هونەرمەند و نووسەر و رۆژنامەنووس (جەمیل محەمەد قادر سلێمان) ناسراو بە (جەمیل سنجاوی) زیاتر لە (30) ساڵە خزمەت بە هونەر و پەروەردە و نووسین و میدیای كوردی دەكات، ئەندامی كارای یەكێتیی نووسەران، ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسان، ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و ئەندامی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانە.
ساڵی 1964 لە بناری چیای قەرەچووغ لە قەزای مەخموور لە دایكبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە مەخموور تەواو كردووە، ساڵی 1987 چۆتە خانەی مامۆستایان و لەساڵی 2003دا بەشی كوردی لە كۆلیژەی پەروەردەی سەلاحەدین تەواو كردووە و ماوەی 30 ساڵ لە پاڵ هۆنەر و نووسین و كاری میدیایی خزمەتی بە پەروەردەش كردووە.
سەبارەت بە سیستمی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت: بەداخەوە سیستمی پەروەردە لە قەیرانێكی گەورەدایە، چونكە پەروەردە هەمیشە لەپێش فێركردنەوە دێت، ئەگەر پەروەردەكەمان پەروەردەیەكی سەركەوتوو نەبوو، كەواتە فێركردنەكەشی هیچ بایەخێكی نابێت، نەخواسمە ئەو فێركردنەی ئەمڕۆ، مخابن خوێندکار هەیە قۆناغێكی باشی خوێندنی بڕیووە، كەچی هێشتا ناوی خۆی بەباشی نازانێ بنووسێت، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە كۆمەڵێك بڕیار و رێنمایی و راسپاردە دەردەچێت، كەچی ئەنجامەكەی هەمان ئەو ئەنجامەیە كەدەیبین، هەربۆیە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پێویستی بەگۆڕانكاریی ریشەیی هەیە، بارودۆخەكە وا دەخوازێ كۆنگرە و كۆنفرانسی فراوانی بۆببەسترێت و بۆچوون و هزری كەسانی شارەزا و پسپۆڕ و ئەكادیمی وەربگیرێت و سیستمێكی وا بهێنینەكایەوە كەوا سوودی بۆ كۆمەڵگاكەمان هەبێت.
لەسەر بێشکەوە هۆگری مۆسیقا بووم
لەبارەی چۆنێتی هۆگربوونی بە هونەر و ئاوازی كوردی دەڵێت: كاتێ منداڵێكی ساوابووم، دایكم لەبێشكەدا رادیۆیەكی بۆ من و براكانم لەژێرسەرمان دادەنا و بەردەوام گوێچەكەمانی بەگۆرانی و موزیك گۆشدەكرد، ئەمەش بناغەیەكی بەهێزبوو، بۆئەوەی گوێچكە و هەستێكی موزیكی باشم هەبێت، لەقۆناغی سەرەتایی لەساڵی 1975 هونەرمەندی ناودار (م. تەحسین تەها) یەكەم كەس بوو ئامێری موزیكی بەزیندووی پێناساندم، (خانەی مامۆستایانی هەولێر)یش لەنیوەی دووەمی هەشتاكان یەكەم وێستگەی من بوو، بۆهاتنە ناو موزیك، چونكە لەوێ وانەیەكی موزیكمان هەبوو، هاندانی مامۆستایان و هونەرمەندان ( خەلیل وەندی و نەجات عەساف كەریم) دەروازەیەكی گرنگی دیكەبوو بۆمن كە ئاشنابم بەسەرەتاكانی فێربـوونی تیۆرەكانی موزیك، هەروەها هاوڕێیانم (م. جوتیار قادر و م. ئاسۆ جەمیل) لەبەشی ناوخۆ، رۆڵێكی باشیان هەبوو لەوەی زیاتر لەموزیك نزیك ببمەوە و بەردەوام ببم و سوودی زۆریشم لێیان بینیووە. دەستپێكی كاری هونەریم بۆساڵی 1986 دەگەڕێتەوە، كە یەكەم چالاكیم بوو، لەگەڵ (تیپی خانەی مامۆستایانی هەولێر) بەسەرپەرشتیی مامۆستای هونەرمەند (خەلیل وەندی)، پاشانیش كە خانەی مامۆستایانم تەواوكرد، چالاكییەكانم هێناوە ناو قەزای مەخموور و لە 5/6/1987 لەگەڵ هونەرمەندی جوانەمەرگ ( دڵزار یاسین) و كۆمەڵێك هونەمەندی دیكە (تیپی مۆسیقای قەرەچووغ)مان دامەزراند و یەكەم بەرهەمیشمان كاسێتێك بوو، بۆهونەرمەندان (ئەرسەلان كاروانی و ئەحمەد زەمانە)، دواتر لەساڵی 1989 لەگەڵ كۆمەڵێك هونەرمەندی تر (تیپی مۆسیقای مەخمـوور) مان دامەزراند و یەكەم بەرهەمی ئەو تیپەشمان كاسێتێك بوو بۆهونەرمەند ( ئەحمەد زەمانە)، ئیتر قۆناغ دوای قۆناغ چالاكییەكانمان لەم دوو تیپە بەئەنجام دەگەیاند، لەهەولێریش دوای ڕاپەڕین، چالاكییەكانم لەم تیپانە ئەنجام دەدا: ( تیپی مۆسیقای لاوك ، تیپی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی ، گروپی موزیكی هەست).
