بوکەڵە..

 

 

نەوزاد بەندی

 

بوکەڵە بریتییە لە لەیستۆکێکی نایلۆن یان پەڕۆ، مناڵان یاری  پێ ئەکەن .بەڵام مرۆڤ، گۆڕانکاریی لە  بوکەڵەدا کرد وەک هەموو شتەکانی تر بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕان و پێشکەوتنی  تێدا ئەنجامدا، واتا لە شێوە و لە پێکهاتە و لە قەوارەدا، هەروەها لە زیادکردنی توانای جوڵە و قسەکردن، کار گەیشتە ئەوەی هەندێ کەس لە ووڵاتانی ئەوروپا، هاوسەرگیرییان لەگەڵ بوکەڵەدا ئەنجام دا.

لەم دواییەدا زیرەکی دەستکرد چووە ناو بوکەڵەکانەوە، بە جۆرێک بوکەڵە بوو بە بێژەر، خوێندنەوەی هەواڵەکان و هەموو زانیارییەکانی تری کەوتە ئەستۆ.

بەڵام بوکەڵە هەر بوکەڵەیە، واتا ئەو بوکەڵە نایلۆنەی کە پەنجا ساڵ پێش ئێستا به درهەمێک بۆ کچۆڵەیەکی شەش ساڵان   ئەکڕرا، لە پڕنسیپدا هەر هەمان بوکەڵەی ئەمڕۆیە کە نرخەکەی هەزاران و دەیان هەزار دۆلارە،  بێ گیانە و بێ بیرکردنەوەیە، ئەبێ لە ڕێی پاتری و بازنەی کارەبایی لاواز بیجوڵێنیتەوە و بەرنامەی کار و جوڵەی بۆ دابنێیت، ئەگینا خۆی نە مێشکی هەیه و نە دڕکە پەتکی هەیە و نە ئێسک و نە ماسولکە و نە کۆئەندامی دەماری سەمپەساوی و پارا سەمپەساویی. پێویستە دەنگی مرۆڤێکی لەسەر تۆمار بکەیت، ئەگینا خۆی نە قوڕگی هەیە و نە قوڕقوڕاگە و نە ژێ دەنگییەکان.

واتا بوکەڵە لە بنچینەدا هەر بوکەڵەیە، هەتا به کۆنتڕۆڵ و بە پێی بەرنامەیەک ئاڕاستەی نەکەیت، ناتوانێ هیچ کارێکت بۆ بکات، ناتوانێ هیچ هەست و سۆز و بەرپرسیارێتییەک نیشان بدات و بگرێتە ئەستۆ، بۆ نمونە سەد بوکەڵە لە ماڵێکدا دابنێ، ناتوانن سەربەخۆ چایەکی دیژلەمەت بۆ دەم بکەن، ناتوانن ماڵەکەت بۆ پاک بکەنەوە، ناتوانن بڕیار بدەن کە هاتیتەوە پێت بڵێن بەخێربێیتەوە ئازیزم.

ئەمەیش هیچ عەیبێک نییە بوکەڵەکانی پێ عەیبدار بکەین، چونکە لە هەموو گەردووندا تەنها مرۆڤ توانای بڕیاردان و هەڵوێست و داهێنانی پێدراوە، نەک هەر بوکەڵە، تەنانەت گیاندارە زەبەلاح و دڕندەکانی وەک نەهەنگی شین و فیل و شێر و پڵنگ، هەر لە ئەزەلەوە تا ئێستایش یەک ستایڵی ژیانیان هەیە، دوای هەزار ساڵی تریش، فیلێک ناتوانێ بڵێت ئیتر من  گەڵا ناخۆم و ئەبێ بیکەم بە یاپراخ یان شێرێک بڕیار بدات چیدی لە دارستانە چڕەکاندا نەژی و بڕوات تاوەرێک دروست بکا و شوقەیەکی هەزار مەتری نهۆمی 54 بکاتە مەنزڵگای خۆی. هەرگیز نەهەنگێکی شین نابینیت واز لە خواردنی پلانگتۆن بێنێت و سەر بکاتە سەر پیتزا و فینگەر و ئایسکرێم.

