جوولەکەیەکی قەرداغی گوێدرێژێک ئەدزێ، لە دوای بەینێک لەلای کابرایەکی «جافەرانی» بە سەری ئەگرێتەوە، هەندێ پارەی بە کاڵە دڕانە ئەداتێ و گوێدرێژەکەی لێ ئەسێنێتەوە. ڕۆژی جمعە ئەبێ پاش عەسر ئەڵێ ئیمشەو شەمەیە پێویستە بچمەوە قەرەداغ، کەرەکە ڕا ئەکێشێ و ئەکەوێتە ڕێگا. کابرای جافەرانی هاوڕێیەکی لەگەڵ خۆی ئەهێنێ و بە دوایا دێت و خۆی ڕووت ئەکاتەوە و هەموولەشی خۆی لە قوڕە ڕەشەوە ئەدا. خواجەش هەوساری کەرەکەی بە دەستەوەیە ڕایئەکێشێ، زۆر ئەترسێ ناوێرێ ئاوڕ بداتەوە دواوە، تاریک داهاتووە. کابرا بە هێواشی هەوساری کەرەکە دائەماڵێ و ئەیکا بە سەری خۆیا و گوێدرێژ ئەدا بە هاوڕێکەی و ئەڵێ: تۆ بڕۆ! خۆی هەندێک بە هەوسارەوە ئەڕوا دوایی ئەڵی وا چاکە کە خۆمی لێ ئاشکرا بکەم. پێ لە ئەرز قایم ئەکا و ناڕوا، خواجە دوو سێ جار ئەڵێ: هەچە وەرە، کەڵکی نابێ. کە ئاوڕ ئەداتەوە چاوی پێ ئەکەوێ و کابراش لێی ئەمرێنێ. جووە دەستە ڕەشمە بەرەڵا ئەکا و قوشنە قەوت بەتاو خۆی ئەهاوێژێتە دێی قەرەداغەوە. شەو و ڕۆژێک بێ زمان ئەکەوێ. کە دێتەوە هۆش خۆی لێی ئەپرسن چی بوو؟ ئەڵێ: خزمینە کەرەکەم بەسەر گرتەوە و هێنامەوە. شەو لە نیوەی ڕێدا لە ناو دار و دەوەنەکانا لێم بوو بە «ڕموزن» و کەوتە شاخەکان!
ئیاجا وتیان لە پاش چەند ڕۆژێک خەبەریان دایە کە کەرەکەت لە فڵانە دێیە، جووە ئەیگوت: عەزیزم بە حەزرەتی مووسا من خۆم بە چاوی خۆم دیم کەرەکە ببوو بە ڕموزن و دایە کێو، چۆن ئێستا باوەڕ ئەکەم مابێ؟!