لەنجە ئەحمەد
لە بەرواری ١٠/٨/٢٠٢٤، تیمی پەروەردەیی ڕێکخراوی ئازادبوون سیمینارێکی بۆ هەرسێ روناکبیر و نوسەرو مامۆستای زانکۆ(م. یاسین ئافتاو، د.شەماڵ لەتیف، م.هاوڕێ رەزا) ساز کرد، بە مەبەستی ناساندنی ناوەڕۆکی سێ کتێبی پەروەردەیی( پێداگۆگی ستەملێکراوان- پاوڵۆ فرێری، دەربارەی پەروەردە کردن- بێرتراند ڕەسڵ، فێرگە و کۆمەڵگە- جۆن دێوی). کە بەڕێز (جیهاد موحەمەد) کاری وەرگێڕانی بۆ زمانی شیرینی کوردی کردووە.
لە میانەی سیمینارەکەدا کە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند، تیشک خرایە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکان و گرنگی و بەهایان لە پەروەردەی سەردەمدا. وە لە لەیەن ئامادە بووانیشەوە گفتو گۆی زۆری لەسەر کرا، کە بە کورتی خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
(پێداگۆگی ستەملێکراوان) ی پاولۆ فرێری
گرنگی دەدات بە پەروەردەی ڕزگاریخواز بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری ڕەخنەگرانە، وە جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی دایەلۆگ و بەشداری چالاک لە پرۆسەی فێربووندا، ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردەی نەریتی دەگرێت کە وەک "بانکی" ناوی دەبات پێی وایە دەبێت گۆڕانکاری لەو سیستەمەدا بکرێت و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا یەک بگرێتەوە.
لە چوارتەوەردا کورتی دەکەینەوە:
چەمکی "بانکی پەروەردە": فرێری ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردەی نەریتی دەگرێت کە تێیدا مامۆستا زانیاری دەخاتە ناو مێشکی خوێندکارەوە.بە بۆچوونی ئەو ئەم شێوازی فێرکردنە خوێندکار پاسیڤ دەکات و ڕێگە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەگرێت..
دایەلۆگ و تێڕامان: فرێری پێشنیاری شێوازێکی نوێی فێرکردن دەکات کە لەسەر دیالۆگ و پراکسیس (کردار و تێڕامان) بنیات نراوە. لەم شێوازەدا، مامۆستا و قوتابی پێکەوە فێر دەبن.
هۆشیاری ڕەخنەگرانە: ئامانجی سەرەکی پەروەردە لای فرێری گەشەپێدانی "هۆشیاری ڕەخنەگرانە"یە، کە تێیدا خەڵک دەتوانن واقیعی خۆیان شیبکەنەوە و بیگۆڕن.
پەروەردە وەک کردارێکی سیاسی: فرێری پێی وایە پەروەردە هەرگیز بێلایەن نییە و دەتوانێت یان یارمەتی ئازادکردنی خەڵک بدات یان بەردەوامی بە چەوساندنەوەیان بدات.
(فێرگە و کۆمەڵگە) ی جۆن دێوی..
جۆن دێوی پێی وایە پەروەردە دەبێت پەیوەندی بەهێزی هەبێت لەگەڵ ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینەدا، جەخت لەسەر فێربوونی کرداری و چارەسەرکردنی کێشە دەکاتەوە، وە باس لە گرنگی دیموکراسی و بەشداری کۆمەڵایەتی لە پەروەردەدا دەکات و بە گرنگ و پێویستی دەزانێت.
ئەگەر بە کورتی لێی بدوێین دەتوانین بڵێین کە :
فێربوون لە ڕێگەی ئەزموونەوە: دێوی پێی وایە باشترین فێربوون کاتێک ڕوودەدات کە خوێندکاران بەشداری چالاک بن لە ئەزموونە پراکتیکییەکاندا.
