تورکیا بەتۆمەتی دەرکردنی کتێب بە زمانی کوردی کە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە سێ نووسەری کوردی دەستگیرکرد.
هەرسێ نووسەرەکە لە شوێنی جیاجیا دەستگیرکراون مەڤلود ئایکۆچ لە ئیستەنبووڵ، سامی تان لە ئورفە و رۆناهی ئۆنانیش لە ئامەد لەلایەن پۆلیسەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستگیرکراون بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی کتێبێک لە ساڵی ٢٠١٠, پۆلیسی ئیستانبوڵ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دەکات.
سامی تان، کە سەرۆکی دامەزراوی زمان و کولتووری کوردییە لەبارەی کتێبە کوردییەكە پرسیاری لێکراوە، کە لەگەڵ مەڤلود و رۆناهی نووسەر لە ساڵی ٢٠١٠ ئامادەیان کردبوو، پۆلیس پرسیاری بەشی سێیەمی کتێبەكە و ئامانجەکانی بڵاوکردنەوەی ئەو بەشەی لە مەڤلود کردووە، وەڵامی سامی تان بۆ ئەم پرسیارە ئەوە بووە، کتبێبە کە ناوی "هینکەر"ە ئامادە کراوە تاوەکو لە کۆرسی تایبەتی زمانی کوردیدا بخوێنرێت.
بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەربارەی ئەو وێنانە بووە کە لەناو کتێبەکەدا بڵاوکراونەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە و دەستپێکردنی پرۆسەری ئاشتی تا ئێستا نەک تەنها تورکیا هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ نیازپاکی بەرانبەر پرۆسەکە نەناوتەوە، بەڵکوو چەند سەرۆکی شارەوانی لە باکوور دەستگیرکردوە و هاوکات هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر باکوور و باشوور بەردەوامە.
سەرچاوە : سپی میدیا