حاجی تۆفێقی پیرەمێرد گێڕایەوە وتی...

«حاجی تۆفێق»ی پیرەمێرد گێڕایەوە وتی:
کابرایەکی «کۆزە ڕەقەیی» هەبوو «مەکە»ی ناو بوو، ساڵێکیان بێستانێکی ترۆزی ئەکا، بە هەڵکەوت بەرێکی زۆر ئەگرێ، هەموو ڕۆژێ کاروانێکی لێ ئەفرۆشێ، یەکێکیش لە جادەکەی سابوونکەران ناوی «ماو زەڕ» ئەبێ، کە «مەکە» بارە ترۆزی دێنێ لەوێوە تێئەپەڕێ و ئەیباتە بازاڕ، ئەمیش شوێنی ئەکەوێ، کە کڕیار دێتە سەر ترۆزییەکان خۆی تێ هەڵئەقورتێنێ دەست ئەکا بە تاریف کردنی ترۆزی و بە دەور و پشتی کابرای موشتەریدا هەڵئەسووڕێ و هەر ئەڵێ: چەمیلەیە و خرمەی دێ! تا ترۆزی ئەفرۆشێ. نایشزانێ ئەمە ناوی «مەکە»یە هەر ئەڵێ: کاک خدر وا و کاک خدر ئەمە. کاک خدر لەمەودوا کە بارت هێنا بانگم کە بزانە چۆنت بۆ ئەفرۆشم، من وا بە دەستمەوەیە شایێک لە هۆمەرە کوێر ئەکەم. کوزەرەقی و خەراجیانی و داربەڕولەیی بانگ ئەکەم، ئەمەندەیان بڵاو و گۆشت دەر خوارد ئەدەم تا لە لووتیان دێتەوە!

«مەکە» ش ئەڵێ: لالۆ من جارێ ناوم - خدر - نییە وە تا ئێستاش شایی کەس نەچووم و پڵاوی کەسم نەخواردووە، تۆ بە ڕێ خۆت و من بە ڕێ خۆم. ماوزەڕ وازی لێ نایێنێ، دیسان تێی ئەئاڵێ و دەست ئەکاتە ملی و ئەڵێ: لالۆ خدر کە سەر شایی کەس ناچی وەرە بتبمە کەبابخانە حازر و بزر کەباب بخۆین.

ئیتر لە کۆڵی نابێتەوە، لایە زۆر و لایە خواهێشت ڕایئەکێشێتە کەبابخانە، لە ڕێ تووشی «مەلا فەرەج» دێن. ماوزەر ئەڵێ: مەلا تۆیش فەرموو. بە دزییەوە بە مەلا فەرەج ئەڵێ: تۆ کەبابت خوارد زوو هەڵسە بچۆرە دەرەوە و بگەڕێرەوە بە پەلەپەل بانگ کە یا شێخ کابراکەی سەلەمی ڕۆنت لێ کردبوو دەستت نەئەکەوت ئەوەتە تێئەپەڕێ!

لە سەر ئەم تەگبیرە ئەچنە ژووری کەبابخانە، بایی دوو ڕوپێ کەباب ئەخۆن، مەلا فەرەج زوو ئەچێتە دەرەوە، بانگ ئەکا: یا شێخ قەرزارەکەت تێپەڕی. ئەویش لەپڕ دەرپەڕی و «مەکە» لەوێ ئەمێنێتەوە هەر چاوەڕوانە شێخ - کە ناوی نازانێ - بێتەوە و پارەی کەبابەکە بدا، هەر نایەتەوە، ئەمیش گوێدرێژەکانی لە مەیدانەکە جێهێشتووە تەنگە تاو بوو، هەڵئەستێ بڕوا، خەلفە فەرەج پیڕ ئەیگرێ پارەکەی لە باخەڵ دەردێنێ! ئینجا بە بازاڕا وەک شێت ڕائەکا و ئەڵێ: ئەمە فیقەی پێکی زۆرنای شاییەکەیەتی، هێشتا هەڵپەرکێی هۆمەرە کوێرمان ماوە!