“بێزارم لە ئۆنێتی”

نوسەر: خوان تایۆن
لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

کەس چاوی لێم نەبوو و چووم لەسەر پێخەفەکەی خوان کارلۆس ئۆنێتی دانیشتم، هەر دەتگوت هێشتا بە دنیایەک خەوزڕانی تر ئاوسە. نەختێک لەسەری تلامەوە و قرچەی بێدەنگییەکی لەمێژینەی دایەوە؛ زانیم هێشتا وێژەکەی شاردراوەتەوە لەو پێخەفەی حەوت حەفتەیە لە کاسا دێ ئەمریکا نمایش کراوە. هەموو ئەوەی ئۆنێتی پێویستی بووە، تەنانەت ئەوەیشی لێی زیاد بووە، ژوورەکەی تێیدا بووە؛ ئەو ژوورەی مەگەر چۆنها لە پەنجەرەکەیەوە هەڵیڕوانیوە. خوان کارلۆس بایەخی بە ڕوواڵەت نەداوە. بێوەژنەکەی، دۆلی ئۆنێتی، تازەکی گێڕایەوە: «هەر لە منداڵییەوە خۆی دابڕاندبوو». سا دوای گەیشتنیشی بە مەدرید لە ساڵی 1975 و نیشتەجێبوونی لە شەقامی ئەمریکا 31، باڵاخانەی 3، نهۆمی 8، ماڵنشینییەکەی هەر ئاسوودەیی و ناوبانگی بۆ هێناوە. خودی نووسەر چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە، «بۆ ئەوەی بیڵێم، بێدەنگیم بەسە، بۆ ئەوەی بیزانم، پێخەفم بەسە.»

وەک بڵێی سڵی لە تەوژمی هەوا کردبێتەوە، هەموو شتێکی پڕبایەخی ئاخنیوەتە ناخەوە. وەگێڕی ڕۆمانی بیر (1939) پێشبینیی ڕووداوێکی داهاتوو دەگێڕێتەوە، هاوشێوەی ساردوسڕیی بەرهەمە ئۆنێتییەکانی دواترە: «با هەر کەسێک لە ناخی خۆیدا بگەڕێت، تەنیاوتەنیا لەوێدا حەقیقەت و سەرلەبەری ئەو شاخە شتەی بە دوایدا وێڵە دەدۆزێتەوە. گلان هەمیشە بەرهەمی هونەریی لێ دەکەوێتەوە. هیچی تر لە دەرەوەی خۆمان نییە». هەر بۆیە ڕۆمانەکانی ئێجگار گرێدراوی ڕوواڵەت نین.
خودی ئۆنێتی و ڕووداوی ناو کتێبەکانی ئێجگار هاوشێوەن. بەرهەمەکانی نوقمی دنیای بچکۆلانەن، پەڕاوێزخراوی شوێنی قەتیسن، وەگێڕەکانیشی گۆشەگیر و ئێسکقورس و دوورەپەرێزن. دنیابینییەکی جیاوازی هەبووە کە حوکمڕانیی شێوازی گێڕانەوە و ژینی ئابڵووقەدراوی بە دیوار و دوکەڵی جگەرە کردووە. ڕۆمانەکانی ئاسۆیان نییە، وەک هەڵقوڕاندنی پێکێکی و چاوخوراندنێکی و جگەرەداگیرساندنێکی ئاماژەیان لێ دەچۆڕێتەوە. ئەوە بە هەڵکەوت نییە ئۆنێتی جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنێت و کەسایەتییەکانیشی پەستاپەستا دەیکێشن. گاری هاڵدێمان دەڵێت: «ڕۆمانی کورتەژیان (1950) سیونۆ جار جگەرەی تێدا کێشراوە، بۆ ئەمشەو (1943) سیسوشەش جار، خاکی هیچکەس (1941)ـیش چلوپێنج جار». ئەو ڕۆژانەیشی خوان کارلۆس ئۆنێتی پەرێشان بووە و نەخۆشی لە پەلوپۆی خستووە، جگەرەی داگیرساندووە و هەر لە دوکەڵەکەی ڕوانیوە. تەنیا سەیری کردووە، پێی نەکێشراوە. دیارە خۆشییەکانی جاران بێتاقەتیان کردووە، بە ژنەکەی گوتووە: «کچێ تۆ هەر نازانی بەدخوویی چییە!»

ئۆنێتی نووسەرێکی ناوەکییە. بیرهێنانەوەی دیمەنی ڕۆمانەکانی دژوارە. کەشەکانیان سەر بە باڕ و ژووری نووستن و نووسینگە و هۆتێل و یانەی شەوانە و وێستگەی شەمەندەفەرە… درێژەی پێ داوە تا بیانگەیەنێتە ئەو سنوورەی چارەنووسەکەی لێ فڕێ دراوە. دەیگوت: «من هەر ژوورێکم لێ سەروزیادە. گراهام گرین گێڕانەوەی وردەکاریی دیمەنی پێ بێزارکەرە، قسەکەیشی قۆڕە. ئەوەی من پڕبەدڵ هۆگریم مرۆڤە»، بەرپەرچیشی دەدایەوە: «دەکرێت پێخەفەکەت بنی بنەوەی دۆزەخ بێت.»

