دادگای گەلانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند : دەوڵەتی تورک بە ئامانجی قڕکردن بەشێوەیەکی سیستەماتیک تاوانی جەنگ و مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، دادگا بانگەوازێکیش روو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە و داوایان لێدەکات هەڵوێست وەربگرن.
دادگای گەلانی ڕۆژئاوا کە لە بروکسێل بەڕێوەدەچێت دوای دوو ڕۆژ کۆتایی بەکارەکانی هێنا و رایگەیاند: بڕیاری دەستبەجێ نادەن، بەڵام بڕیاری سەرەتایی ڕادەگەیەنن.
لە راگەیەنراوە سەرەتاییەکەی دادگاکە هاتووە: شاندی دادگا لە دانیشتنی ٥٤ڕۆژانی ٥ و ٦ی شوبات و لەسەر داوای نۆ ڕێکخراو لە ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.
دادگاکە دەشڵێت: تۆمەتباران ئاگادارکرانەوە بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.
لەبەشێکی راگەیەنراوەکەیاندا هاتووە: ئەو شایەتحاڵانەی گوێبیستیان بوین، سزای سیستەماتیک و بەردەوامیان ئاشکرا کردوە و بە تاوانی کوردبوون واتە بنیاتنانی کۆمەڵگایەک کە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری و یەکسانی و هەروەها بۆ لەناوبردنی شوناس و هەبوون و کەلتووری کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکیا سزادراون.
دادگاکە دەشڵێت: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سووریا بە بێ ڕێگەدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانە.
دادگاکە بیانووەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی ڕۆژئاوا بە توندی ڕەتدەکاتەوە و بەبێ بنەما وەسفیان دەکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوی دادگاکەشدا هاتووە: کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سەرەرای ئاگاداری لە ئازارەکانی گەلی کورد هیچ هەنگاوێکی بەرچاو نەناوەتەوە چونکە مەسەدە لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە دانی پێدا نەنراوە و ڕێگەی یاسایی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی لێ داخراوە و بۆیەش گەلی کورد نەیتوانیوە بەدوای دادپەروەرییدا بگەڕێت.
لە کۆتاییشدا هاتووە: پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، مەسەدە وەک حکومەتێکی دیموکراتیک قبووڵ بکات، تورکیاش هێرشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بوەستێنێت.
سەرچاوە : سپی میدیا