ئاوات جەمال ساڵح
ڕۆژنامەنووسان لە کوردستانی عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، لە زیندانیکردن، تۆقاندن، لێگرتنەوەی زانیاری و توندوتیژی جەستەیی، بەتایبەتی لە کاتی ڕاپۆرتکردن لەسەر بابەت گەلێکی هەستیار وەک گەندەڵی یان ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
ئەم کارانە کاریگەرییەکی هەستیاری لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری دروستکردووە، وایکردووە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان هەڵبێن! خۆیان بشارنەوە! یان واز لە پیشەکەیان بهێنن.
بەم دواییانە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی" داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کار بکات کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری بهێنێت، تیشکی خستووتە سەر زیندانیکردنی ئارەزوومەندانە و دەستدرێژی جەستەیی و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی ڕۆژنامەنووسان.
ئەو جۆرە کارانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەرحەق بە رۆژنامەنووسان دەکرێ، کاریگەرییەکی هەستیار و تۆقێنەری لەسەر ئازادی ڕادەربڕین هەبووە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان ناچاربوون بە تەواوی دەستبەرداری بواری ڕۆژنامەگەریی ببن.
لە بەرامبەر ڕووبەری ئازاددا، میدیا چەند گەشە بکات، ستەمی دەسەڵات یان ئەو سیستەمەی فۆبیای بەرامبەر بە ئەرک و بەرپرسیارێتی رۆژنامەنووسان هەیە زیاتر دەکات و بەردەوام لە هەوڵی سەرکوتکردن و سڕینەوە و لەناوبردنی رای جیاوازدایە. چونکە ئەوان نایەنەوێت ڕۆژنامەنووسان دۆسییە هەستیارەکان بورووژێنن بۆ خەڵک و ڕای گشتی ئاشکرایان بکەن. لای ئەوان ئەو بابەتانەی پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە یان ناخوێندرێنەوە یان بە بێزراوی فڕێیان دەدەن، چونکە دەسەڵاتی پشتاوپشتی حکومڕان، هەوڵی چاکسازی نادا و سیستمی نوێ قبوڵ ناکات!
هەر بۆیە تا دێت پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، ئەمەش مایەی نیگەرانییەکی زۆرە و کار گەیشتووەتە ئاستێک، لە ئێستادا کوردستانی عێراق بووەتە یەکێک لە ناوچە مەترسیدارەکان بۆ کارمەندانی ڕاگەیاندن و جگە لەوەی ژمارەیەک لەو کەسانەی بەهۆی پیشەکەیانەوە دەستگیرکراون، هاوکات هەر چەند رۆژ جارێک هەواڵی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێک یان لێدان و پێشێلکردنی مافی میدیاکاران دەبێتە ناونیشانی زۆرینەی میدیاکان بەبێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەڵوێستێک بنوێنێت لەو بارەیەوە.
سەرچاوە : هاوڵاتی