واتا بوکەڵەکان و هەموو گیانداران و بێگیانانی ئەم گەردونە بێجگە لە مرۆڤ، تەنها یەک ستایڵی ژیانیان هەیە و پێش ناکەون، یان گۆڕانکاریی ناکەن، ڕاستتر توانای گۆڕانکاریی و پێشکەوتنیان پێ نەدراوە، بەڵام مرۆڤ هەموو توانایەکی بڕیاردان و گۆڕانکاریی ئەرێنی و نەرێنیی پێدراوە،بۆ نمونە کەسایەتییەکی وەک جاک شیراک لە قاپشۆرێکی چێشتخانەی ناو پاپۆڕەکانەوە ئەبێتە سەرۆکی فەڕەنسا یان پیاوێکی قەڵەوی بێکار و هەژار و تەمەڵی وەک ئەنتۆنی ڕابینز، لە ناکاو بڕیار ئەدا ببێتە خاوەنی تاوەرە هەوربڕەکان، ئەیشبێ، سەرەتا به فڕێدانی کێشی زیادەی لەشی، پاشان بە دانانی کۆمەڵێ کتێبی ناوازە لە زانستی کۆمەڵناسی و سیاسەت و ئەنسرۆپۆلۆجیدا وەک کتێبی unlimited power ( هێزە بێ سنوورەکە) بەو جۆرە ئەبێتە کەسێکی دەوڵەمەند و بەناوبانگی وا،  وانەی سیاسەت و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە سەرۆک کۆمار و کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان ئەڵێتەوە.

بە دیوە نێگەتیڤەکەیشیدا، مرۆڤ و مرۆڤگەلێک هەن کە بڕیار ئەدەن وەک بوکەڵە بژین، واتا توانای مرۆڤ بێ سنوورە بە هەردوو دیوەکەیدا ، ئەتوانێ بگەڕێتەوە ناو ئەشکەوت و شەڕە بەرد بکات، یان ببێتە سوپەرمان و بڕواتە سەر ئەستێرەکانی تر، بۆ هەرشتێکی بەرز یان نزم، بنیاتنان یان تێکدان سەرپشکە و ئەتوانێت پێی بگات..

ئیدی له کۆمەڵگا نێگەتیڤەکاندا سەرکردەی بوکەڵە و میللەتی بوکەڵە  سەرهەڵدەدەن.

میللەتی بوکەڵە،  کۆمەڵگایەکە لە هەموو هەست و سۆزێکی مرۆڤی داهێنەر خۆیان بێ بەش و نەبان کردووە، هەموو جۆرە بیرکردنەوە و گۆڕانکاریی و شۆڕش و چاکسازیی و پێشکەوتن و بەرهەمهێنانێکیان لە خۆیان یاساغ کردووە، وەک کۆمەڵێک بوکەڵە چاوەڕێی ئەوەن کەسێک بێت هەڵیانپەڕێنێ، بیانخاتە گۆرانی، بە کۆمەڵ برسییان بکا،بە کۆمەڵ تێریان بکا، چەکداریان بکا، زیندانیان بکا، لە هەموو مافێک دایانبڕێ،لە پڕ بیانکاتە کوڕێ، کۆمەڵکوژیان بکا، هەرچی ئەیەوێ پێیان بکا، ئەوان تازه بوکەڵەن و بە هەموو چاکە و خراپەیەک ڕەزامەندن، هیچ کاردانەوە و لێکدانەوە و بەگژداچوونەوەیەکیان تێدا نامێنێ، بۆ نمونە عێراقییەکی لای خۆمان پێش چل ساڵ کە بۆ ماوەی دە ساڵ برسی کرا، هیچ پرسیارێکی لەلا دروست نەبوو، بە گژ ئەو سزا نالۆژیکییەدا نەچۆوە، هەستا لە جیاتی گەنم، بەڕووی هاڕی، مرۆر و کۆتەرە گسکی هاڕی و نانی تاڵی خوارد، نەیپرسی بۆچی من لەسەر دەریایەک نەوت، جلەکانم شڕ و وڕ بن، دوای ئەوە هەمان عێراقیی کە بە بێ کار و بەرهەم  پارەی بەسەردا ڕژێنرا و بووە خاوەنی کۆشک و ئوتومبیلی دوا مۆدێل، هەر هەمان عێراقیی بیرکۆڵ بوو،  نەیتوانی وەک میللەتانی تر کارخانە و داهێنان دروست بکا، تەکنۆلۆژیا ئامدیو بکا،  وەک مێگەل شەڕ شۆقی مەزهەبی و حیزبیی و فەرهەنگیی ڕاگەیاند و ملیۆنانیان لە نێوان کوژراو و بریندار و ئاوارە و گۆڕبزردا، وێران بوون..تریلیۆنەها دۆلاریان بەهەدەر دا.