خولیاکەی سرووشتی بووە و بە دەردی کەسایەتییەکی ڕۆمانەکانیشی چووە، گۆشەگیر و کەمدوو، هەر گیرۆدەی ئارامیی شتە نزیکەکانی بووە؛ ئەو شتانەی کڕوماتییەکەیان نەڕووشاندووە، بەوپەڕی دلۆڤانییشەوە هاوەڵییەکی لیخنیان بۆ دابین کردووە. دۆلی لە پێشەکیی کۆبەرهەمەکەی ئۆنێتێدا دەگێڕێتەوە: «میوانەکانی بە گوێرەی میزاجی خۆی هەڵدەبژارد. بۆیە منیش ئەرکێکی هەستیارم کەوتبووە سەرشان: لە لایەکەوە، دەبوو هەندێک کەسی دیاریکراو بە ئاینوئۆین دوور بخەمەوە، لە لایەکیشە دەبوو خوان کارلۆس ڕازی بکەم بە هەندێک لەو میواندارییانەی لە خورتوخۆڕایی هەڵیدەوەشاندنەوە.» جاران لە مۆنتێڤیدێیۆ باوی ئەوە بووە خانەخوێ لەسەر کوتەکاغەزێک بنووسێت «لە ماڵەوە نیین، پێداگری مەکەن» و بیلکێنێت بە دەرگای ماڵەکەیەوە. سا ئۆنێتی لە مەدرید پتر مشتوماڵی ئەم نەریتەی داوە. ئێدواردۆ گالیانۆ دەگێڕێتەوە: «جارێکیان دوو هاوڕێی لاوم بۆ بینینی خوان کارلۆس نارد. دەیانگوت زرمەزرمیان لە دەرگاکەی هەڵستاندووە، دواجار لە ژێر دەرگاکەوە کوتەکاغەزێکیان بە دەستخەتی کتومتی ئۆنێتییەوە بۆ هەڵدراوە، تێیدا نووسراوە: “ئۆنێتی لە ماڵ نییە”.»

گەر ئۆنێتی ناچار بووایە لە ماڵ بچێتە دەرەوە، دۆلیی لە جیاتیی خۆی ناردووە. بۆ وێنە، ڕۆژی نوێکردنەوەی پاسپۆڕتەکەی خۆی نەچووە. دۆلی چەرچەفێکی سپیی بە دیوارەکەدا هەڵواسیوە، خوان کارلۆسیش لە لێواری پێخەفەکەی ڕۆنیشتووە و ئەمیش وێنەی پاسپۆڕتەکەی گرتووە. کلاودیۆ پێرێز، دۆستی خێزانەکە و ڕێکخەری ناوەندی هونەری هاوچەرخی مەدرید کە بڕێک ئەرشیڤی ئۆنێتیی تێدا پارێزراوە، دەگێڕێتەوە: «ژوورەکەی هەموو دنیای بووە. ئەو دنیایەی ناسیوویەتی حەزی لێ نەبووە، گومانیشی لە گۆڕینی هەبووە، هەر بۆیە دنیایەکی جیاوازی بۆ خۆی داڕشتووەتەوە». ژوورەکەی قەرەوێڵە و ڕۆمانی پۆلیسی و جگەرە و تەنەکەخۆڵ و چاویلکە و حەبی DRF کە لە ئەرجەنتینەوە بۆی هێنراوە و زەنگۆڵەی گازکردنی دۆلی و داردەستی پشتخورێن و ئەو گڵۆپەی خایمێ سالیناس کردبووییە دیاریی و تابلۆی مریەمی پاکیزەی تێدا بووە…بێگومان دنیایەک چەرخیشی هەبووە. چەرخ لە هەموو قوژبن و پەناوپەسیوێکی ماڵەکەیدا کەوتووە. خێسوس مارچامالۆ لە کتێبخانەی بزربوو (2008)ـدا دەگێڕێتەوە: «ئەو ڕۆژەی ئۆنێتی نێژراوە، نەوەیەکی چووە هەموو چەرخی ناو ماڵەکەی کەڵەکە کردووە و بە سەر ئامادەبووانی پرسەکەدا بەخشیوویەتەوە.»

ئۆنێتی حەزی کردووە دەستی بە هەموو شتێکی ڕابگەیشتایە. ویستوویەتی پاڵ بە قەرەوێڵەکەیەوە بداتەوە و هەر بە مایکرۆسکۆپ لە دنیای زەبەلاح و پانوپۆڕی بڕوانیایە. کریسمسێک ژن و کوڕەکەی بە گۆی زەوییەکەوە گەڕاونەتەوە ماڵەوە. خۆی ماوەیەکی دوورودرێژ ئاواتەخوازی ئەو دیارییە بووە. ئۆنێتی هەر بە شێوازە ماڵییەکەی خۆی و بەوپەڕی تامەزرۆییەوە، لێکدالێکدا خولاندوویەتییەوە و گەشت و گەڕانی لەسەر کردووە، ئەو جۆرە دەربەدەرییەیش وەڕەسی نەکردووە و چێژی لێ بینیوە. یەکجاری هیوای بڕاوە و دۆشداماوە «کاتێک بینیی گۆی زەوییەکە لەسەر مێزەڵەی تەنیشت قەرەوێڵەکە جێی نابێتەوە و ناچار بووین بیخەینە سەر دۆڵابەکە و دووری بخەینەوە.» دۆلی دەگێڕێتەوە خوان کارلۆس دەستبەجێ هیچ حەز و پەرۆشییەکی بۆ گۆی زەوییەکە نەماوە. ویستوویەتی دەستی پێ ڕابگەیشتایە کەچی نەیتوانیوە. 

