بەهۆی رێگری لە میوانەکان بەشێک لە نمایشەکانی فێستیڤاڵی کەرکوک دەبرێتە چەمچەماڵ

بەهۆی ڕێگری هێزە ئەمنیەکان لە سەردانی ژمارەیەک لە میوانانی فێستیڤاڵی شانۆی کەرکوک بریارە بەشیک لە نمایشەکان ببرێتە شارۆچکەی چەمچەماڵ.
بۆ ڕۆژی دووەم فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک بەردەوام بوو و ئەمڕۆش دوو نمایش لە لایەن گرووپی کەرکوک و گرووپی دهۆکەوە نمایش کران، نمایشێک لەلایەن گرووپی کەرکوکەوە و نمایشێکیش لەلایەن گرووپێکی شاری دهۆکەوە .

تاریق ناسیح، ئەندامی لیژنەی باڵای فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بڕیارە سبەی بەیانی گفتوگۆیەکی ڕخنەگرانە لە بارەی دوو شانۆی نمایشکراوی ئەمڕۆوە بەڕێوە بچێت و بۆ دەمی ئێوارەش دوو نمایشی تر پێشکەش بکرێن بەڵام بەهۆی ئەو گرفتانەی هاتوونەتە ڕێمان نمایشەکانی سبەی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ نمایش دەکرێن .

سەرباری نوسراوی فەرمی پارێزگای کەرکوک بەمەبەستی ئاسانکاری لە هاتووچۆی میوانانی سێ بەشی دیکەی کوردستان بۆ شاری کەرکوک، بەڵام دەزگا ئەمنیەکانی شارەکە ئامادە نەبوون ڕێگە بەمیوانان بدەن بێنە کەرکوک و بەهۆیەوە بەشێک لە نمایشەکان دەبرێنە شاری چەمچەماڵ و شارەدێی قەرەهەنجیر.

شکۆ عومەر، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی داهاتوودا نمایشی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە دەچن و بەحوکمی ئەو گرفتانەی هاتە پێش بۆ فیستیڤاڵەکە نەمانتوانی نمایشەکان لە ناو شاری کەرکوک ئەنجام بدەین لەبەر ئەوە بڕیارماندا نمایشەکان ببەینە نزیکترین شار لە کەرکوکەوە کە چەمچەماڵە، هەروەک دەزانین بە پێی بەڵگەناما مێژووییەکانیش چەمچەماڵیش سەر بە پارێزگای کەرکوک بووە .

باسی لەوەشکرد، میوانەکان ڕەزامەندی مانەوەی هەرێمی کوردستانیان هەیە و هی عێراقیان نیە و عێراقیش ئاسانکاریان بۆ نەکردین هەتا میوانەکان بێنە ناو شاری کەرکوکەوە .

سەرپەرشتیایر فێستیڤاڵەکە وتیشی: پارێزگاری کەرکوک دەڵێت من نوسراوم کردووە بەمەبەستی ئاسانکاری، بەڵام دەزگاکانی تر دەڵێن دەبێت ڕەزامەندی ئێمەش وەربگیرێت و هەموومان دەزانین کە کەرکوک چەندین دەزگای ئەمنی لێیە کە کەسیان دان بە ئەوی تردا نانێت.

 

سەرچاوە: rojnews