وەکچۆن ناتوانین خۆمان لە دەسەڵاتی مردن ڕزگار بکەین، ئاوهاش ناتوانین خۆمان لە وزەی شیعر لابدەین. شیعر، چونکە دەشێت مەعریفە بێت، چونکە دەشێت سۆز و ئەندێشە و چونکە دەشێت هزرین و لادانی زمانەوانی و چونکە دەشێت زمان بێت، چونکە دەشێت چێژ بێت، مردنی شیعر دەکاتە فەوتانی مەعریفە و سۆز و هەریەک لە خەیاڵ و بزووتن. شیعر وەک پۆلیش، زمان زیندوو ڕادەگرێت، هێزەکەی دەرخستە دەکات و تازەیی پێدەبەخشێت. گوزارشت لە دۆخی ژیاریبوون، ناکاتە ئەوەی ڕووبەری مانا دابڕووخێنرێت و وێناندنەوەی دۆخی سەردەمی بێمانایی، لەڕێی هونەرێکی باڵای زمانەوانییەوە، نەک تێکشکاندنێکی ئاژاوەگێڕانەی دوور لەبەها ڕەگەزە هونەرییەکانی شیعرییەت! شیعر گواستنەوەی نیگەرانییەکانە، نیگەرانیی خوود و کۆمەڵگە و هەبوون. ئەمجۆرە نیگەرانییە هادیسییەتی شیعرە، دەکارێت بەرەو قووڵایی دابەزێت. ئەو قسەیەی گوایە شیعر بۆ دەستەبژێرە، تەواو لێدانە لە شکۆی شیعر و لە چینێکی زۆرینەی جڤاتی وەک چینی گشتی. شیعر نەک بە تەنیا هی دەستەبژێرە، بەڵکو گشتەکییە و تەواوی چینە کۆمەڵایەتییەکە دەتوانن کارلێکیان لەگەڵ هەبێت. دابڕاندنی لە کۆمەڵگە، جۆرێکە لە کوشتنەوەی شیعر. ئەوەی شیعرییەت دەیکات، کودەتایەکە بەسەر خوودنامۆیی و لەخۆ بێگانەبوون لەناو ژیان، کەواتە شیعرییەت بێ ئەرک نییە، هەر لە بنەڕەتەوە هیچ چالاکییەکی هونەریی و ئەدەبیی مرۆڤانە، بێئەرک نییە. ئاماژەدان بە ئەرک و ئامانج، مەبەست لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیایە. شیعرییەت جگە لە دەستکاریکردنی زمان بەرەو بڵندترین ئاست، هاوکات بەرزکردنەوەی پێگەی ڕوانینە بۆ جیهان. زیاتر لە هەر شتێکی تر، شیعر لە ڕەوتی سەماوە نزیکە، هەروەک لای مارکس شۆڕش ئاوێزان بە جووڵەی سەما دەبێت و دەڵێت:(گوڵەکە لێرەوەیە، وەرن با سەما بکەین)، سەمای هزری مارکس، سەمایەکی شۆڕشگێڕانەیە، پرۆسەیەکی کرێکارییە و گۆڕینی مەنگایەتی دەرەبەگانەیە. سەمای شیعرییەت دەکرێت شۆڕشێکی زمانەوانی جوانناسییانە بێت. وەک سارتەر جەختی لێدەکاتەوە، کە پەخشان بەکارهێنەرە نەک ئافرێنەر، شیعر دەخاتە خانەی داهێنانەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە زمانی شیعر (درووستکەرە)، وەک لەوەی (بەکارهێنەر) بێت، بەڵام پەخشان دەخاتە ناو کڵێشەی بەکاربردنەوە.
