"خوێن و ئیرۆتیك" چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا نووسه‌ر، كتێبی‌ " خوێن و ئیرۆتیك"ی‌ بڵاو كرده‌وه‌ و كه‌ تازه‌ترین به‌رهه‌می‌ ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م هه‌شتی‌ ئایار، شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا نووسه‌ر، بۆ "وشه‌" گوتی‌، كتێبی "خوێن و ئیرۆتیك" دوایین به‌رهه‌می منه‌، تازه‌ چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌، پێكهاتووه‌ له‌ پێشه‌كییه‌ك و ژماره‌یه‌ك بابه‌تی ئه‌ده‌بی كه‌ خوێندنه‌وه‌ن بۆ چه‌ند ڕۆمانێكی كوردی و بیانی و دوو كۆمه‌ڵه‌چیرۆك.

خوێن و ئیرۆتیك، 200 لاپه‌ڕه‌یه‌ و ژماره‌ی سپاردنی 322ی ساڵی 2022 ی وه‌رگرتووه‌، به‌ ناونیشانی سه‌ره‌كی و لاوه‌كییه‌وه‌، نزیكه‌ی 50 ناونیشان له‌خۆده‌گرێت.

نووسه‌ر ده‌ڵێ‌، قسه‌كردن له‌باره‌ی ڕۆمانێك یان كۆمه‌ڵه‌چیرۆك، كارێكی ئه‌سته‌مه‌ به‌وه‌ی ڕۆمان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی قسه‌كردنه‌، ئه‌وه‌ی منیش كارم له‌سه‌ر كردووه‌، زیاتر لایه‌نی بابه‌تی و په‌یامی ڕۆمانه‌كان بووه‌ نه‌ك ته‌كنیك، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی من له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی هه‌ر یه‌ك له‌و ڕۆمانانه‌ی دووتووێی ئه‌م كتێبه‌ ده‌یڵێم، ڕه‌خنه‌گرێكی ڕۆمان یان كه‌سێكی تر به‌مجۆره‌ بیبینێت، چونكه‌ ڕۆمان بیركاری نییه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی دوو ژماره‌، ژماره‌یه‌كی ترت بۆ ده‌ربچێت، ئه‌و ژانره‌ مادام زاده‌ی خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ره‌، ده‌شێت خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیشی بۆ بكرێت.

هه‌روه‌ها دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان ڕۆمانه‌كان زۆرن، له‌وانه‌، خوێن، كوشتن، تاوانكاری، سێكس، خۆشه‌ویستی، ماچ، چه‌وساندنه‌وه‌ و كۆیلایه‌تی و داگیركاری خاك و بابه‌تی دیكه‌ش، له‌ كوێ پێویستی كردبێت، په‌ره‌گرافی ناو ڕۆمانه‌كانم به‌كارهێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌كه‌یشی نه‌خوێندبێته‌وه‌، چیرۆك و دۆخی گشتی ڕۆمانه‌كه‌ی له‌به‌رچاو بێت.

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا، له‌ماوه‌ی‌ رابردوو چه‌ندان كتێبی‌ تری‌ چاپ كردووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی‌ كه‌ گرنگی‌ زۆر به‌ لایه‌نی‌ ئه‌ده‌بی‌ ده‌دات، جگه‌ له‌وه‌ی‌ نووسینه‌كانی‌ چێژی‌ تایبه‌ت به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشن.

 

 

سەرچاوە: wishe