جگەرەکێشان، خواردنەوە، نووسین

ئۆنێتی لەسەر پێخەفەکەی نانی خواردووە و جگەرەی کێشاوە و خواردوویەتییەوە، هەر بە پاڵکەوتنیشەوە پێشوازیی لە میوانەکانی کردووە. لەسەر پێخەفەکەی ژیانی بە خوێندنەوە بەسەر بردووە. هەر لەسەر پێخەفەکەی، وەخت و ناوەخت، کاتێک ترووسکەی بیرۆکەکە، ڕووداوەکە، گومانەکە کتوپڕ مێشکی سمیوە، دەستوبرد لەسەر شڕەکاغەز و پەڕەی پواو و تیانووس هەڵیڕشتووە. زۆر جاریش ئەو نیوەشەوانەی لە شیرینیی خەو ڕاچڵەکیوە یان خەوزڕان بەرۆکی گرتووە، گەر داڵغەیەکی هەبووبێت، تێکۆشاوە لە دەستی فەرامۆشی ڕزگاری بکات. دۆلی لە پێشەکیی کۆبەرهەمەکەیدا دەڵێت: «ڕاستییەکەی نابێت بڵێم خوان کارلۆس هەر پاڵ کەوتووە، بەڵکوو پاڵی داوەتەوە، هاوسەنگییەکی سەمەرەی لەسەر ئانیشکی ڕاستی بۆ خوێندنەوە و نووسین ڕاگرتووە؛ دوای بڕانەوەی ئەو هەموو ساڵەیش ئانیشکی سواوە.»

بەبێ بچووکترین پلان و بەرنامە ژیاوە، گاڵتەی لە خۆشویستنی کاتژمێریش هاتووە. قەت ملی لە وێژە نەناوە. خۆی ڕادەست کردووە. تاکە ویستی لە وێژەدا، بەوپەڕی هیوابڕانەوە، چنگخستنی ئارامی بووە. دۆلی دوای بیست ساڵ لە مردنی ئۆنێتی دەگێڕێتەوە: «خاوەخاو بە دەست دەینووسی؛ ئەمەیش دەرفەتی بیرکردنەوەی پێ دەدا و ڕێی پێداچوونەوەی لێ دەگرت. هەر دەینووسی و سەرچاو». قەت نەگەڕاوەتەوە سەر نووسینەکانی. جارێکیان ڕۆژنامەنووسێک لە ئۆنێتیی پرسیوە: «بۆچوونت چییە کاتێک ئۆنێتی دەخوێنیتەوە؟» ئەویش وەڵامllی داوەتەوە: «من قەت ئۆنێتی ناخوێنمەوە.» گەر لێت بپرسیایە ئاخر ئەوە چۆن ڕێی تێ دەچێت و کاری کردن نییە، دەستبەجێ بیری دەخستیتەوە: «سەگ ناگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی». بۆچوونەکەی ئۆنێتی پێچەوانەی ئێرنست هەمینگوەی بووە: «یەکەم ڕەشنووس هەمیشە گەنوگووە.»

ئەو سەردەمەی لە مۆنتێڤیدێیۆ ژیاوە، تاقە وەرزێک ڕەچاوی پلانی کردووە. دۆلی بە سەردەمێکی خۆش و خەیاڵی ناودێری کردووە. دڵدارییان کردووە و تازەکی ژووانیان داناوە. خۆی کیژۆڵەیەکی جرپن و زادەی بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر بووە، باری سێ هاوسەرگیرییش شانی ئۆنێتیی داتەپاندووە. خوان کارلۆس بە درێژاییی حەفتە لە ئاژانسی بانگەشەی ئیمپێتۆ کاری کردووە و کاتەکانی دیکەیشی بۆ خوێندنەوە و بینینی دۆلی گل داوەتەوە، وەک دوو دڵداری قاچاغ یەکتریان بینیوە. «سا شەوانی هەینیی لا پیرۆز بوو. خۆی دەپەستاوتە ماڵەوە و هەر دەینووسی، خۆی لە حەقیقەت دەدزییەوە، دەکەوتە تەڵەی دنیا خەیاڵییەکەییەوە. پێشوەختەیش چێژی ئەو چەند کاتژمێرە دەیانخستە هەلەکەسەما. منیش پێم دەگوت: “تۆ تازە سەرت لە هێلکەی ڕۆماننووسین جووقاوە.”». ئاوها بەشێکی ڕۆمانی کورتەژیان (1950) و Juntacadáveres (١٩٦٤)ـی نووسیووەتەوە، شەراب و کوتەحەبی بە ئاوەوە هەڵقوڕاندووە تا ڕۆژ بووەتەوە. جارێکیان پرسیاری خۆشترین ساتی ژینیان لێ کردووە، ئەویش بەرسڤی داوەتەوە: «سەد بریا دەمتوانی کاتژمێری تەمەنم لەو هەینییانەدا ڕابگرتایە!»

خۆنەویستانە بە نووسین ڕاهاتووە و وردەوردە کەوتووەتە سەر سکە، وەک بڵێی ویستی نووسەری هەمیشە لە ناخیدا پەنگی خواردبێتەوە. بێوچان نووسیوویەتی. ویستوویەتی گەڕەلاوژەی ڕووناکبیرییەکەی بەرەنگاری هارمۆنیی کاتەکانی ماریۆ بارگاس یۆسا بکاتەوە کە کەڵەنووسەرێکی بەرنامەداڕێژ و خۆڕەتێنە. خوان کرووز لە ئیگۆ شێواوەکان (2013)ـدا دەگێڕێتەوە جارێکیان ئۆنێتی توخنی یۆسا کەوتووەتەوە: «کاکە گیان، تۆ خۆشەویستییەکی ژنومێردانەت بۆ ئەدەبیات هەیە، ناچاریشیت دڵی خاتوونی هاوسەرت ڕابگریت، بەڵام خۆشەویستییەکەی من هەر حەز و خولیایە، بێگومان ژنومێردانە نییە، هەر بۆیە کاتێک حەز و تاقەتم هەبێت دەیگەوزێنم. بە هەمان شێوە، هەر کاتێک تاقەتم هەبێت دەنووسم. ناتوانم بەرنامەی کاتی نووسین دابڕێژم، نەء، هەر سادەوساکار دادەنیشم و دەنووسم؛ جاروبار گەنوگوویەکی پۆلیسی دەخوێنمەوە و کتوپڕ بیرۆکەیەک بەرۆکم دەگرێت، ئامبازی دەبم و دەینووسمەوە.»

