گۆرانیبێژی خاوەن هەڵوێست و كورد پەروەر تەحسین تەها، ناوی تەواوی )تەحسین تەها محەمەدە( لە گوندی بیبۆی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی لە خانەوادەیەكی هونەری و كورد پەروەر لە رۆژی ٢٥ / ٥/ سالی ١٩٤١ لە دایكبووە، لە بەر ئەوەی باوكی فەرمانبەر بووە لە گەلێك لە شار و شارۆچكەكانی دەڤەری بادینان ژیاوە، بۆیە تەحسن تەها لە مانگیش و باتووفە و دهۆك خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٦٠ دواناوەندی تەواو دەكات، پاشان دەچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەكان لە بەغدا، بەڵام بە بیانۆی جموجۆلی سیاسی دەگیرێت و لە خوێندن دوور دەخرێتەوە، بەهەمان شێوە لە سالی ١٩٦٣ جارێكی تر لە گەڵ خاڵێكی بە ناوی )عمر( لە لایەن رژێمی بەعس دەگیرێتەوە، بەڵام ئەمجارە بەر لێبووردنی گشتی دەكەوێت بەردەبێت.
تەحسین تەها بەردەوام دەبێت لە خوێندن لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان و تەواوی دەكات و دەبێتە مامۆستای سروود )نشید( لە شارۆچكەی مەخموور، لەبەر ئەوەى باوكی شاعیر بووە بەشێك لە گۆرانیەكانی لە دانانی خۆیەتی لە وانە )ڕابە جوتیار، بەهدینان، چوومە زاخۆكێ(.
لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ - ١٩٧٠ زیاتر لە ) ١٢٠ ( گۆرانی لە ڕادیۆی كوردی بەغدا تۆماركردووە، ئاوازی گۆرانیەكانی ناوبراو شێوازی میللی و كەلەپووری نەتەوایەتی و سیاسی وەرگرتووە، ژیانی دێهات و كوردەواری پێوە دیارە و تێكڕای هەلقوڵاوی ژیان و سروشت و عیشق و ئەوینداریە. یەكەمین گۆرانی بە ناوی )ئەشكرا ناكەم یا لبەر ڤی دڵێ( كە لە نووسین و ئاوازی خۆیەتی لە سالی ١٩٥٨ تۆماری كردووە و ناوبانگێكی زۆری دەركردووە، ناوبراو جگە لە گۆرانی وەكوو ئەكتەریش بەشداری لەچەند كارێكی شانۆگەری و نواندن كردووە و یەكەمین كۆنسێرتی خۆی لە دوای ڕاپەڕین لە سالی ١٩٩١ لە دهۆك ئەنجام داوە، وە هەروەها لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦ - ١٩٧٩ لە سێ ئۆپەرێتدا بە ناوەكانی )داستانی شۆڕش، ڕووباری ژیان، دەرگای ژیان( بەشداری كردووە و دەورێكی سەرەكی بینیووە لە گەل هونەرمەندان )سەلام مەحمەد عەدۆ، سوبحی كۆیی، تەحسین سابیر، جەودەت مەحمود، كوردۆ گەڵالی، ئەسعەد عومەر، ئامانج یونس(.
لە چاوپێكەوتنێكدا هونەرمەند و مۆسیقا ژەنی گەورەی كورد مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی دەربارەی هونەرمەند و گۆرانی بێژ تەحسین تەها دەڵێت )بە هونەرەكەی خزمەتێكی باشی بە هونەری نەتەوەكەی كرد، توانیوویە شوێنی خۆی لە ناو دڵی جەماوەرەكەی بكاتەوە و هەمیشە هەوڵیداوە كە قورسایی خۆی بپارێزێت و گۆرانیەكانی بەشێكی هێما بوو بۆ سیاسیەت و بەشێكی دیكەی بۆ سروشت و جوانی كوردستان، هاوكات هەڵگری خۆشەویستی بوو، بە پێویستی دەزانم كە ژیاننامەی مامۆستا تەحسین تەها لە ناو پەیمانگاكاندا وەكوو نموونەیەك لە گەڵ كارەكانی بەر جەستە بكرێت و ببێتە ئاستیكی بەراوركاری بۆ ئێستا و ڕابردوو، چونكە مۆسیقای ئەمڕۆ وەك ساندەویچ )لفە(ی خواردنی لێهاتووە كاتییە لە هزردا نامێنێتەوە، بەڵام گۆرانیەكانی ئەو هەمیشەییە و نەوە لە دوای نەوە دەیڵێنەوە(. هونەرمەند تەحسین تەها لە سالی نۆهەتەكان چۆتە وڵاتی هۆلەندا لە وێ بە ئاوارەیی ژیاوە تا لە رۆژی ٢٨ / ٥/ ١٩٩٥ بە نەخۆشی دڵ لە یەكێ لە نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتە كۆچی دووایی كرد و لە رۆژی ٤/ ٦/ ١٩٩٥ تەرمەكەی گەیشتۆتەوە كوردستان، ڕەوانت شاد بێت ئەی هونەرمەندی گەورە و كورد پەروەر.
سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان/ نەجمەدین عەزیز سمایل