆ بێدەنگبوون وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ستراتیژيیەک دەبینێ، کە دەترنجێتە ناو گوتار (دیسکۆرس)ی زاڵەوە و دڕی پێ دەدا. هەرچەندە فۆکۆ بێدەنگبوون پتر لە کۆنتێکستی تابووە سێکسيیەکاندا شي دەکاتەوە؛ بەڵام گۆشەیەکمان بە گشتي پێ دەبەخشێ، کە جۆرێکی دیکە لە بێدەنگبوون ورد بینەوە. گریمانە باوەکە هەمیشە ئەوەیە، دەسەڵاتدار بۆ زاڵکردنی گوتاری خۆی نەیارەکانی دەمکوت دەکا؛ کتێبەکانیان دەسووتێنێ و ڕۆژنامەکانیان دادەخا و گوتارەکانیان سانسۆر دەکا؛ واتە بێدەنگیان دەکا. بەڵام فۆکۆ لەسەر ئەوە دەوەستێ، کە دەسەڵات ناتوانێ لەگەڵ بێدەنگيدا بژي. گوتاری دەسەڵات کاتێک بەجێ گەیشتووە، کە بگوترێتەوە و گوێی لە خۆی بێتەوە. بێدەنگبوون بۆشایيیەکە، ڕووناکيی گوتار ناگێرێتەوە و بە تاریکي دەمێنێتەوە. تاریکيیەک گوتار تەنیا دەتوانێ شکست بخوا تێیدا. بۆیە تاریق ئاکسۆی لە کۆتایيدا لەئاست ئەو ڕۆحە تاریکەی لە بێدەنگيی کوردەکاندا چاوتێبڕنەکردووانە و دەستپێنەگەیشتووانە خۆی مات داوە، شکست دەخوا و سەرشێت و ماندوو لە چیاکانی کوردستاندا خۆی بە بەستنەوە دەدا تا دەبێتە خۆراکی کێوي و دڕندە.
شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کەلتووريی تورکي و میکانیزمە تۆتالیتارەکانی بە تایبەتي لەو شوێنەی ڕۆمانەکەدا بە ئەوپەڕی ڕەمزییەتی خۆی دەگا، کاتێک لە چوارچێوەی پەتایەکی بەربڵاودا عیسمەت ئۆکتاي و هەزاران خەڵکی دیکە لەپڕ زمانی تورکيیان بیر دەچێتەوە و دەگەڕێنەوە سەر زمانە ئەسڵەکانی دایک و داپیرانیان، کە کوردي و ئەرمەني و یۆناني و ئەوانەن. بەمە وەک بڵێی بەختیار عەلي تەحەدای تێوريیە کۆمەڵناسانەکەی گیۆکئالپ بکا و بڵێ: دەی فەرموو! دوای دەیان ساڵ لە سەپاندنی پەروەردەی هاوبەش خەڵک، لەبری کوردي، تورکيیان بیر دەچێتەوە.
ڕاستە لە دەرەوەی ئەم ڕۆمانە پەتایەکی لەو جۆرە نییە، تورکي لەبیر خەڵکی وەک عیسمەت ئۆکتای بباتەوە. بەڵام شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی تورکي بۆ تورکاندنی کورد لە ئەحمەد کایا و هەموو ئەو کوردانەدا بەرجەستە دەبێ، کە لەم دەساڵانەی دوایيدا وەک ماسی سەلەمۆن دژ بە تەوژمی پەروەردەی لەبیربەرەوانەی دەوڵەت کەوتنە مەلەکردن بۆ چوونەوە سەر کانیاوەکانی زمان و کەلتووري خۆیان. هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا تا ئەندازەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە لە ئیدارەدانی جووڵانەوەی سیاسيی کورددا؛ بەڵام شکستی پرۆژەی ئایدۆلۆژيی ناسیۆنالیزمی تورکي، هەم بە ڤێرزیۆنە کەماليیەکەی و هەم بە ئەردۆگانيیەکەی، لەو پارانۆیایەدا خۆی دەنوێنێ، کە وەک نەخۆشيیەکی درێژخایەن بەرۆکی شەخسییەتی سیاسيی تورکی گرتووە، بە شێوەیەک هێشتا دوای سەد ساڵ وشەی کوردستان تەنانەت لای ئینسانی سادەی تورکیش کاردانەوەی هیستیري دەنێتەوە و دەوڵەتی بەهێزی تورک نەک هەر لە هەموو بوونێکی سیاسيی کورد لەدەرەوەی سنووەرکانی خۆی، بەڵکو لە کۆرسێکی زمانی کورديیش دەترسێ، ئەگەرچي لە ژاپۆنیش بێ. کاربەدەستانی دەوڵەت هێشتا کۆڵیان نەداوە لەو وەهمەدا بژين، کە تاریق ئاکسۆی لە ١٩٤٥دا تێیدا دەژیا: وەهمی داگیرکردنی تاریکي.
داگیرکردنی تاریکي چیرۆکی خەباتێکی میحنەتباری بێهوودەیە، کە تێیدا، هاوشێوەی گێڕانەوەکانی سمایل بێشکچي، جەللاد بە دەست ئەشکەنجەدانی قوربانيیەکەیەوە شل و کوت و هەناسەسوار بووە. چیرۆکی ئەو پاسەوانەیە، کە وەک مەحەمەد ئۆزۆن دەڵێ، لە زیندانی گیراوەکەیدا گیری خواردووە؛ چیرۆکی هێزێکی داگیرکەرە، کە دەیەوێ بە سەربازگە و زیندانە زۆرەکانی' داگیرکران لەبیر داگیرکراوەکانی بەرێتەوە؛ چیرۆکی ئەو ئایدۆلۆژیستەیە، کە دەیەوێ چارەنووسی هەبوون و نەبوون لە دنیای دەرەوەی خۆیدا بە ناوهێنان و ناونەهێنان لە زماندا ببڕێنێتەوە؛ وەک ئەو ئاغا مایەپووچەی لە چیرۆکێکی حەسەنی قزڵجيدا لێفەشڕێکی بە دەستەوە ماوە بیدا بە خۆیدا و ناشیەوێ واقعە تاڵەکە قبووڵ بکا، بۆیە لە زمان دەیکاتە دەرێ و دەڵێ: بیهێنە، ئەمما ناوی مەبە!
داگیرکردنی تاریکي شاکارێکی ئەدەبيی گەورەیە، حەز دەکەم هەموو کەسێک بیخوێنێتەوە.
1. The Principles of Turkism, Ziya Gökalp, 1924, Istanbul
2. Was ist eine Nation, Rede am 11 März 1882 an der Sorbonne, Ernst Renan
3. ئۆرهان پاموک، ئەستەنبووڵ – یادەوەرییەکان و شارەکە، وەرگێڕانی بەڕێز کەریم، ل.٢٦٣ - ٢٦٤
4. Der Spiegel 28/1982, „Die Kurden sprechen nicht
سەرچاوە : ئاوێنە