ئۆنێتی ڕێسا و بەرنامەی نووسینی نەبووە، بەڵام کاتێک دەینووسی دەچووە بنجوبناوانەوە. ڕۆدەچووە ناو چەپەڵییەکانی ڕۆحی مرۆڤەوە. تەنانەت مۆچیاریی نووسەرە لاوەکانیشی کردووە: «سەرڕاستیی ئەدەبیتان مەکەنە قوربانیی هیچ شتێک، نە سیاسەت، نە دەستکەوت. بێدەنگ و بێبەزەیی بۆ ئەویدی بنووسن، ئەوەی لە ناخماندایە و دەسەڵاتی فریودانیمان نییە.» خوان کرووز جەخت دەکاتەوە ئۆنێتی پێی وا بووە: «کاری نووسەر ئەوە نییە ببێتە مەلابەزێن و قسەی ئەم و ئەو کاوێژ بکاتەوە؛ دەیشیگوت کاری داهێنەرانە تا ڕادەیەک نهێنییە.» ویستوویەتی بیروڕاکانی خۆی لە بەردەم ئاوێنەدا بنووسێتەوە، گەرچی پێی وا بووە «کاتێکیش لە نووسینی بیرۆکەیەک لا دەدەیت، دەستێک هەبێت تا قۆڵت ڕابکێشێت و بتخاتەوە سەر ڕێچکەکە.»

دەتوانین گەیشتنی بە ئیسپانیا وەک دوازرمەی بەرهەمەکانی لێک بدەینەوە، ڕاکشانی لەسەر قەرەوێڵەکەیشی لە ناو و ناوبانگ پێ خۆشتر بووە. کلاودیۆ پێرێز دەڵێت: «قەت حەزی لە هەڵگرتنی باری نووسەری نەبووە، بەڵکوو سادەوساکار هەر حەزی لە نووسین و خوێندنەوە بووە. دیارە بەرهەمی نووسەر چاکتر بڵاو دەبێتەوە کاتێک خۆیشی دەبێتە کەرەستەی بانگەشە، ئیدی وێژەیش بە کاڵا کراوە. نووسەر دەبێت خەریکی چاوپێکەوتن و وتاردان و واژووکردنی کتێب بێت. ئۆنێتی تەواو پشتی لە بەرهەمەکانی خۆی کردووە». کاوەخۆ گریمانەی گلانەکەی داناوە، هیچ نکۆڵیشی لێ نەکردووە، ئەمەیش لە ڕۆمانەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. «تەنانەت هەڵەوپەڵەی کتێبەکانی ڕاست نەکردووەتەوە». ئۆنێتی دەینووسی و سەرچاو. بە هیچ کلۆجێک نەدەگەڕایەوە سەر ڕشانەوەکانی. ڕشانەوەی ڕاستەقینە بۆ هەمیشە جێ دەهێڵرێت، سووکەئاوڕیشی لێ نادرێتەوە. ئۆنێتی حەزی نەکردووە هیچ سەبارەت بە ئۆنێتی بزانێت. بڕێک کەس داوای دیمانەیان لێ دەکرد و تینووی ناسینی بوون، ئۆنێتییش پێی دەگوتن: «بێزارم لە ئۆنێتی.»

ڕامۆن چاو لە دیمانەیەکدا بۆ بەڵگەفیلمەکەی کەناڵی فەڕەنسی لێی پرسیوە داخۆ قەت کەڵکەڵەیەکی هەبووە کە نووسینەوەی لا ئەستەم بووبێت و خەمی پەخشانەکەیشی دایگرتبێت: «قەت-قەت. جا من هەڵەوپەڵە ڕاست ناکەمەوە. دۆلی خۆی شایەتمە، دەستنیشانکردنی وشەی دووبارە و هەڵەی ڕێنووس لە ئەستۆی ئەوە. “فڵان” بۆ “فیسار” و هتد. ئەرکەکەی ئەمەیە؛ پاشان بە ئامێری نووسین دەینووسێتەوە، دەینرێت بۆ بریکاری کارەکانم کارمێن بالسێلس وئینجا چاوەڕێی چەکی پارەکەی دەکات. ژیانی من ئەمەیە.»

ئۆنێتی ترنجاوەتە ژوورەکەیەوە، خەیاڵەکانی داڕشتووەتەوە و بەوپەڕی خێروخۆشی تێیاندا ژیاوە، گەرچی جاروباریش باری خەم شانی داخزاندووە. تا گەیشتووەتە مەدرید لێپرسراوی کتێبخانە بووە، پێشتریش هەواڵنێری ڕۆیتەرز و مارچا و ئەکسیۆن بووە، فڕکان-فڕکان پانتۆڵی شڕودڕی لە پێ کردووە و دەموچاوی پشیلەشۆر کردووە و چووەتە دەرەوە. دۆلی دەگێڕێتەوە: «ئەوسا زۆر دەچووە دەرەوە، پیاسەی دەکرد و دەسووڕایەوە، لە نووسینگەی ڕۆژنامەکەوە بەرەو کتێبخانە، لە باڕەوە بەرەو لای کتێبفرۆشییەکان شۆڕ دەبووەوە، دەچوو بۆ مەلە، ژیانێکی پڕ لە چالاکی و جموجووڵی هەبوو. بەڵام هەر لەو کاتەوەی خۆی بۆ خوێندنەوە یەکلایی کردەوە، سەرسمی لەسەر پێخەفەکەی داوە […] ئەندامانی تری بنەماڵەکەیشی هەمان خولیایان هەبووە، دواتر منیشی گرتەوە.» خۆحەپسکردنەکەی لە ئیسپانیا چڕتر بووەتەوە، یەکەمین جاریش بووە بە وێژەکەی و کتێبەکانی و ئەو وتارانەی لەسەر ڕاسپاردەی لویس ماریا ئانسۆن بۆ ئاژانسی EFEـی نووسیوە، ژیانی هەڵسوڕاوە…