بە بڕوای سارتەر، گەڕان بۆ ڕاستی و هەوڵدان بۆ ماناپێدان بە جیهان، ئامانجی شاعیران نییە. کەچی لەگەڵ ئامانجی ئەدەبیاتدا تەبایە، ئامانجێک بەرەو گۆڕینی کۆمەڵگە، هەربۆیە هێرش دەکاتە سەر سوریالیزم و بە ڕووخێنەری ڕۆشنبیریی، تەفروتوناکەری زمان هەژماریان دەکات و پێیوایە هیچ زیانێکیان بۆ سەر بۆرژوازییەت نییە. چونکە زمان ستوونی شیعرییەتە و دەربڕی پەیامە و کەناڵێکە بۆ تێگەشتن، دەبێت ئەوە بزانین زمان بە ڕەهایی ناتوانێت لەبەرگرەوەی خەونەکان و قووڵایی و پەنهانی و ڕازەکان بێت بۆ ناو ڕووبەری نووسین. وشەکاری لە توانایدا نییە ناشیعر بگۆڕێتە شیعر، ئەو وشانەی کە گوایە بە جوانکاری شیعرییەت بارگاویین. ئەوەی شیعر بە شیعرییەت دەکات، هێزی زمان و ڕستەسازی و واتاسازی و ڕوونبێژی و داڕشتنەوە و جوانناسیی گۆشەنیگا و ژیاندۆستییە. کەواتە وشەسازی و گەمەی وشەکاری و هاوواتاسازی کۆڵەکەی شیعر نییە! بەکارهێنانی فرەڕەگەزیی لە دەقدا، دەق لە چورتمی ڕۆژگار دەپارێزێت و دەیگەیەنێتە ڕزگاریی. فرەڕەگەزییش بایەخدانە بە ڕەچەڵەکی ئەو پێودانگانەی سازێنەری شیعرن و کەشوهەوای پێدەبەخشن. ئەوەی دەوترێت ئەدەب بەراورد بە زانست قۆناخی بەسەرچووە، ڕۆژگاری بەسەردەچێت، شیعر بەسەرچووە، ڕۆمان بەسەرچووە، چیرۆک بەسەرچووە و دەچێت، هیچ بنەمایەکی زانستی ڕەخنەیی نییە. نە دۆخی کەمی خوێنەر، نە ژینگەی نالەباری بازاڕفرۆشیی کتێب، نە تەکنەلۆژیا و نە هەژموونی دەسەڵاتی چوارەم کە میدیایە، هۆکاری لەناوبەری دەق نین، تەنانەت هەرگیز ناتوانن ببنە مەترسی کووشندە بۆ سەر دەق، ئەوەی بۆ دەق مەرگەساتە، خراپی بەهاکەی و ئاوابوونی هزر و جواننۆڕینییەتی، ئەوەی دەق دەباتە لێواری لەناوچوون، بە گرنگ نەزانینی بێلایەنخوازی و پارسەنگی نەپاراستنە. لایەنداریی شوناسی بوونتەوەری لە دەق وەردەگرێتەوە و موڵکایەتی ئایدۆلۆژی دەسەپێنێت. هەر کتێبێک مەترسی بۆ سەر نووسەر درووست نەکرد، مەترسی هەر تەنیا بەواتای کێشە نا! دەستکاریی ڕووخساری کۆنی کۆمەڵگەی نەکرد، وتووێژی نەخوڵقاند، مقۆمقۆی چێنەکرد، دەبێتە باری گران بەسەر بەردەنگ و مێژوو و ناوەندەکانی کتێبفرۆشییشەوە! هیچ کتێبێکی باش بوونی نییە، گەر کێشەساز نەبێت، کێشەیەک کە بەزێنەری نەریتەبێکەڵکە داسەپاوەکانە. هەر تەنانەت لە کتێبە ئاینییە ئاسمانییەکانەوە، تا دەگاتە کتێبە ئەدەبی و فەلسەفییەکان، شۆڕشێک بوونە بەسەر ڕوانینی باودا و دامەزراندنەوەی دیدی نوێبوونە بۆ ژیان.
دیار لەتیف
سەرچاوە: galawej