بێشكچی، قەڵەمێكی ئازا‌و ئازاد!

د.ئیسماعیل بێشكچی، زانا‌و بیرمەندێكی كۆمەڵناسی توركە، بەهۆی هەڵوێست‌و بەرهەمەكانییەوە، لەسەرانسەری گۆی زەویدا وەك سیمبولی ئازایەتی‌و ئازادیخوازی‌و داكۆكیكاری سەرسەختی گەلی كوردستان ناسراوە.
بێشكچی زیاتر لە17ساڵی تەمەنی لەكونجی زیندانەكانی توركیادا بەسەر بردووە، لەزیندان ئازاری قورسی جەستەیی‌و دەروونی دراوە،چەندین سزای دیكەی دارایی دراوە، بەڵام هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەداوە، خۆی گوتەنی لەپێناوی پرسی ڕەوای گەلی كوردستاندا زیاتر سوور بووە لە سەر بیروبۆچوونەكانی، ئەو بەتەنها لەرێی هزر‌و قەڵەمەكەیەوە، چۆكی بەو دەوڵەتە گەورەیە داداوە، ناچاری كردووە تاڕادەیەك واز لەسیاسەتی نكۆڵیكردن‌و سڕینەوەی گەلی كوردا بهێنێ‌، بەناچاری دان بەوەدا بنێ‌ كە لەتوركیا بێ‌ لەگەلی تورك، گەلێكی دیكە بەناوی كورد هەیە.
كتێبی (بیرەوەرییەكان) كەلەنووسینی (د.ئیسماعیل بێشكچی)یە،لەنێوان ساڵانی (2019-2020) ئامادە كراوە‌و ساڵی 2021 بەزمانی توركی بڵاو كرایەوە، رۆژنامەنووسی بەئەزموون ( محەمەد عیزەدین) بەكوردییەكی شیرین‌و پارا‌و وەرگێڕاوە‌و كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ بڵاو كرایەوە‌و كەوتە بەر دیدەی خوێنەران.
ئەم كتێبە كە 654 لاپەڕەیە، تەنها بیرەوەرییەكانی ناو زیندان دەگێڕێتەوە، هەروەك بێشكچی خۆی لەپێشەكی كتێبەكەدا باسی دەكات، لەم كتێبەدا باسی بیرەوەرییەكانی سەردەمی منداڵی‌و گەنجی نەكردووە، بەڵینی داوە ئەو قۆناغانەی تەمەنی،لە دووتوێی كتێبێكی دیكەدا بخانە ڕوو.
بێشكچی، ئەم كتێبەی پێشكەش بە خاتوو (لەمان بێشكچی) هاوسەری كۆچكردووی كردووە،كە لە12ی نیسانی 2021 ماڵئاوایی لەژیان كردووە.
وەك دەڵێن لەپشت هەر پیاوێكی مەزنەوە، ژنێكی مەزن هەیە، بێگومان، لەمان بێشكچی قەڵایەك بووە لەپشت د. ئیسماعیل بێشكچییەوە، لەبارەی هاوسەرەكەیەوە، بێشكچی دەڵێ‌: ( هێزی من لە هەموو ئەو ڕوداوو زوڵم‌و زۆرەی بەهۆی نووسین‌و كتێبەكانمەوە بەسەرم هاتوون، هەر لەئامادەكردنیان‌و بڵاوكردنەوەیانەوە‌و كاردانەوەكانیدا، لەسایەی لەمان بێشكچیی هاوژینم بووە، ئەو گوڕ‌و تینی پێبەخشیم بەسەر زوڵم‌و ناهەقییەكاندا سەربكەوم، ئەو بەرگەی زۆر رووداوی گرت، وایكرد ئەو روداوانە تێپەڕن، بۆیە كتێبەكەم پێشكەش بەو هاوسەرە خۆشەویستەم دەكەم).
بێشكچی، لەوڵاتێكدا دەژیا، كە ئایدۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەت، باڵی بەسەر هەموو بوارەكانی ژیاندا كێشابوو، رای ڕەسمی دەوڵەت ئەوەبوو، كە لەتوركیا یەك گەل‌و نەتەوە هەیە، هیچ گەل‌و نەتەوەیەكی دیكە نییە، ئەم ئایدۆلۆژیا رەسمییە، باڵی بەسەر هەموو وڵات‌و تەنانەت زانكۆ‌و ناوەندەكانی دیكەی رۆشنبیری‌و توێژینەوەدا كێشابوو، هیچ را‌و دەنگ‌و نووزەیەكی پێچەوانە نەبوو، هەموو لەگەڵ ئایدۆلۆژیای فەرمی بوون‌و جەختیان لەسەر ئەو سیاسەتەی دەوڵەت دەكردەوە.
بێشكچی، دوای تەواو كردنی خوێندنی زانكۆ، بۆ خزمەتی سەربازی چووە ناوچە كوردنشینەكانی توركیا، ئەو كە بەچرای زانستی كۆمەڵناسی مێشكی رۆشن بوبۆوە، لەو ناوچەیە، شتێكی دیكەی جیاوازی لەرای رەسمیی دەوڵەت بینی، ئەو لە نزیكەوە خەڵكێكی دیكەی بینی كەزمان‌و كولتوور‌و جلوبەرگیان جیاوازە لە خەڵكی تورك، ئەوان گەلێكی دیكەن، تەنانەت لەزمانی توركەكانیش تێناگەن‌و پێویستیان بە وەرگێڕە.