دوای چنگەکڕێیەکی پڕ تەنگوچەڵەمە و چەرمەسەری ماڵێکی بێخەوشی خەیاڵیی دۆزیووەتەوە، ئیتر ناچاری چوونەدەرەوە و تەکسیگرتن نەبووە. ئەو ڕۆژەی لەگەڵ دۆلی گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی باراخاس، فێلیکس گراندێ و فرانسیسکا ئاگیڕێ چاوەڕێیان کردوون. چەند حەفتەیەکی دوورودرێژ و نەبڕاوە عەوداڵی دۆزینەوەی خانووبەرەیەک بوون تا ئۆنێتی دنیا بچکۆلانەکەی خۆی تێدا دابڕێژێتەوە و بێزیشی لێ نەکاتەوە. هەر وەک چۆن جۆن فۆڕد سەبارەت بە فیلمەکانی دەڵێت: «هەمووی خەیاڵە، کەچی هەموویشی ڕاستە.»

سەرەتا بۆ ماوەی مانگێک لە هۆتێلی کوزکۆ ماونەتەوە. ئۆنێتی بارتەقای دنیا ڕقی لە هۆتێل بووە. جاروبار لەسەر پێخەفەکەی کەوتووەتە سەر گازەرای پشت و بۆینباخەکەیشی نەترازاندووە، نەوەک دوو خولەکی دیکە دەرفەتی هەڵهاتنی بۆ بڕەخسایە. پاشان چەند ڕۆژێک لە باڵاخانەی گالیلیۆ ماونەتەوە، ئەوێیش هەر خانووبەرەیەکی هۆڤی هەڵکەوتەی شەقامی ڕیۆس ڕۆساس بووە. کلاودیۆ پشتڕاستی دەکاتەوە: «دۆلی باڵاخانەکەی شەقامی ئەمریکای دۆزییەوە و خۆشییەکی بێسنووری لێ کەوتەوە. خوان کارلۆس خۆی دەستوپێ سپی بوو.» دۆلییش دەگێڕێتەوە دوای دۆزینەوەی باڵاخانەکە، دەبوو باجی کارمێن، خاتوونی خاوەنماڵی ڕازی بکردایە: «ئاخر ئەو دەیویست ڕێکەوتننامەکە لەگەڵ سەرۆکخێزاندا واژوو بکات، کەچی ئۆنێتی حەزی نەدەکرد چاوی بە چاوی کەس بکەوێت». هەر خۆی لەو باڵاخانەیەی شەقامی ڕیۆس ڕۆساس زیندانی کردووە، بێپسانەوە لەسەر پێخەفەکەی خوێندوویەتییەوە و جگەرەی کێشاوە. دۆلی دەگێڕێتەوە: «تاقە شێوازی سەلماندنی هەبوونی سەرۆکخێزان ئەوە بوو ”خشت”ـەکە بچووایە سەری لە باجی کارمێن بدایە. (گۆڤاری کوادێرنۆس هیسپانۆئەمێریکانۆس پەڕاوێکی پانوپۆڕ و ئەستووریان بۆ ئۆنێتی تەرخان کردبوو، جارێکیان ئۆنێتی گرتی بە دەستییەوە و گوتی ئەرێ ئەم ”خشت”ـە چییە!)». ئیدی دواتر خاوەنماڵیان ئەرخەیان کردووە ئۆنێتی هەیە و کەسێکی گرنگ و جێمتمانەیە. 

چەشنی ڕۆمانێک داڕمانی مرۆڤ بگێڕێتەوە، بابەت بە بابەتی خەیاڵەکانی هۆنیوەتەوە؛ هەر لە کاسێتەکانی گاردێلەوە بگرە تا بەرهەمهێنانەوەی ڤان خۆخ، تەپڵەکی کۆنیاکە هەمیشەییەکەی لارسن، یاخود ئەو دەمانچە گاڵتینەیەی بەخێرهاتنی میوانەکانی پێ کردووە و مشتی لێ گرتوونەتەوە. خوان ڤیلۆرۆ دەڵێت: «سایکۆلۆژیای سوژە ئۆنێتییەکان لە هۆشدا دەرنەبڕدراوە، بەڵکوو هەر لە شتی شەقوشڕ و پیشەی بەسەرچوو و جلوبەرگی شڕۆڵەی کەسایەتییەکانی ڕەنگی داوەتەوە. چەشنی ئێدوارد هۆپەرە، دەردەکانی لە ناو چوار دیواردا زیندانی کردووە، واتای گۆرەوییی پۆرتکاو و ئەو تەپڵەکەجگەرەیەی کەس خاوێنی ناکاتەوە و ئەو فەرشەی کەسانی تر پەڵەپەڵەیان کردووە گەیاندووەتە چڵەپۆپە.»

