"جانتا" چاپ كرا

ڕۆمانی "جانتا" له‌ نووسینی "سێرگی دۆڤلاتۆڤ" و وه‌رگێڕانی سواره‌ شاكه‌لی، له‌ دووتوێی 200 لاپه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپ كرا.
سواره‌ شاكه‌لی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ "وشه‌"ی گوت، رۆمان جانتا له‌ نووسینی سێرگی دۆڤلاتۆڤه‌ كه‌ نووسه‌رێكی رووسییه‌، باسی ژیانی خۆی له‌ ڕووسیای سه‌رده‌می سۆڤییه‌ت و ژیانی تاراوگه‌ی ده‌كات و ڕه‌خنه‌یه‌كی توند له‌ سیستمی ئه‌وكاتی وڵاته‌كه‌ ده‌گرێت.

ئه‌و گوتی، ژیانی سێرگی دۆڤلاتۆڤ پڕ بووه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و نوشست و كوێره‌وه‌ری، وێنای ئه‌و دۆخه‌ی خۆی كردووه‌ له‌م رۆمانه‌دا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی به‌رز گێڕاویه‌تییه‌وه‌.|

سێرگی دۆڤلاتۆڤ ساڵی 1941  له‌ رووسیا له‌ دایك بووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین نووسه‌ری گاڵته‌ئامێز له‌ رووسیا و له‌ دنیادا و نووسینه‌كانی بۆ سه‌ر چه‌ندان زمانی زیندووی دنیا وه‌رگێڕاون.
وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، نووسینه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ له‌ ریزی ئه‌ده‌بی كلاسیك هه‌ژمار ده‌كرێن، بڕیار دراوه‌ بخرێته‌ ناو پرۆگرامی خوێندنی ئاماده‌یی و زانكۆكان له‌ رووسیا، له‌ دوای رووخانی سۆڤییه‌ت هه‌موو ساڵێك یادی ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌و گوتی، ئه‌م نووسه‌ره‌ هه‌موو ژیانی پڕ بووه‌ له‌ شكست و هه‌وراز و نشێو، به‌ڵام هه‌رگیز له‌ نووسینه‌كانیدا ئه‌م ئازارانه‌ ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌ و ئازاری له‌ڕێی پێكه‌نینه‌وه‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌به‌ر سه‌ختی ژیانی ئه‌م نووسه‌ره‌ و چیرۆكه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی، ساڵی 2018 له‌ فێستیڤاڵی سینه‌مایی به‌رلین بووه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی "ورچی زیوین".

به‌گوته‌ی شاكه‌لی، چیتر سێرگی دۆڤلاتۆڤ بۆ خوێنه‌رانی كورد نامۆ نییه‌ و ئه‌م نووسه‌ره‌ زۆر شاكاری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌كرێت كاریان له‌سه‌ر بكرێت و ئاشنا بكرێن به‌ خوێنه‌ری كورد.

كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی "جانتا" له‌ نووسینی "سێرگی دۆڤلاتۆڤ"، له‌ دووتوێی 200 لاپه‌ڕه‌دا له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و ئێسته‌ له‌ به‌رده‌ست خوێنه‌ردایه‌.

سواره‌ شاكه‌لی نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌ و چه‌ندان به‌رهه‌می تری چاپكراوی هه‌یه‌ و له‌ سلێمانی داده‌نیشێت.

 

 

سەرچاوە: wishe- ئاسان محه‌مه‌د