خەریكن بە هونەرەكەیان ناسنامەكەمان بشێوێنن
من پێموایە هونەر بۆهەموو نەتەوەیەك ناسنامەیە، بەداخەوە لەكوردستان هێشتا بەپێی پێویست بایەخ بەم ناسنامەیە نەدراوە، وڵاتانی چواردەورمان بە هونەر ململانێمان لەگەڵ دەكەن و خەریكن بەهونەرەكەی خۆیان ناسنامەكەمان بشێوێنن و بەهەموو شێوازێك هەوڵدەدەن هونەرەكەی خۆیان بەتایبەتی هونەری موزیك و گۆرانی زاڵ بكەن بەسەر هونەری موزیكی كوردی، ئەمەش خۆی لەخۆیدا كارەساتە، پێویستە هەموو لایەكمان لەو بێئاگاییە بەئاگابێینەوە و كاربۆ پێشخستنی گۆرانی و موزیكی كوردی بكەین، من زۆرجار دەڵێم ئەگەر بمانەوێ هونەری كوردی بەگشتیی و بەتایبەت (دراما و گۆرانی و موزیك) پێشبخەین، دەتوانین زۆر بەئاسانی چارەسەری زۆربەی قەیرانەكان بكەین، بۆنموونە ئەگەر بپرسین ئێستا چەند كەناڵی تەلەفزیۆنیمان هەیە؟ لەوەڵام ئەگەر كەمترین ڕێژە وەربگرین و (100) كەناڵ دەستنیشان بكەین و داوا لەهەر كەناڵێك بكرێت، لەهەرمانگێك یەك گۆرانی بۆهونەرمەندێك تۆمار و كلیپ بكات و لەماوەی ساڵێكیش یەك دراما بەرهەم بهێنێت، بزانە چۆن چارەسەری قەیرانەكان دەكرێت؟ كەواتە هەر كەناڵێك لەساڵێكدا (12) گۆرانی تۆمار و كلیپ دەكات و (1)دراماش بەرهەم دەهێنێت، كەواتە (100)كەناڵ لەماوەی ساڵێكدا (1200)گۆرانی تۆمار و كلیپ دەكەن و (100)دراماش بەرهەم دەهێنن، بەم شێوەیە گۆرانی و موزیك و درامای كوردی دەبوژێتەوە و هونەرمەندانیش لەسەر ئەم شێوازە سوودمەند دەبن، چونكە تێچووی تۆمار و كلیپ و بەرهەمهێنانی دراماكان دەكەوێتە ئەستۆی كەناڵەكان، لەهەمان كاتیشدا رزگارمان دەبێت لەوهەمووە دراما توركی و فارسی و هیندی و كۆرییانە. بەداخەوە ئێستا لەكوردستان كاری تیپ و گرووپ و هەرەوەزیی زۆر كەمبووە، بەپێی پێشەكەوتنی تەكنەلۆژیا و پەیدابوونی هەموو ئەوئامێرە موزیكییە نوێیانە، زیاتر كارەكان تاكەكەسین، لەگەڵ ئەوەش ئێستا بەرهەمی زۆرباش هەیە، بەڵام بەرهەمە كرچ و كاڵەكان زیاتر زاڵن بەسەر بەرهەمە باشەكان، لەمەش تەلەفزیۆنەكان بەهۆكار دەزانم، چونكە بەمیزاجی هەندێك كەسی نەزان و نەشارەزا لەهەندێك لەتەلەفزیۆنەكان پیادە دەكرێت، گرنگە بۆبڵاوكردنەوە و پەخشكردنی بەرهەمەكان پێویستە لێژنەی هەڵسەنگاندن و سانسۆر هەبێت و بەرهەمی باش و خراپ لێكتری جیابكرێتەوە.