پێخەف یان نیشتمان

کاوەخۆ پێخەفەکەی ڕوواڵەتی نیشتمانێکی سەقامگیر و ئاسوودەی لە خۆ گرتووە. لە سۆنگەی تێڕوانینی ئۆنێتییەوە، نیشتمان واتا شتێکی ئەوەندە بچووک کە بتوانیت لەسەری بنوویت، خۆت بە لێفە دابپۆشیت و قاچوقوولت نەتەزێت. باسەکەمان باسی قەرەوێڵەیەکی ڕەقوتەقە و بە دۆشەکی مەترێک پان ڕازاوەتەوە، دەقی ئۆنێتی و گومانەکانیشی گرتووە. ئەو کاتانەی نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنیوە، لەگەڵ پێخەفێکی نەخۆشخانەدا ئاڵوگۆڕی کردووە، بەڵام نیشتمانەکەی هەر بە نەگۆڕی ماوەتەوە، وەک ئەوەی یادەوەریی تۆزگرتووی سەردەمی خوێندنگا بێت و بیرت نەچێتەوە. هەر لەسەر پێخەفەکەی ڕۆمانی با با بدوێ(1979) و سا ئەوسا(1987) و کاتێک ئیتر گرنگ نییە(1993)ـی نووسیوە. کاتی ویستووە تا بەو هەلومەرجە ڕاهاتووە. دیسەمبەری 1980، دوای ئەوەی ئۆنێتی خەڵاتی بەناوبانگی سێرڤانتێسی وەرگرتووە، فڕانسیسکۆ ئومبراڵ لە ڕۆژنامەی ئێل پایسدا نووسیوویەتی: «وا دیارە دواجار توانیوومانە بیهێنینە ناو خۆمانەوە و ئاسوودە بێت، نەختێک سەیری تەلەڤیزیۆن بکات، هێواش شەراب بخواتەوە و وەک خۆیشی دەیەوێت، لەسەرخۆ و بە دەستخەتێکی جوان، بەڵام پڕچێژ، بنووسێت. قۆپچەی مەچەکی قەمیسەکەیشی لە ڕووبەری لاپەڕە هەڵبسووێت؛ سووکەبەرکەوتنێکی سرک ڕەنگە ئەوپەڕی چێژی نووسین بێت. مرۆڤ بۆ شتی وا هیچ دەنووسێت، ئەی وا نییە، خوان؟»

ئەو کاتەی ئۆنێتی لەسەر ڕێنوێنیی پزیشک شەرابی سووری بۆ ویسکی گۆڕیوە، خۆسێ مانوێل کابایێرۆبۆناڵد زوو-زوو سەری لێ داوە؛ دەگێڕێتەوە هەر تەنیا سێ جار ئەوی بینیوە لەسەر پێخەفەکەی کێل بووەتەوە. جارێکیان ساڵی 1979 بووە. ئۆنێتی بە دەگمەن بانگهێشتنامەی کۆڕ و کۆبوونەوەی قبووڵ کردووە، هەر کاتێکیش چووە، بێئەملاولا پەشیمانی دایگرتووە. جارێکیان لە شاری لاس پالماسی دوورگەی کاناریا بەشداریی کۆڕی نێودەوڵەتیی نووسەرە ئیسپانیزمانەکانی کردووە. خۆی بەرپرسی کۆڕەکە بووە. ئۆرتێنسیا کامپانێلا، شارەزایەکی بەرهەمەکانی ئۆنێتییە، دەگێڕێتەوە: «هەر گەیشت، سڵاوی لە خوان ڕولفۆ و هاوڕێیانی تری کرد، پاشان خزایە ژوورەکەیەوە تا بخوێنێتەوە و جگەرە بکێشێت و ویسکی بخواتەوە. بەشداربووانی کۆڕەکەیش ناوی ‘بەرپرسە نائامادەکە’ـیان بەسەردا دابڕاند.» باشترین وێنەی ئۆنێتی لەو کۆڕەدا بە چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخ لەسەر پێخەفەکەی گیراوە، وێنەیشی تێیدایە لەگەڵ خوان ڕولفۆ لە باڕی هۆتێلەکە ویسکی دەخواتەوە. ئەوساکە ڕولفۆ وازی لە خواردنەوە هێناوە، بێوچان بە کۆکاکۆلا هاودەمیی کردووە. ئۆنێتی دوای ساڵانێک دیمانەکەیان دەگێڕێتەوە: «لێم پرسی: “خوان، دەنگوباس؟”، “ئەژیین، خوان.”، “زنجیرەچیاکە ماوە؟” (ئەوسا ڕولفۆ خەریکی نووسینی ڕۆمانی زنجیرەچیا بووە، بەڵام تەواوی نەکردووە)، “زنجیرەچیاکە نەماوە.” و هیچی دیکە. قڕوقەپمان لێ کرد، ڕولفۆ ساردییەکی هەڵقوڕاند چونکە کاکم کحوولی پێ نەدەکەوت.»

ساڵی 1981، وەک براوەی خەڵاتی سێرڤانتێس، ئۆنێتی هیچ چارەیەکی تری نەبووە و دەبووایە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە ماڵ بچێتە دەرەوە. ڕۆژی پێشتر، لای ڕۆژنامەنووس ئۆلگا ئالڤارێز لە ڕۆژنامەی ئێل پایس درکاندوویەتی: «دەزانی حەز دەکەم بەیانیی پێنجشەممە چی بکەم، گیانە؟ خۆم تێکەڵی ئەو ئاپۆڕایە بکەم، خۆم بشارمەوە و کەس نەمدۆزێتەوە.» دۆلی دەگێڕێتەوە، پاش بۆنەکەی زانکۆی ئەلکالا دێ هێرنارێس «ئۆنێتی بە شاژنی گوت ماندووم و دوای بۆنەکە نامێنمەوە.» بە هۆی جگەرەوە، چەند خولەکێک خۆی لەوێ گل داوەتەوە. هەر یەکەمین جگەرەی بە لالێوییەوە ناوە، دەستی بە گیرفانی چاکەتەکەیدا گێڕاوە و چەرخەکەی نەدۆزیوەتەوە. پاشای وڵات لە تەنیشت ئۆنێتییەوە ڕاوەستاوە، ئەمیش لێی پرسیوە: «ئەرێ چەرخت پێیە؟» جەنابی پاشایش وەڵامی داوەتەوە: «نەء.» ئیدی ئۆنێتی لاتریسکەی لێ بەستووە و هەڵتەک-هەڵتەک چووە بە دوای چەرخدا گەڕاوە.

