تاڤگە سابیر
چ بێدەنگە ئەم کیشوەرە چ غوربەتە ئەم ناوە ئەم گۆشە گیرییە
نە کۆڕاڵی خوشەویستی دەبیسترێ و نە ئاوەدانی ھاوڕێیەتی
من تاقانە ترین عاشق بووم سەفەرەکانم ونکرد
نەمزانی ھێور بوونەوە چییە؟
توڕە بووم ، توڕە ، توڕەییەک تا ئەو دیوی خەیاڵەکانی تۆ بردمی
تائەو دیوی پانتاییە بێ ماناکانی ئەم و جودە گوناھاویە بردمی
من منداڵێك بووم فێری گوناە نەبوو بووم
سپێدەی بەیانیان پێ دەکەنیم
بەبێ ھیچ یاسایەکی ڕەوشتی لە ناخمدا
دەستی مناڵانی کۆڵانم دەگرت و گۆرانیمان دەگووت
کەچی سیحرێک گەورەی کردم
بەڵام ھەر عاشقانە پێدەکەنم ، عاشقانەش دەگریام
دەمویست ھەموو گەڵاکان بگرمە باوەش ماچی درەختە تەنیاکانم بکەم
خۆم دەدایە بەر ڕێژنەی باران، بیرم لە خۆشەویستی دەکردەوە
خەوم بە باخچەکانەوە دەبینی
لە دەرگاکانم دەپرسی
لە پەنجەرەوە سەیری یاری پەپولەکانم دەکرد
شەوانە تا درەنگێ لەسەر جادە چۆڵەکان دەمامەوە
بەتەنیا ھاوارم دەکرد
ئەی گەورەی بە ڕەحمی ئەم چۆڵەوانیە
ئەی ئەوەی یەقینیت و منت بۆ نادۆزرێتەوە
من عەشق پاسەوانی ماڵەکەمە
ئەو ماڵەی لە تەنیشت دارستانەوە بە گەڵای پاییز دروستم کردووە
ئەو ماڵەی پەنجەرەکانی شینایی دەروەیان
دەرگای سروەی بەیانیانە
شەوانە زۆر دەگەڕام
بیرم لە ماڵە گەرم و گوڕەکان دەکردەوە
لەوانەی گەمەی خۆشەویستی نازانن و لە ژێر پێخەفی
ڕەنگاو ڕەنگدا خەوتوون
بیرم لەو پیاوە تەڵەکەچییانە دەکردەوە
لاشەی کچە تاقانەکان دەفرۆشن و
گاڵتە بە چارەنووسی ئەو عاشقانە دەکەن
تا دەرەنگێ بە تەنیا
لەسەر جادەو لەبەردەم پەنجەرە تەڵخەکاندا دەمێنەوە
من بیرم لە زۆر شت دەکردەوە
لە شینایی بێ نازی دەریا لە باخچەو پەرپووتی مرۆڤ
لە مێژوو و خەجاڵەتی ئایندە
بیرم لە گەڵا دەکردەوە کاتێك با دەیبات و
جارێکی تر دارستان نابینێتەوە...
ئەی ئەو مرۆڤە بەد خوانەی سەروەری ئەم ژیانەتان دۆڕاند
من لە ئاو پاکتر بووم دڵم لە پێستی گوڵ ناسکتر بوو
بەڵام کەس نەی زانی نھێنییەکانی من چین؟
کەس ماڵە پاییزیەکەی منی نەدۆزیەوە
کەس خورافەتی ئەم عەشقەی منی نەزانی
کەسێک باسی سەروەری نەکرد
کەچی جار جارە پەنجەرەکانی ڕوانینم زۆر بوون
دنیام بە ڕەنگاوڕەنگی دەبینی
ڕێگای باخچەکانم دەزانی .. ناوی گوڵەکانم لەبەر بوون
ھەموو سنەوبەرە باڵا بەرزەکانی باخچەی گشتی منیان دەناسی
جار جار دڵم بە ژنی سەر جادەکان دەکرایەوە!
پێکەنینم بە زۆر رێبواری یاخی دەفرۆشت
گوڵم دەبینی بە دووی ماچدا دەگەڕا
ھاوڕێی ھەموو درەختە پیرو کەنەفتەکان بووم
جار جارەش تفم لە ھەمووتان دەکرد
دەمگوت ڕاستە من عاشقم ، بەڵام ئێوە شەڕ بە جوانی وپاکیەتی دەفرۆشن .