بە پاڵپشتیی ئەمریکا پەرستگەی لالش نۆژەن دەکرێتەوە؛ 'پرۆژەکە زۆر گرنگە'

 

ئەیوب نەسری

  ئەیوب نەسری

 

کرێکارێک لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی لالش کار دەکات. وێنە: رووداو
کرێکارێک لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی لالش کار دەکات. وێنە: رووداو

 

 

 

بە پاڵپشتیی دارایی ئەمریکا، کاری نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش بەردەوامە، کە لە ساڵی 2019دا دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و قۆناخی یەکەمیشی نزیکە لە تەواوبوون.

خالید نەرمۆ، راوێژکاری جڤاتی رۆحانیی کوردانی ئێزدی دەڵێت، لە لالش پرۆژەیەکی زۆر گرنگ بۆ نۆژەنکردنەوەی مەزاری لالش هەیە، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و لەلایەن زانکۆی پەنسلڤانیاوە لەسەر ستانداردی جیهانیی یونسکۆوە جێبەجێ دەکرێت، چونکە لالش تایبەتمەندیی ئایینی و شوێنەواریی خۆی هەیە.

بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش، کۆنسوڵی ئەمریکا سەردانی لالشی کرد، لەگەڵ میر و ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییەکان کۆبووەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدییەکان دووپات کردەوە.

هەروەها کۆنسوڵی ئەمریکا سەردانی شێخانی کرد و لەگەڵ قایمقامی شێخان و بەشێک لە ئاوارەکانی شنگال کۆبووەوە؛ لەو سەردانەدا پرۆژەیەکی نوێی بە گوژمەی 150 هەزار دۆلار پێشکێشی خەڵکی شێخان، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، کرد. لەو پرۆژەدا 144 قوتابیی قۆناخی ئامادەیی لە ماوەی دوو ساڵدا  فێری زمانی ئینگلیزی دەکەن.

مارک سترۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زۆر دڵخۆشم بە راگەیاندنی ئەوەی، گوژمەی 150 هەزار دۆلاری دیکەمان بۆ دەزگای (ئێزدیی ئازاد) تەرخان کرد، کە لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 140 قوتابیی ئامادەیی لە شێخان فێری زمانی ئینگلیزی دەکرێن، کە بەشێکیان نیشتەجێی کەمپەکانن، ئەمەش بۆ باشترکردنی ژیان و کارەکانیان دوای تەواوکردنی قوتابخانە."

لەبارەی پڕۆژەکەوە، زۆزان حەسیب، بەرپرسی فێرکردن لە دەزگای ئێزدیی ئازاد ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەکەیان فێرکردنی ئینگلیزی و بونیادنانی کەسایەتیی بەشداربووەکانە کە تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 16 ساڵە و دەبێت کۆنمرەیان زیاتر لە 70 بێت.

سەرچاوە : ڕووداو