بێدەنگییەکی ڕەشپۆش نمایشکرا

کۆمەڵێک ژنی شانۆکار لە شاری سلێمانی، لە دژی ژن کوشتن و توندوتیژیی پێرفۆرمانسێکیان نمایشکرد.

ئەمڕۆ لە پارکی دایک لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک ژنی شانۆکار، هەستان بە نمایشکردنی پێرفۆرمانسێک بە ناونیشانی “بێدەنگییەکی ڕەشپۆش”، لەدژی توندوتیژیی دژی ژنان و ژن کوشتن.

پێرفۆرمانسەکە کۆمەڵێک گوزارشتی لەخۆگرتبوو، لەوانە توندوتیژییکردن بەرامبەر ژن لەلایەن پیاوانەوە و چەوساندنەوە ژن لەلایەن هاوژینەکەی و کوشتنی ژنان لەسەر ناوی شەرەف و ئەخلاق، هەروەها بەشێک لەو ژنانەشیان بەبیرهێنایەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا کوژراون.

فرمێسک مستەفا، سەرپەرشتیاری پێرفۆرمانسەکە لەبارەی کارەکەیانەوە قسەیکرد و وتی: ئەمە کارێک بوو لە دژی ئەو تەمی توندوتیژییە، کە باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگاکەماندا، دەبێت هەموومان لای خۆمانەوە هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەین، کە بۆچی ئەم توندوتیژییانە لەناو کۆمەڵگای ئێمە ڕوودەدات و چۆن بتوانین ڕێگری لێبکەین و ئەو ڕقە بگۆڕین بە خۆشەویستی و تەبایی؟.

سەرگوڵ حسێن شانۆکار، یەکێک لەو ژنانەی کە ڕۆڵی گێڕا لە پێرفۆرمانسەکەدا وتی: ئەمە هەڵوەستەیەک بوو لە دژی هەموو توندوتیژییەک لە ناو کۆمەڵگادا، ئێمە وەک کۆمەڵێک هاوڕێی شانۆکار هەستاین بەم کارە، بۆیە ئەم پارکەشمان هەڵبژارد، چونکە لەم پارکەدا لە ڕابردوودا ژنێک کوژرا.

 

 

سەرچاوە: rojnews