هونەرمەندێکی خەڵکی باشووری کوردستان لە کێبڕکێدایە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئارتس مووندی هونەری. خەڵاتەکە بەهادارترین خەڵاتی هونەرییە لە بەریتانیا.
رۆژی پێنجشەممە 9/6/2022 پێشانگەی هونەری ئارتس مووندی، لیستی کورتکراوەی بەشداربووانی خەلاتەکەی راگەیاند و د. روشدی ئەنوەر، کە هونەرمەندێکی کوردە، یەکێک بوو لەو هونەرمەدانەی لە نێو لیستەکەدا بوو.
کێبڕکێکە لە نێوان حەوت وێنەکێشدایە، هەریەکە لە "روشدی ئەنوەر لە هەرێمی کوردستان، کارۆلینا کایسیدۆ لە بەریتانیا، عالیە فەرید لە کوێت، نایۆمی نیکۆن گەلاردۆ لە بەریتانیا، تالۆی هاڤینی لە بۆگواینڤیل، نگوێن ترین تی لە ڤێتنام و مونیرە ئەلسولح، (لوبنان و هوڵەندا) چانسی بردنەوەی دەیەمین خەڵاتیان هەیە کە دوو ساڵ جارێک دەدرێت و گەورەترین خەڵاتی هونەری هاوچەرخی بەریتانیایە و بریتییە لە 40,000 پاوەن".
کارە هونەرییەکانی وێنەکێشەکان لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 تاوەکو ئاداری ساڵی 2024 لە چەندین مۆزەخانە و شار لە وەیلز نمایشدەکرێن. دواتریش یەک وێنە دەبێتە براوەی خەڵاتی ئارتس مووندی.
د. روشدی ئەنوەر، وێنەکێش، لێکۆڵەر و چالاکڤان، کوردێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. لەگەڵ شەش وێنەکێشی جیهانیی دیکە لە کێبڕکێدایە بۆ خەڵاتی ئارتس مووندی بەریتانی.
د. روشدی ساڵی 1971 لە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی 1992 ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی کەرکووک تەواوکردووە. دواتر بڕوانامەی گرافیک دیزاینی لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا بەدەستهێناوە. ساڵی 2010 ماستەری لە هونەرەجوانەکانی زانکۆی میلبۆرنی ئوسترالی بەدەستهێنا و دواتریش لە ساڵی 2016 لە هەمان زانکۆ بووە خاوەنی بڕوانامەی دکتورا لە فەلسەفەی هونەر.
روشدی ئەنەوەر وەک خۆی دەڵێت، وێنەکانی "ئەزموونی کەسیی خۆی و بیرەوەرییەکانی" خۆیەتی و هەوڵدەدات لە رێگەی وێنەکانییەوە تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق لە راگواستن و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورد پیشانی جیهان بدات. هونەرمەندە کوردەکە براوەی 29 خەڵاتی هونەرییە لە چەند شوێنێکی جیاوازی جیهاندا. هەروەها بەشداری زیاتر لە 100 پێشانگەی هونەریی نێودەوڵەتی کردووە.
سەرچاوە: rudaw