نما ناوپردانی
ژنی ئازا و ئازاد پێویستی بەوەنیە جیھانی سەرمایەداری ڕۆژێکی بۆداتاشێت و چیرۆکێکیش بۆ یادەکە بکاتە پاڵپشت..
ژنی وشیار ھەرگیز خۆی وەکو ژن نابینێت و لە ڕوانگەی جیاوازی ڕەگەزیەوە داوای مافەکانی ناکات..
ئەوەی پێویستە دەبێ وەکو مرۆڤ خۆی ببینێت و ھەر لەڕوانگەی مرۆییشەوە داوای ماف و دادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی بکات.
چەمکی دادپەروەری بەندە بە کۆمەڵێ بنەماو ڕوانینی جیاواز، ڕەوشت بەرزی ژیرەیێتی، یاسا و ئاین.
دادپەروەری هەوێنە بۆ یەکسانی بەرجەستەکردن و هاوتاکردنی ئەرک و مافە، لابردنی بەربەست و جیاوازییە لە بەردەم هەردوو ڕەگەز. ژن ،یان پیاو خاڵە ھاوبەشەکەیان مرۆڤبوونە، نەک نێرینە یان مێیینە، پیاوان یان ژنان..ھەرکاتێکیش لە ڕوانگەی ڕەگەزی جیاوازەوە بەدوای ماف و ئازادیدا بگەڕێین تووشی بەریەککەوتن و کۆسپ دەبین، بەڵام لە ڕوانگەی مرۆڤبوونەوە داواکاری یان ھەوڵدان بۆ ماف و ئازادیەکان فۆرمێکی ڕوونتر وەردەگرێت و گومانە ڕەگەزیەکانیش دەڕەوێنێتەوە.
ئەگەرکات و ساتەکانی ژیانی ڕۆژانە ھەڵسەنگێنین، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژنان زیاتر کارلێکیان لەگەڵ سات و ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانە ھەیە، ئەوەش واتا ئەرکی زیاتریان لەسەرشانە، تاوەکو ئەرکیش زیاتربێت دەبێت لەبەرامبەردا مافیش زیاتربێت, کەچی تائێستاش ھەڵسوڕاوەکانی بواری ژنان و ڕێکخراوە کارتۆنیەکانی کوردستان ھەر داوای یەکسانی دەکەن! کاتێ دەتەوێ داکۆکی بکەیت لە یەکسانی و داواکاریت ئەم چەمکەیە، کەواتا تۆی ژن دەیسەلمێنیت هەتا ئێستا هاوتای پیاو نیت. بۆیە پێویستە دروشم و ئامانجەکە دادپەروەری بێت..
بیرۆکەی ناساندنی ڕۆژی ژنان بۆ یەکەم جار لەلایەن (کلارا زێتکین)ەوە خرایە ڕوو، چالاکوانێکی سۆسیالیستی ئەڵمانی بوو لەساڵی ١٩١٠ لەکاتی کۆنفراسی نێودەوڵەتی ژنانی سۆسیالست لە کۆپنهاگنی دانیمارک بە ڕێوە چوو هەر ئەو ڕۆژە ئەم بابەتەی وروژاند، ئەم سەرهەڵدانەش وەک تەوژمێک قوڵپەی کرد و هاتە ئاراوە، کاتێ ژنانی جیهان ڕووبەڕووی هەزاران بارودۆخی نەخوازراو دەبونەوە و هەستی بەرپرسیاریەتیان ڕۆژ بۆ ڕۆژێ بە هێزتر ئەبوو، هەتا توانیان شۆڕشێک بەرپا بکەن لەوێدا ماف و ئازادیەکانیان بەرجەستە بکەن.