بە منیان ووت" تۆ هەڕەشەیت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا ! "
دانەر عومەر، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی کە شەوی رابردوو لە فرۆکەخانەی سەبیحە لە ئیستنەبووڵی تورکیا دەستگیرکراوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئازادکرا.
دانەر عومەر، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی شوباتی 2023، پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوی کردبوو و رایگەیاند، شەوی رابردووەوە لە فرۆکەخانەی سەبیحە لە ئیستنەبووڵ دەستگیرکراوە و چەند چەکدارێک ئەویان لە نێو فرۆکە هێناوەتەوە دەرەوە. گوتیشی: "12 کاژێرە دەستگیرکراوم".
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پرسیاری ئەوەیان لێم کرد، تۆ سەرۆکی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیت؟ هەروەها پرسیاری ئەوەیان کرد تۆ پشتگیری چەند فیلمت کردووە؟"
لە دوای ئازادکردنی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دانەر عومەر، پەیوەندی بە رووداو کردەوە و گوتی "ئێستا ئازادکراوم، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانم هۆکاری دەستگیرکردنم چییە و چیتر رێگەم پێنادرێت بچمە نێو خاکی تورکیاوە"، گوتیشی "بە منیان گوتووە تۆ هەڕەشەیت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا".
روونیشکردەوە: "داوایان لێکردم لە رێگەی فرۆکەخانەی هەولێر بگەرێمەوە کوردستان و رێگەیان نەداوە لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانی بگەڕێمەوە، بەڵام من گەشتم بۆ بەریتانیا کرد".
دانەر عومەر، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە دەنگی ئەویان گەیاند و لایەنی پەیوەندار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاربوون بۆ ئازادکردنی.
دانەر عومەر، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانییە و تاوەکو ئێستا پێنج خولی بەڕێوەچووە و ئامادەکاری بۆ خولی شەشەمی دەکرێت.
سەرچاوە : سایتی ڕوداو