توێژینەوەیەکی ئەمریکی: گوشاری دەروونی تواناکانی مێشک کەمدەکاتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئەوانەی دووچاری گوشاری دەروونی زۆر دەبن، ئەگەری دابەزینی توانا هزرییەکانیان زیاترە، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای بیرکردنەوە، تەرکیزکردن و فێربوونی شتی نوێ دەبێت.

توێژەرانی زانکۆی یاڵێ لە ئەمریکا رایدەگەیێنن، ئەوانەی رۆژانە دووچاری گوشاری دەروونی دەبنەوە زیاتر نیشانەکانی لەبیرچوونەوەیان لەسەر دەردەکەوێت و خانەکانی مێشکیان ناچالاکتر دەبێت، هاوکات ئەوەش ئاشکرادەکەن کە لە هەردوو رەگەزەکەدا کەمبوونەوەی توانای مێشک بەدیدەکرێت. 

توێژینەوەکە لە گۆڤاری JAMAـی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، ئەوانەی گوشاری زۆریان لەسەرە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاترە، تەنانەت شێوازی ژیانیشیان خراپترە.

توێژینەوەکە ئەوەش ئاشکرادەکات، گوشاری دەروونی لە هەموو تەمەنێکدا کاریگەریی لەسەر توانای مێشک دەبێت، بەتایبەت لە کەسانی سەروو تەمەن 45 ساڵ، هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''گوشاری دەروونی 37٪ توانای بیرکردنەوە و لێکدانەوەی فەرمانەکانی مێشکی لە سەرجەم تەمەنە جیاوازەکاندا لاواز کردووە.'' 

د. ئەمبار کولشرێشتا، پسپۆڕی پەتازانی لە زانکۆکە گوتی، دەشێت گوشاری دەروونی کاریگەریی درێژخایەن لەسەر توانای بیرکردنەوە دروستبکات، چونکە هۆکارێک دەبێت بۆ پووکانەوەی خانەکانی مێشک و دروستنەبوونەوەیان.

د. ئیمی ئارنستن، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی یاڵێ دەڵێت، پەیوەندیی نێوان گوشار و چالاکییەکانی مێشک پێچەوانەیە و لەگەڵ زیادبوونی گوشاری دەروونی تواناکانی مێشک بەرەو کەمبوونەوە دەچن.

د. ئیمی روونی دەکاتەوە، گوشار و دڵەڕاوکێی بەردەوام، مادەی خۆڵەمێشی مێشک لەنێودەبەن و تێڕوانین و بیرکردنەوەی مێشک کەمدەکەنەوە.

لە بەشێکی توێژینەوەکەدا ئەوەش سەلمێندراوە, کە رەشپێستەکان بەراورد بە سپیپێستەکان نزیکەی 50٪ ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک و نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زیاترە. 

کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونی لە سوێد رایدەگەیێنن، گوشاری دەروونی بەو جۆرە ناسراوە کە کاریگەریی لەسەر جەستە دەبێت و مەترسیی جەڵتەی مێشک و خراپی وەڵامدانەوەی بەرگریی جەستە و زۆر شتی دیکە زیاد دەکات، هەروەها دەشێت مرۆڤەکان بەرەو رەفتارە ناتەندروستەکانی وەکو 'جگەرە و نێرگەلەکێشان و خراپیی چالاکیی جەستەیی' ببات.

 

سەرچاوە: ڕوداو