خولاندنەوە!

 

No photo description available.

باست حەمەغەریب

 

ئێمە گشتمان لەیەک ئەچین،

تۆ بڵی هەر یەکین تەواو

هەنگاومان لەهەمان شوێنە،

پێ ئەخەینە ناو هەمان ئاو

هەر هەموومان ئەتوانین بە چاوی قووچاو،

چی پەڵەی یەکە بیژمێرین

کەچی خێچییەکانی خۆمان لێ دیار نییە،

بۆ خۆمان، لاڵ، کەڕین، کوێرین

هەرچی چەوتیی مێژوو هەیە لەبەرمانە،

وەک توتی ئەیانڵێینەوە، ناشبنە پەند و وانە

سەد ساڵ لەمەوبەرمان چۆن بوو،

ئێستاش وەکو ئەوسا ماوە

ئەو شتانەی هی ئێمە نین،

وەک زانست و تەکنەلۆژیا،

تەنیا ئەوانە گۆڕاوە

وەک ئەوسا ژن وا لە دواوە

سەدان هەنگاو لەدوای پیاوە

ئێستاش بیری خێڵ، وەک سەردەمی خێڵ

هەر خۆی سەروەرە و ئەو بەرکەماڵە

لێگەڕێ خۆت چیت، کوا عەشرەتەکەت، کوا بنەماڵە؟!

وا هەزار ساڵە مل لەناو پەتین، ئەکرێین بە دارا

ئینجاش دوژمنی خۆمان ناناسین، داوێک نابینین،

لە سەری دێڕداین: دوو دار و دارا

تەنیا میللەتین،

نانی بازاڕمان، ناوڕاستی سووتاو، نیوەی قەراغە

چواردەورەکەشی هەویری داغە

جاران قەراغمان لەسەر عەلادین ئەکرد بە پێخۆر

سەد ساڵ تێپەڕی،

کەچی نانی کورد، هەر وەک خۆیەتی،

نیوەی سووتاوە و نیوەکەی تری هەر قەراغە بۆر!