ئۆنێتی هەر چێژ و خۆشیی لە ماڵەوە دۆزیووەتەوە، «ڕۆمانی پۆلیسی دەخوێنمەوە تا نەختێک ژەهراوییبوونەکەم بڕەوێنمەوە. جا خراپیش بێت گوێم لێ نییە؛ کەوکوژی بۆی دادەنیشم و هەمووی دەخوێنمەوە.» ڕۆژی مردنی، چەند بەرهەمێکی جەیمس هادڵی چەیس، لەوانە پێکدادان و هەڵهاتن، وێنەی مردن و تاجەگوڵینەی پرسە، هەروەتر کتێبی بیرەوەرییەکانی دەرهێنەر و ئەکتەری ئیتاڵی ڤیتۆریۆ گاسمان، بە ناوی داهاتوویەکی مەزنمان لە پشتە، لەسەر مێزەڵەی تەنیشت پێخەفەکەی دانراوە. گاسمان لەو بیرەوەرییانەیدا دەڵێت سەرسامی باخەوانەکەی و خوان کارلۆس ئۆنێتیی ڕۆماننووسە. ئۆنێتی ئەوەندەی پێ خۆش بووە ناوی لەگەڵ باخەوانەکەدا هاتووە، هەمیشە چەند فۆتۆکۆپییەکی ئەو بەشەی کتێبەکەی پێ بووە و پێشکەشی هاوڕێکانی کردووە.

هەمیشە ئارەزووی سادەوساکاری هەبووە. ئۆلگا ئالڤارێز چووەتە بنکڵێشەیەوە تا هەموو پاداشتەکەی خەڵاتی سێرڤانتێس خەرج بکات و خانووی پێ نەکڕێت. ئۆنێتی، وەک بڵێی دنیا زۆری بە بەرەوە نەمابێت و چلوهەشت کاتژمێری دیکە ببڕێتەوە، بەرسڤی داوەتەوە: «ئێ ئێ! خراپیش ناڵێی! ئەزانی چۆنە، گیانە: تاکە ئاواتم ئەوەیە دوور لە ئاوەدانی خانوویەکی بچکۆلانەم هەبێت، باخچەیەکی تێدا بێت و سەگێکیشم هەبێت.» سەگەکەی لا بنچینەیی بووە. ڕوونیشی کردووەتەوە: «بەڵام سەگێکی قسەکەر بێت! جا بۆ چی لەگەڵ سەگێکدا قسە بکەم گەر وەڵامم نەداتەوە؟ دەی ئەوە خۆدواندنە.» ئەم چرکەساتانە بەرپەرچی دەدەنەوە ئۆنێتی کەسێکی ڕەزاگران و مڕومۆچ و خەمۆک بووبێت. هەر لە دیمانەیەکی دیکەی لەگەڵ ماریا ئێستەر خیلیۆ بۆ ئاژانسی AFP، نووسەر ڕۆچووەتە ناو کەسایەتیی خۆیەوە و هەڵیماڵیوە: «خۆ من ئەو مەشرووبخۆرە مێبازە نیم کە بووەتە قسەوقسەڵۆکی خەڵک […] کاکڵەی ئەو ناوزڕاندنانە: بوختانە. نەزانییە. بەلاڕێدابردنی ڕاستییە. ژینم بەردەوامە و مقۆمقۆ نابڕێتەوە.»

دواکۆچی ئۆنێتی بیست ساڵی ڕەبەقی بەسەردا تێپەڕیوە، شایەتی کەمیش لەسەر ئۆنێتیی ڕاستەقینە بەردەستە و ڕامۆن چاو کۆی کردوونەتەوە. دەرهێنەری ئیسپانی، خۆسێ ماریا بێرزۆسا، بە مەبەستی تۆمارکردنی دیمانەیەک لەگەڵ ئەم نووسەرە ئوروگواییە، دوو جار لە پاریسەوە چووەتە مەدرید، کەچی هەر میواندارییشی لێ نەکردووە. داوای لە چاو کردووە ببێتە تکاکاری، ئەویش تەلەفۆنی بۆ ئۆنێتی کردووە. «هەمیشە دۆلیی ژنی وەڵامی دەدایەوە، کەچی ئەو جارەیان خۆی هەڵیگرت. من: “بە ئەرک نەبێت، دەمەوێت لەگەڵ بەڕێز ئۆنێتی قسە بکەم.”، “ها؟ بەڕێز کێ؟ ئێرە هیچ بەڕێزێکی لێ نییە! هەر ئۆنێتییەکی لێیە، ئەویش خۆمم! چیت دەوێت؟”. لێزمەباران دەیخووساندم. گەرچی دەلوا زیان لەو هاوڕێیەتییە مەزنەمان بدات، پڕتاو چاوبەستێکم گەڵاڵە کرد: “بۆ تەلەڤیزۆنی فەڕەنسییە: دەمانەوێت ناو و ناوبانگت بگەیەنینە ئاستی گابریێل گارسییا مارکێز و ئەوانە.”، “کورە بابە ئێوە دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون.” لێم پرسی: “ئەی بۆ هەوڵێکی بۆ نەدەین؟”، “دەیها خۆتان لەگەڵ دۆلی قسە بکەن.” دۆلی بە نەرمونیانییەوە وادەی ڕۆژ و کاتژمێرێکی بۆ داناین و گوتیشی: “لە باڕی سەرسووچەکەوە تەلەفۆن بکەن.”». دواجار بەخت دەرووی لێ کردوونەتەوە و ئۆنێتی دەرگای ژوورەکەی بە ڕوویاندا واڵا کردووە، پێشوازییەکەیشی وەک هەمیشە، لەسەر پێخەفەکەیەوە بووە. کاتێک دەچوویتە ماڵی ئۆنێتی لە باڵاخانەکە، گەرچی بیست سانتیمیش دوور بوویتایە، بۆت نەبووە بچیتە ژوورەکەیەوە. هاوڕێیەکانی دۆلی چەندێک چوونەتە ماڵیان کەچی قەت چاویان بە ئۆنێتی نەکەوتووە، دوو پێیان لە ژووری میوانەکە نەترازاوە. چاو و تاقمی وێنەگرتن گەیشتوونەتە بارەگاکە، ماریانایشیان لەگەڵدا بووە، یاریدەدەری وێنەگر بووە؛ خانمۆڵەیەکی هێندە ناسک و نازدار بووە، ئۆنێتی گوتوویەتی دەبووایە ناوی نەشمیل بووایە. کاتێکیش نووسەر هەستی کردووە بەوەی ماریانا ورد سەرنجی داوە، لێی پرسیوە: «ها، چییە ئەوە؟ زەق-زەق چاوت تێ بڕیوم هەر لەبەر ئەوەی یەک ددانم لە دەمدا ماوە؟ با هەر بزانی، من ددانی ئەوەندە ڕێکوپێکم هەیە هەر مەپرسە، بەڵام بە قەرز داومە بە ماریۆ بارگاس یۆسا.»

