كتێبی "تراژیدیای كاكەییەكان لە ناوچە جێناكۆكەكانی ئێراق"، لە نووسینی كریستینا كویفونن و حوسین تاڵەبانی، ئازاد كاكەیی لە عەرەبییەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی كوردی و لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە چاپ و بڵاو كرایەوە.
ئازاد كاكەیی، وەرگێڕ لەبارەی كتێبەكەوە بە "وشە"ی گوت، ناوەڕۆكی كتێبەكە باس لە دۆخی كاكەییەكان لە ساڵی 1996ەوە تا ئێستە دەكات ، ئەو كاتەی بۆ یەكەم جار گرووپی تیرۆریستی "جوندولئیسلام"، لە گوندی (هاوار)، فەتوای تەكفیركردنی كاكەییان دەركرد، ئەوانیان خستە پێش دوو بژارە، ئیسلامبوون یان جێهێشتنی گوندەكە، ئەوەبوو كاكەییەكان جێهێشتنی گوندەكەیان هەڵبژارد.
زیاتر گوتی، هەروەها كتێبەكە باسی دوای ساڵی 2003 و سەردەمی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە دەكات، تیشك دەخاتە سەر تیرۆركردنی هاووڵاتییانی كاكەیی لە ناوچە جێناكۆكەكان كە زیاتر لە 250 كاكەییان تیرۆر كرد، تا هاتنی رێكخراوی داعش.
"ئێستەیش ئێران بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بە هەمان شێوە دوو بژارەی خستووەتە پێش كاكەیی و كەمینە ئاینییەكانی تری ئەو ناوچانە، دەیەوێت لە رێی حەشدی شەعبییەوە رادەستی ئیرادەی حەشد و شیعە بین یان ئەو ناوچانە چۆڵ بكەین. بۆیە ئاسانكاری و چاوپۆشی لە كوشتن و سووتاندنی گوند و دەغڵ و دانی گوندی كاكەییەكان دەكرێت"، ئازاد كاكەیی وای گوت.
روونی كردەوە، هەموو ئەو تاوانانە بەرانبەر كاكەیی و كەمینە نیشتەجێیەكانی ئەو هێڵە دەكرێت، ئەو ناوچە جێناكۆكانەی ئێران بە سووریاوە دەبەستێتەوە، وەك ناوچەیەك لە لایەن حكوومەتی بەغدا و هەرێمەوە پشتگوێ خراوە و بۆ ئێران و میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران جێ هێڵراوە، كتێبەكە باس لە هەموو ئەو قۆناغە سەختانە دەكات كە كاكەییەكانی پێدا تێپەڕ بوونە، بەوردی تیشكی خستووەتە سەر قۆناغەكان لە ساڵی 1996ەوە تا ئەم ساتە.
شایەنی باسە ئازاد كاكەیی، لە ساڵی 1957 لە شاری كەركووك لەدایك بووە، نووسەر و رۆشنبیرە و ئێستە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە یۆنان دادەنیشێت.
سەرچاوە: wishe