هەوار فارس خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فیستیڤاڵی شانۆی تەرابلوس بەدەستهێنا

مۆنۆدرامای 'وەک قەقنەس دەسووتێم' لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی تەرابلوس لە لوبنان بەشداربوو و هەوار فارس، ئەکتەری بەرهەمەکە خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا.
نەژاد نەجم، دەرهێنەری مۆنۆدراماکە بە رووداوی راگەیاند، 'وەک قەقنەس دەسووتێم' بە نوێنەرایەتی کوردستان لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوو و لەگەڵ حەوت وڵات لە کێبڕکێدابوو، لەوانە عێراق، لوبنان، تونس، عەمان، مەکسیک و ئیتاڵیا، گوتیشی "توانیمان خەڵاتی باشترین ئەکتەر بەدەستبێنین".

مۆنۆدرامای 'وەک قەقنەس دەسووتێم' بەرهەمی گرووپی شانۆی 'هەوار'ـە لە شاری کەرکووک، لە نووسینی گەزیزە عومەر و لە دەرهێنانی نەژاد نەجمە و هەوار فارس رۆڵی تێدا دەگێڕێت. 

ئەم بەرهەمە شانۆییە پێشتر لە هەولێر و سلێمانی نمایشکراوە و لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆیی لە وڵاتانی عەرەبیدا بەشداربووە، لەوانە چوارمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مۆنۆدرامای 'رۆژانی میسر' و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مۆنۆدرامای قەرتاج لە تونس و براوەی چەند خەڵاتێکە.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی تەرابلوس، لە 27-30 ئەم مانگە لە شاری تەرابلوسی لوبنان بەڕێوەچوو و بەرهەمی شانۆیی هەشت وڵات نمایشکران.

 

سەرچاوە: rudaw