حکومەتێکمان دەوێت بۆ خەڵک بێت

 

 
 

 ‎‎سۆزان حەمە تاتە

 

 

پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، رەنگە ئاسان نەکەوێتە سەر راستەڕێ، چونکە هەڵبژاردن جگە لەوەی دواکەوت و زۆر کێشەی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەش رێڕەوی چەوتی حکومڕانی کە بەشی زۆری خەڵک لێی بێزاربوون، بخرێتەوە سەر راستەڕێی خۆی، ئەوەش وادەکات پرۆسەکە قورس بێت.
 لەگەڵ ئەوەشدا چەند بنەمایەک گرنگە بۆ ئەوەی حکومەتی لەسەر پێکبێت و بکرێتە بەرنامەی کاری داهاتووی حکومەت، ئەوەش تەنها لەپێناوی خەڵک، یەکەم: حکومەت نابێت چیتر بە حزبی بکرێت، بەڵکو شێوەی دامەزراوە وەربگرێت و لەسەرەوە بۆ خوارەوە سیستماتیک بێت، نەک وەکو ئەوەی ئێستا هەیە لەدوای نۆ کابینەوە هێشتا چەندین دامەزراوەی حکومەت لە خانووی کرێی خەڵکدایە.
 دووەم: پرسی شەفافی و روونیی بەرنامە و پلان لە داهات و خەرجییەکان، یەکێک لە دۆسێ هەرە گرنگەکانە، ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەفاف نییە و لەبری ئەوەی هیچ شتێکی شاراوەی نەبێت، کەچی هەر خەریکی سیاسەتی پینەوپەڕۆیە و ئەگەر کابینەی داهاتووش وابێت، ئەوا داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە.
 سێیەم: دۆسێی ئازادییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە دەبێت رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، لەماوەکانی تەمەنی کابینەی نۆیەم چەندین رۆژنامەوان و چالاکوان دەستگیرکراون لەسەر بابەت و نووسین و رەخنەی زۆر ئاسایی، بۆیە گرنگە بەرنامەی کاری داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی تێدابێت کە ئازادییەکان پارێزراوبن و حکومەت فۆرمێکی پۆلیسی وەرنەگرێت، بەڵکو ببێتە حکومەتی خەڵک.
چوارەم: یەک حکومەتی هەرێم هەبێت و جیاوازی نەکات لەنێوان گەرمیان و زاخۆ، لایەک فەرامۆش نەکات و لایەکی تر بخاتە ناز و نیعمەتەوە، ئەگەر ئەو جیاکارییەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت، ئەوا یەک حکومەت و دەسەڵاتمان نابێت، بەڵکو کوردستان بەرەو دابەشکاریی زیاتر دەبات.
 پێنجەم: هێزی نیشتمانیی یەکگرتوو کە گرەنتییە بۆ داهاتووی کوردستان و ئەزموونە خۆماڵییەکەمان، لەم رووەوە گرنگە حکومەت ئەجێندای دیاریکراوی داڕێژراوی بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی هەبێت، بۆئەوەی کوردستان وەکو هەندێک هەرێم و وڵات و ناوچە لەبەردەم مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆدا نەبێت و دووربێت لە دەستتێوەردانی دەرەکی بۆ سوودی خۆیان.
 زۆر خاڵی دیکەی گرنگ هەن بۆئەوەی نەخشەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر بکێشرێت، بۆئەوەی هەرێمێکی پارێزراو و حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزارمان هەبێت، تا خەڵک بەدەست جیاوازیی خزمەتکردن و بێ مووچەیی و دەیان کێشەی دیکەوە نەناڵێنێت، بەپێچەوانەوە هەرێمی گەشاوە و ئاوەدان و خاوەن دیموکراسی و ئازادیی راستەقینەمان هەبێت کە ئەوە خەونی شەهیدان و ئامانجی شۆڕشە یەک لەدوا یەکەکانمان بووە و دەبێت هەر بەدیبێت.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