بۆ ئەوەی جارێكی تر (بازرگانانی سیاسەت) نەمانخەڵەتێنن!

 

‌د. سه‌عید عه‌لی محمد

 

 

سیاسەت وشەیەكی گەورە و تایبەتە و مەبەست پێی : ڕێكخستنی جوڵە و پەیوەندی نێوان زۆربەی وڵاتان و كۆمەڵە و تاكەكانە لە سەدان ساڵی ڕابردوودا تا ئێستە!

هەموو ئەوەی كە ئێستە لە دەوروبەری ئێمە دەگوزەرێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و پەیوەندییە نێوخۆییەكان و تەنانەت پەیوەندیە كۆمەڵایەتی و خێزانیەكانیش هەر هەموویان لە چوارچێوەی كۆمەڵە یاسا و ڕێسا و بنەمایەكی سیاسیی تایبەت بەخۆیانەوە بەڕێوەدەچن.

سیاسەت هونەرێكە یان زانستێكە بۆ فەرمانڕەوایەتی كردنی وڵاتان و كۆمەڵگە مرۆییەكان و، ڕێكخستنی كاروباری تایبەت یان گشتی ژیان! سیاسەت لەو زانستانەیە كە تایبەتە بە چۆنیەتی مومارەسەكردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی بۆ بەجێهێنانی چەند ئامانجێكی دیاریكراو لە چوارچێوەی دەوڵەت یان كۆمەڵگادا.

ئەم هونەرەش كە تایبەتە بە دەوڵەتداریی چەند سیاسییەك پێكەوە مومارەسەی دەكەن كە لەلایەن گەلەوە یان لەلایەن دەستەیەكی دیاری كراوەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی كاروبارەكان.

سیاسەت یارییەك یان ئامڕازێك نیە بۆ فەوتاندنی كاتەكان یان بە هەدەردانی سەروەت و سامانەكان یان تواناو وزە و بەهرەكان ، بەڵكو سیاسەت ڕاپەڕاندنی ئەرك و چالاكییەكی ئامانجدارە هەوڵ دەدات ئامانجە گشتییە بەسوود و گەورەكان بەدی بهێنێ كە خزمەت بە دەوڵەت و كۆمەڵگە دەكەن ، كە هەر ئەم جۆرە سیاسەتەیشە پێی دەوترێ : سیاسەتی پاك و بێ گەرد و سەركەوتوو و پۆزەتیڤ.

لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا جۆرە سیاسەتێكی تر هەیە پێی دەوترێ : سیاسەتی نێگەتیڤ و شكستخواردوو، ئەم سیاسەتە خۆی وێنا دەكات بۆ خەڵك بە وێنایەكی ساختەی ڕواڵەتیانەی درۆزنانەی فریودەرانە ، كە ئەمەش قێزەونترین جۆری سیاسەتە و گەورەترین مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەت و كۆمەڵگا ، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش.

ئەو كەسانەش ئەم جۆرە سیاسەتەیان پەیڕەو دەكرد لە ڕابردوودا پێیان دەوتن : دوكانداری سیاسیی یان بازرگانی سیاسیی ، كە دوكاندار بە زمانی ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ (سوپەرماركێت) كە فرۆشگایەكی گەورەیە و كەلوپەل و شت و مەكە جۆراوجۆرەكان دابین دەكات.

جیاوازی نێوان دوكانداری ڕاستەقینە كە شتومەك و پێداویستییەكان بە خەڵك دەفرۆشێ لەگەڵ بازرگان و دوكانداری سیاسیی ئەوەیە : یەكەمیان كاڵاو شتومەك و پێداویستیەكان بەشێوەیەكی ڕاستەقینە و ئاشكراو بەنرخێكی دیاریكراو بە خەڵك دەفرۆشێ ، دوور لە درۆكردن و فێڵ كردن و خەڵەتاندن ، بەڵام دووكاندارو بازرگانی سیاسیی كەلوپەل و كاڵاكانی وەهمی و خەیاڵیە و لەسەر بناغەی فرۆشتنی وڵات و نیشتمان و خەڵك و پرسە بچووك و گەورە و هەستیارەكان بنیاتنراوە ، ئەم جۆرە بازرگان و دوكاندارانە كە پێیان دەوترێ (بازرگانانی سیاسەت) لەڕێی وتاری زرق و باق و دروشم و پڕوپاگەندەی پڕ لە درۆو بەڵێنی گەورە گەورە و گوڵاویی ، هەروەها یاری كردن بە هەست و نەستی جەماوەر و خەڵك و مرۆڤە هەژارەكان ڕەواج بە كاڵا وەهمیەكانیان دەدەن.

گومانی تێدا نیە بازرگانانی سیاسەت كە گەل و نەتەوە و پرسە نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئاینییەكان هەڕاج دەكەن ، قێزەونترین و بەدناوترین كەسانی نێو میللەت و جەماوەرو كۆمەڵگان ، چونكە سیفات و ئەخلاق و پێكهاتەیان لێوان لێوە لە درۆ و خەڵەتاندن و ساختەیی و دووڕوویی و یاری كردن بە هەست و هیزرو عەقڵی جەماوەر!

