بەشێوەیەکی هونەریی ڕواندزی کۆن دروست دەکرێتەوە

هاوڵاتیەك لە خۆشەویستیی بۆ ڕواندز و مێژووەكەی، شاری ڕواندزی بەشێوەیەکی هونەریی لە باخەکەیدا دروستکردووە و وەک مۆزەخانەیەکی لێهاتووە و خەڵک سەردانی دەکات.

ڕواندزی كۆن پێكهاتبوو لە چەندین بینا و خانووی كۆن و چەندین پاشماوەی سەردەمی میرنشینی سۆران و پاشای گەورەی تێدابووە، ئێستا ئەم باڵەخانە و كەلوپەلانە بەرەو لەناوچوون دەچن و زۆربەیانی بوون بە یادگاریی لەبیری ڕواندزییەكان، بۆ ئەمەش هاوڵاتیەكی دانیشتووی گوندی کاولان، بەڕێگای كاری هونەریی هەمان دیمەنی ڕواندزی كۆنی لەناو باخی ماڵەكەی دروست كردووەتەوە لەشێوەی مۆزەخانەیەك.

محەمەد سەعید، ئەو هاوڵاتییەیە كە كارە هونەرییەكەی كردووە و لەوبارەیەوە دەڵێت: ئامانج لە دروستكردنەوەی ڕواندزی كۆن تەنیا پاراستنی ئەم مێژووە كۆن و درێژەیەی كە لەم شارو ناوچەیەدا هەبووە، چونكە لە ئێستادا هیچ لەم بینا و دیمەنانە لە بیر و هزری خەڵكیدا نەماون، كە ئەم شارە چی تێدابووە و بە چ شێوەیەك بووە، بۆیە دروستكردنەوەی ئەم شارە بەم قەبارەیە لانی كەم دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەی تازە یان گەشتیاران بزانن، كە ڕواندز ئەم شتانەی تێدابووە.

محەمەد، بۆ دروستکردنەوەی ڕواندز بەشێوەیەکی بچووک و هونەریی، بەرد و چیمەنتۆ و کەلوپەلی سەرەتایی بەکارهێناوە، لەسەر هەر بەشێکی باڵەخانەکانیش، ناوی نووسیوە.

كاری ئەو هاوڵاتییە، کە چەند ساڵێکی پێچووە تا تەواو بووە، بووەتەهۆی دڵخۆشیی بەشێكی زۆری دانیشتوانی شارەكە و ئەو كەسانەشی كە بۆ گەشتیاری ڕواندزن بەشی زۆریان سەردانی ناو ماڵ و باخەكەی دەكەن و ساتێك سەیری دیمەنی كۆنی شاری ڕواندز دەكەن و وێنەی یادگاریی لەگەڵ دەگرن.

بەشی زۆری خانووەكان و گەڕەك و باڵەخانەكان هی سەردەمی پاشای گەورەن، بۆ دیزاینکردنی ئەو باڵەخانانە، محەمەد سەعید سوودی لە گێڕانەوەکان وەرگرتووە.

محەمەد سەعید، دەڵێت:”ەگەر نەشم توانیبێت هەمووی وەك خۆم دروست بكەمەوە ئەوا توانیومە ئەو باڵەخانە و شوێنە فەرمیانەی ڕواندز لەسەردەمی پاشای گەورە دروستبكەمەوە، بەتایبت زیندان، خوێندنگا، نەخۆشخانە، تۆپەكەی وەستا ڕەجەب، مزگەوت و كۆشكەكان لەگەڵ چەندین گەڕەكی كۆنی ڕواندز”.

 

 

سەرچاوە: rojnews