ئاوازەكانی من هەمەڕەنگن
سەبارەت بە ئاوازەكانی خۆی و هەروەها ئاوازدان بۆ هونەرمەندان و ئاوازدان بۆ منداڵان و دراما و فیلمی دەڵێت: ئاوازەكانی من هەمەڕەنگن، واتا ناوەڕۆكی جیاجیای بەخۆوەگرتووە، (گۆرانی دڵداریی، گۆرانی و ستایشی ئایینی، مارش و سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی، گۆرانی چینایەتیی)، ئەم هونەرمەندانە ئاوازەكانی منیان چڕیووە: (ئەحمەد زەمانە، ئەرسەلان كاروانی، سلێمان قەرەچووغی، خوالێیخۆشبێت فاخیر نامیق، كامەران ساڵح، جەبار حەسەن، خۆشەوی عەزیز، دلێر بەرزنجی، عەبدوڵڵا ئیسماعیل كۆیی، موئەیەد عەبدوڵڵا، سروود حاتەم، خواڵێیخۆشبێت كامەران عەبدولڕەحمان).
هەڵبژاردنی موزیكی شانۆیی
من كاتی خۆی لەنیوەی دووەمی هەشتاكان لەمیانەی ئەم شانۆگەرییانەی كە لە مەخموور كارمان لەسەر دەكرد و نمایشمان دەكرد، بۆمۆسیقای شانۆگەرییەكان هەندێ ئەزموونم لەدانان و هەڵبژاردنی موزیكی شانۆیی پەیداكرد و لەگەڵ سیناریۆی شانۆییەكان مۆزیك و كاریگەرییە دەنگییەكانم دادەنا، هەر ئەمەش بوو، بووە هۆی ئەوەی ئەزموونێك لەدانانی مۆزیكی شانۆیی پەیدا بكەم، هەربۆیەش یەكەم فیلمی تەلەفزیۆنی كە كارم لەسەركرد، فیلمی (ئازارەكانی كورد) بــوو، پاشان (رەشەبای مەرگ) و (ڤینۆس)، لەدوای ئەمانەش هەردوو درامای (هەڵچوون) و (رەجەبی دەرگەوان) .
وانەی كوردی و موزیكم دەگوتەوە
ساڵی 1992 كاتێ بۆیەكەم جار وەك مامۆستای سەرەتایی لە خوێندنگەی لاجانی سەرەتایی تێكەڵاو لە كۆمەڵگەی كەورگۆسك دامەزرام و وانەی كوردی و موزیكم دەگوتەوە، ئاوازم بۆ هۆنراوەكانی كتێبی كوردی سەرجەم پۆلەكان دانا، سەركەوتنی ئاوازەكانی منداڵانم لەوەدابوو، كەوا هەموو ئاوازەكانم لەناو كەش هەوای منداڵان و خوێندنگە و خوێندکاراندا دادەنا، هەربۆیەش زوو لەلایەن خوێندكار و قوتابیانەوە وەردەگیرا و لەگەڵ موزیكدا دەیانگوتەوە، هەرچەندە هەموو ئەو ئاوازانەی كە دامناون، تەنها (٣) گۆرانی لەلایەن (رێناس كرمانج) تۆماركراون، بەداخەوە كوالێتی تۆماركردنەكیان بۆئەو كات باش بوو، بەڵام بۆئێستا ناگونجێ و ئەگەر دەرفەت ببێ، جارێكی تر تۆماریان دەكەمەوە، لەلایەكی تریش لەسەرداوای مامۆستای ئازیز (د. كەریم شەریف قەرەچەتانی) ئاوازم بۆكۆمەڵێك هۆنراوەی (مستەفا پەژار)ی شاعیر دانا و كچە گۆرانبێژ(شایی سەعدوڵڵا) بەدەنگی خۆی ئاوازەكانی چڕی، ئەوكاتە لە كەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەكان لەمیانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیی پەخشكرا، هۆنراوەكان لەڕووی ناوەڕۆكەوە باسیان لەژیانی منداڵان دەكرد، هەر لەسەرەتای لەدایكبوونەوە تاكو قۆناغی هەرزەكاریی. چەندین ئاوازم داناوە، لەمانە چەند ئاوازێكم تۆماركراوە، ئەوانی تر هێشتا تۆمارنەكراون، بەنیازم یان بەنۆتە دەینووسمەوە، یاخود تۆماركردنێكی سادەش بێت، بەئەرشیفیان بكەم.
لەبارەی كاری رۆژنامەوانیشەوە ئاماژەی بەوەش كرد بە هاندان و پشتیوانی غەفوور مەخمووری دەستم بە كاری رۆژنامەوانی كرد و لەرۆژنامەی «هاوكاری» و « ئاسۆ» بابەتی هونەریم بڵاوكردۆتەوە. لە گەڵ برایان ( غەفوور مەخمووری) و ( عەبدولڕەحمان بێلاف) و (سۆران قارەمان) یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (قەرەچووغ)مان بەشێـوەیەكی سەربەخۆ لە دوای راپەرین دەركرد.
(ساڵی 2008 كتێبێكی بە ناوی «حەیران و چەند بۆچوونێكی تر» چاپ و بڵاوكردۆتەوە).
ئا: جوتیار قادر کەریم
سەرچاوە: knwe