ئەو بابەتە سەرنجی بێشكچی راكێشا‌و بووە مەراق‌و خولیای، كەخزمەتی سەربازی تەواو كرد، چوەوەوە زانكۆ، ئەو پرسەی كردە بابەتی توێژینەوەی زانستیی نامەكانی ماستەر‌و دكتۆرا، ئیدی پرسی كورد بووە خەون‌و خولیای‌و خۆی بۆ تەرخانكرد، لەبەر رۆشنایی چرای زانستدا، بەهێمنی ئەو ڕاستییەی سەلماند، كە گەلێكی دیكەی جیاواز هەیە‌و نابێ‌ نكۆلی لێبكرێ‌‌و هەوڵی توانەوەی بدرێت.
ئەو بۆچوونانەی كە بە وتارو كتێب‌و لێكۆڵینەوەی زانستی پێشكەشی كرد، وەك بۆمبای سەردەم دەنگی دایەوە، وەك خۆی باسی دەكات، بۆچوونەكانی ئەو بە بۆمبڕێژكردنی پایەكانی دەوڵەت لەقەڵەم درا.
ئیدی لەسزای ئەوەدا وەك هەنگاوی یەكەم لە زانكۆ دەركرا‌و بە یەكجاری دوور خرایەوە.
لەشەست ساڵی رابردوودا، دادگاكانی ئاسایش‌و سەربازی وڵات بەدوایەوە بوون، زیاتر لە 17 ساڵی تەمەنی لەو دیوی شیشی زیندانەكانەوە بەسەر برد، لەسەر وتارێك كتێبێك زیندانی دەكرا‌و حوكم دەدرا، ئازاد دەكرا، لەسەر نامەیەك، وتارێك، كتێبێكی دی، لێدوانێك، كۆڕێك، دەستگیر دەكرا‌و حوكمی دیكەی بەسەردا ئەدرا، ئەو زیاتر لەنیو سەدە لەزیندان‌و بەرێی زیندان‌و دادگاوە بوو، ئیدی زۆربەی بەرێوەبەرانی زیندان، دادوەرەكان، زیندانییەكان دەیناسی، ئەو هیچ زەبر‌و زەنگ‌و سزا‌و ئازاردانێكی جەستەیی‌و دەروونی، كۆڵیان پێنەدا‌و لەسەر بیروباوەڕی خۆی سوور، ئەو بەهێمنی‌و لێكدانەوەی زانستیی بەڵگەدار، كۆڵی بەوان دا‌و ئەو دەوڵەتە گەورەیە هاتە سەر ڕوانینەكانی ئەوو دانی بەوەدا نا گەلێكی دیكە هەیە.
بێشكچی، خولیای خوێندنەوە‌و نووسین بوو، تەنانەت لە ناو زیندانە تاریكەكانیش، وێڵی دوای كتێب‌و گۆڤار‌و رۆژنامە بوو، لەم زیندان بۆ ئەو زیندان دەیگواستنەوە، هەندێ‌ جار دەیناردنەوە بۆ ماڵەوە.
لەدەرەوەی زیندان، بواری زیاتری بۆ خوێندنەوە‌و نووسین هەبوو، خولیا‌و ئاشقی ئەو بوارە بوو، لەم كتێبەدا شتێكی خۆش باس دەكات، دەڵێ‌: ئێوارەیەك پارەی كڕینی رۆژنامەیەك‌و پارەی پاسەكەم پێبوو، رۆژنامەیەكم كڕی، دواتر ناوونیشانی وتارێكی رۆژنامەیەكی دی، سەرنجی راكێشام، ئەویشم كڕی‌و پارەی پاسەكەم پێنەما، بڕیارم دا بەپێ‌ بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەشانسی من، كردی بەباران‌و تۆفانێك نەمتوانی بەپێ‌ بڕۆمەوە، چوومە عیادەی دكتۆرێكی هاوڕێم پارەم لێوەرگرت بۆ گەڕانەوە.
بێشكچی، لەزیندان دەیان كەسایەتیی سیاسی‌و رووناكبیری ناسی، زیندان بۆ ئەو بوو بەقوتابخانە‌و ئاسۆی بیركردنەوەی فراوانتر كرد‌و وەك ئازادیخوازێك بووە جێی رێزی رێكخراوەكان‌و ئازادیخوازانی جیهان.
ئەو دەرگای وڵاتانی ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و چەندین وڵاتی دیكەی بۆ واڵا بوو، بەرێزەوە پێشوازیان لێدەكرد‌و بەتاسەوە گوێیان لە بیرو بۆچوونەكانی دەگرت، لەدوو زانكۆ دكتۆرای فەخری پێدرا.
ئەو بوو بەباڵوێزی ناساندنی پرسی كورد لەسەرانسەری جیهاندا، ئەوەی ئەو بیرمەندە توركە بۆ كورد كردوویەتی شتێكی ناوازەیە، شێركۆ بێكەس وتەنی: نموونەی وەك بێشكچی، كە هەموو ژیانی پێشكەش بەگەلی كورد كردووە، لەناو نەتەوە سەردەستەكاندا دەگمەنە، بێشكچی وەك پیاوی داستانە گەورەكان، هەتا هەتایە بەپیرۆزی لەناو دڵ‌و دەروون‌و ویژدانی گەلی كوردستاندا دەمێنێتەوە.

 خەلیل عەبدوڵڵا
Jun 8, 2022

 

سەرچاوە: galawej