پسپۆڕان و شارەزایانی بواری سیاسەت دەڵێن : سیاسەت ئەو بنەما و ڕێسایەیە كە پەیوەندی نێوان كاربەدەست و فەرمانڕەوا لەگەڵ خەڵك و كۆمەڵگە ڕێك دەخات ، واتە : پەیوەندی نێوان ئەو دووانە پەیوەندییەكی عەبەسیانە نیە ، بەڵكو پەیوەندیەكە بناغەیەكی پتەو و بەهێزی هەیە و، لەسەر ڕاستگۆیی و شەفافییەت و پابەندبوون بە بەڵێن و پەیمانەكانەوە وەستاوە!

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە : ئایا ئەو بەڵێنە ساختە و درۆیانەی لەلایەن سیاسییەكانەوە لە بۆنە جیاوازەكاندا بە خەڵك و جەماوەر دەدرێن گونجاوترە بخرێنە بازنەی سیاسەتەوە ، یان شیاوترە بخرێنە خانەی ئەو پیلانانەی كە دژ بە میللەت و نیشتمان و چارەنووسی هەردووكیان دادەڕێژرێن؟! بێ دوودڵی بڕوام وایە ئەو لایەن و سیاسییەی كە بەرنامە سیاسییە ئینتخابییەكەی خۆی بە بەرگێكی جوان دەڕازێنێتەوە و، وتارەكانی بۆ جەماوەر بە پڕۆژەی ساختە و بەڵێنی هەوایی و خەیاڵی و زیادەڕەوی كردنی بێ سنوور مكیاج دەكات ، مەترسی ئەم سیاسەت و مۆدێلە سیاسییە هیچی كەمتر نیە لە مەترسی مرۆڤە تیرۆرستییەكان و باندەكانی مافیا و ڕاوو ڕووت لەسەر ژیانی خەڵك و چارەنووسی كۆمەڵگە ، چونكە هەردووكیان ژیان دەكوژن و ژیان وێران دەكەن!

ئەو سیاسییەی كە لە كۆبوونەوە و وتارە جەماوەرییە ڕەسمییەكاندا كۆمەڵێك قسەی قەڵەو و بەڵێنی گەورە بە هاوڵاتیان دەدات ، دواتر خۆی لە جێبەجێ كردنیان دەدزێتەوە و خۆی لێیان بێ ئاگا دەكات ، ماڵوێرانی و كارەساتە ڕێی پێ بدرێ بچێتە نێو جیهانی سیاسەت و جارێكی تر متمانەی پێ بكرێ و بخرێتە نێو پڕۆسەی بەڕێوەبردنی سیاسەتەوە! ئەوانەیش وا دەزانن سیاسەت هونەری درۆكردن و خەڵەتاندن و گەوجاندن و لەخشتە بردنی خەڵكە ، بە هەموو پێوەرێكی مرۆیی و یاسایی و ئەخلاقیی كەسانی دوور لە ڕەوشتن و، داماڵراون لە هەموو بەهاو پیاوەتی و ڕێبازێكی شەریفانە ، چونكە سیاسەتوانی درۆزن و هەلپەرست قەت وڵات و نیشتمان و چارەنووسی میللەتی پێ ناسپێردرێ و، هیچ جۆرە سیقە و متمانەیەكی پێناكرێ و، دوور نیە هەر لەحزەیەك بۆی بلوێ و لەهەر جێگایەك بێت و لەلایەن هەر دەوڵەت و هێز و دەزگایەكی گوماناوییەوە بەكاربهێنرێ و، لەبەرانبەر هەر دەستكەوتێكی حیزبیی یان شەخسیی لە سەفقەی گەورە و مەترسیدار تێوە بگلێ و لە پشت پەردەوە و لەژوورە تاریكەكاندا كڕین و فرۆشتن بە میللەت و چارەنووسی وڵاتەوە بكات!

لێرەوە دەبێت هاوڵاتی یان دەنگدەر هۆشیار بێت دوو جارو سێ جارو چەندین جار لە كونێكەوە نەگەزرێتەوە و ئەو سیاسییە هەڵنەبژێرێتەوە كە بازرگانی بە سیاسەتەوە دەكات و بەڵێنی درۆ و ساختە بە خەڵكی دەدات ، ئەگەرنا عەرەب ووتەنی : ( من جرب المجرب حلت بە الندامة ) هەر كەسێك شتێكی ئەزموونكراو و تاقیكراوە دووبارە ئەزموون و تاقیبكاتەوە تووشی پەشیمانی دەبێ ، جگە لەوەش هاوڵاتی ئەوكات نەك هەر بە قوربانیی دەستی ئەو سیاسییە دانانرێ ، بەڵكو بە هاوبەش و پشتیوانیكەرو گەرمكەری ئەو بازاڕە سیاسییە هەژمار دەكرێ كە چارەنووسی وڵات و بارودۆخی ئەم میللەت و نیشتمانەی بە ئێستا گەیاندووە!


سەرچاوە : ویستگە نیوز