هاوڕێیەتیی چاو و ئۆنێتی لە گەرموگوڕترین پەیوەندییەکانی نووسەری کورتەژیان (1950) بووە. ئەم ڕۆژنامەوانە گالیسییە دەگێڕێتەوە کاتێک ئۆنێتی کەوتووەتە ئاویلکە، بەرپرسەکەی لە ڕۆژنامەی لو مۆندی فەڕەنسی داوای لێ کردووە هەواڵی مردنی ئۆنێتی دابڕێژێتەوە. «نووسیوومە، بەڵام سەرەتا دەبێت ئۆنێتی خۆی ڕەزامەندیی لەسەر دەرببڕێت.» گەشتی بۆ مەدرید کردووە. هاوڕێکەی لەسەر پێخەف چاوەڕێی بووە، بەڵام نەیهێشتووە بۆی بخوێنێتەوە. پێی گوتووە: «خۆت هەرچییەکت نووسیوە ژیانی من بووە.»، «کەواتە، خوان، پێکەوە ئەمە واژوو بکەین؟ ”نووسینی ڕامۆن چاو بە ڕەزامەندیی کۆچکردوو؟”» ئۆنێتی خۆی لاریی لێ نەبووە، بەڵام ڕۆژنامەکە دایاننەناوەتەوە و لەو جەفەنگە تێنەگەیشتوون. مخابن.

سەرچاوە:
«Estoyharto de Onetti», Juan Tallón, Jot Down – 2014 (Traducido al kurdoporJiyar Homer)

ئەم وتارە بە ئاگاداریی نووسەر وەرگێڕدراوە.

خوان تایۆن (Juan Tallón): ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و ڕەخنەگر و ڕۆژنامەوانێکی گالیسییە. لەدایکبووی 1975ـی هەرێمی گالیسیا لە باکووری ئیسپانیایە. بەشی فەلسەفەی لە زانکۆی سانتیاگۆ دێ کۆمپۆستێلا خوێندووە. کارە پیشەییەکانی هەمیشە گرێدراوی بواری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن بووە. ساڵی 2000 وەک هەواڵنێری ڕۆژنامەی لا ڕێخیۆن کاری کردووە. ساڵی 2011 کارمەندی وەزارەتی دادی ئیسپانیا بووە. ساڵی 2012 بە دواوە وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد لە میدیای نووسراوی وەک ئێل پایس، ئێل پڕۆگرێسۆ، ئێل پێریۆدیکۆ و جۆت داون، هەروەها ڕادیۆی وەک کادێنا سێر کاری کردووە. لە بواری وێژەدا، ساڵی 2007 یەکەمین ڕۆمانی خۆی بە ناوی توێکاریی ڕۆمان بڵاو کردووەتەوە، پاشان ئەم بەرهەمانە: پرسی بێخەوش (2010)، ئەوپەڕی هەڵبەست (2013)، ئاودەستەکەی ئۆنێتی (2013)، خولی تۆپانێ (2014)، کتێبە مەترسیدارەکان (2014)، ڕۆژئاوای دڕندە (2018)، تا شیشی زیندان هەبێت (2019)، Rewind (2020) و شاکار (2022) دواهەمینیانە.

ژیار هۆمەر (Jiyar Homer): وەرگێڕ و نووسیارە. لەدایکبووی 1996ـی سلێمانییە. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS)ـیە. نووسیاری گۆڤاری ئیلیانە. وەرگێڕی کوردی و ئیسپانی و پۆرتوگالی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسییە. بەرهەمی چەندین نووسەری ئەمریکای لاتینی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. وەرگێڕی پێچەوانەیشە؛ بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن و عەتا نەهایی و فەرهاد پیرباڵ و شێرکۆ بێکەس و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و گۆرانی وەرگێڕاوە. بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤاری 21 وڵات بڵاو بوونەتەوە. پڕۆژەکانی لە چوارچێوەی کتێبدا: ڕۆمانی بیر، خوان کارلۆس ئۆنێتی (کوردستان: وەشانخانەی کەشکۆڵ، 2022)، دیوانی پەناهەندەی ژمارە 33333، فەرهاد پیرباڵ (مەکسیک: Gato Negro Ediciones، 2022)، کۆمەڵەچیرۆکی پەتاتەخۆرەکان، فەرهاد پیرباڵ (ئەمریکا: Deep Vellum، 2023). هەنووکە سەرقاڵی وەرگێڕانی «حەسار و سەگەکانی باوکم»ـی شێرزاد حەسەن و کۆچیرۆکەکەی کارلۆس ڕویز زافۆنە. هەروەها ئەندامی ناوەندی پێنی کورد (Kurdish PEN)ـە.

 

 

سەرچاوە؛ galawej