پەیوەندی نێوان فێرگە و کۆمەڵگە: دێوی جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندی بەهێز لە نێوان فێرگە و کۆمەڵگەدا دەکاتەوە. پێی وایە فێرگە دەبێت وەک کۆمەڵگەیەکی بچووککراوە کار بکات.
دیموکراسی لە پەروەردەدا: دێوی باوەڕی بە گرنگی پراکتیزەکردنی بەها دیموکراسییەکان لە ناو پۆلدا هەیە، بۆ ئەوەی خوێندکاران فێری بەشداریکردنی چالاک لە کۆمەڵگەدا ببن.
پەروەردە بۆ گەشەی بەردەوام: دێوی پێی وایە ئامانجی پەروەردە تەنها ئامادەکردنی قوتابییان نییە بۆ داهاتوو، بەڵکو یارمەتیدانیانە بۆ گەشەکردنی بەردەوام لە ئێستادا.
ڕۆڵی مامۆستا: بە بۆچوونی دێوی، مامۆستا دەبێت ڕێنیشاندەر و هاندەر بێت، نەک تەنها ئەرکی گواستنەوەی زانیاری بێت..
(دەربارەی پەروەردە کردن) ی بێرتراند ڕەسڵ
باس لە پێویستی هاوسەنگی نێوان ئازادی و نەزم لە پەروەردەدا دەکات
گرنگی پەرەپێدانی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانە لای مندالان دەخاتە ڕوو
جەخت لەسەر پەروەردەی هەمەلایەنە دەکاتەوە کە تەنها زانیاری نەبێت بەڵکو کەسایەتیش پەرە پێبدات..
ئەم کتێبانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بیری پەروەردەیی هەبووە و بیرۆکەی نوێیان سەبارەت بە چۆنیەتی فێرکردن و فێربوون خستۆتە ڕوو. ڕەسڵ پێی وایە منداڵان پێویستیان بە ئازادییە بۆ ئەوەی داهێنەر و خۆڕسک بن، ئازادی یارمەتی منداڵان دەدات کەسایەتی تایبەتی خۆیان پەرە پێبدەن، هەروەها ئازادی هانی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانە دەدات.
لە هەمان کاتدا، ڕەسڵ دەڵێت هەندێک جۆری ڕێکخستن پێویستە، ئەو نەزم و ڕێکخستنانە یارمەتی منداڵان دەدات فێری خۆ-کۆنترۆڵکردن و بەرپرسیارێتی ببن، هەروەها بۆ فێربوونی کارامەیی و زانیاری پێویستە کە لە داهاتوودا پێویستیان دەبێت
ڕەسڵ پێی وایە ئەگەر تەنها جەخت لەسەر ئازادی بکرێتەوە، ئەوا لەوانەیە منداڵان نەتوانن ئەو زانیاری و کارامەییانە فێر ببن کە بۆ سەرکەوتن لە ژیاندا پێویستیانە. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر تەنها جەخت لەسەر نەزم بکرێتەوە، ئەوا لەوانەیە کەسایەتی و داهێنەری منداڵان سنووردار بکرێت، بۆیە ڕەسڵ پێشنیار دەکات کە مامۆستایان و دایک و باوکان هەوڵ بدەن هاوسەنگییەکی گونجاو لە نێوان ئازادی و نەزمدا بدۆزنەوە.کە بە پێی تەمەن و کەسایەتی منداڵ دەگۆڕدرێت.
ئەم سێ بیرمەندە کاریگەری گەورەیان لەسەر لایەنە تیۆریی و پراکتیکیەکانی پەروەردە هەبووە، وە ئەم سێ کتێبە بۆهەموو زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراوە. کە پێم وایە هەر میللەتێک لە خەمی نەوەی داهاتوو و ئێستای نەتەوەکانیدا بێت دەبێت ئەو کتێبانە بە زمانی خۆیان لە کتیبخانەکاندا هەبێت و هانی مامۆستایان و پەروەردەکاران بدات بۆ خوێندنەوەو کار پێ کردنیان.