ئەم دۆخە سەیر و سەمەرەیە، بڕیارێکی میللەتە بوکەڵەکە خۆیەتی، کاتێ چاوەڕوان ئەکا بارودۆخەکە خۆی چاک بێ، باوەڕدارەکانی چاوەڕوانن خوا فریشتەکانیان بۆ بنێرێ شەقامەکانیان بۆ پاک بکاتەوە و مافه خوراوەکانیان بۆ بسێنێتەوە، دیکتاتۆرەکانیان بۆ بکوژێ و  داگیرکەرەکانیان بۆ قڕ بکا، کارگەکانیان بۆ دروست بکا و وڵاتەکەیان بۆ پڕ بکا لە بەرهەمی ناوخۆ و دادپەروەریی و یەکسانیی. بێ باوەڕەکانیش چاوەڕوانن سەرکردەیەکی تەکنۆکراتی هاوشێوەی ئەوروپیەکان لە خاکەکەیاندا وەک دومەڵان هەڵتۆقێ و وڵاتەکەیان بۆ بکا بە ووڵاتێکی وەک سویسرا، بۆ نمونە جارێکیان لەگەڵ هونەرمەندێکی ئەتایستی خۆماندا قسەم کرد، پێی ووتم : بار و دۆخی ئەم ووڵاتە بە یەک شت چاک ئەبێ، ئەگەر چەند کریستیانێک بێن و دەسەڵات بگرنە دەست و ئەم موسوڵمانانە لە هەموو بەرپرسیارێتییەک دوور بخەنەوە!

ئەمە فەلسەفەی کۆمەڵگای بوکەڵەیە یان ڕاستتر کۆمەڵگایەک کە بڕیاریانداوە بوکەڵە بن، فەلسەفەیەکی گاڵتەجاڕە ؛ ڕوودانی مەحاڵ، لە ناکاو وڵاتەکە ببێتە پێشکەوتووترین وڵات، دادپەروەرترین دەسەڵات.

سەرکردەی بوکەڵەیش ئەو سەرکردانەن کە ناگۆڕێن، خۆیان بڕیاریان داوە نەگۆڕێن یان بریکاری دەسەڵاتگەلێکی داگیرکەری جیهانین، یەک بەرنامەیان تێدا جێگیرکردوون، بۆیان نییە به مو لەو بەرنامەیه لابدەن، بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا لە سەردانێکیدا بۆ وڵاتی میسر، ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ سیسی سەرۆکی میسردا، سەردانی بریندارێکی شەڕی فەلەستینیان کرد له یەکێک لە نەخۆشخانەکانی قاهیرەدا، ژنەکە ڕووی کردە سەرۆکی میسر و پێی ووت : سەرۆک بۆ خاتری خوا، سەرۆک فریای خەڵکی فەڵەستین بکەوە.

سیسی بە ژنەکەی ووت : ئەوە سەرۆکی فەڕەنسایە، بەو بڵێ!

ئەمە سادەترین پێناسەیە سەرۆکێکی بوکەڵە کردبێتی بۆ خۆی، واتا من سەرۆکێکی بوکەڵەم و هیچ دەسەڵاتێکم نییە و ناتوانم هیچتان بۆ بکەم، بەڵام سەرۆکی فەڕەنسا، سەرۆکێکی ڕاستەقینەیە و توانای گۆڕانکاریی و کار و بڕیار و کاردانەوەی هەیە، لەبەر ئەوە هەرچییەکت ئەوێ، بەو بڵێ، هیچ شتێک بە من مەڵێ!

کەواتە سەرۆکی بوکەڵە ئەو سەرۆکەیە بە جل و بەرگ و کۆشک و ئوتومبیل و سەعاتی مەچەک و عەتری گرانبەها، هیچ شتێکی لە سەرۆکی ڕاستەقینە کەمتر نییە، تەنانەت لە نرخی کۆشک و ئوتومبیل و ڕابواردنەکانیدا، زۆر لە سەرۆکە ڕاستەقینەکان کەشخەتر و زیادەڕەوترن، بۆ نمونە سەعاتی مەچەکی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، جۆرج واڵکەر بوش، سەعاتێکی سادەی مارکەی تایمێکس بوو، نرخەکەی تەنها 20 دۆلارە، بەڵام سەعاتی مەچەکی سەرۆکێکی بوکەڵە سەردەکێشێت بۆ ملیۆن دۆلار و زیاتریش، ئەوەیش وا دەکات ئەم سەرۆکە بوکەڵانە زۆر لە میللەتە بوکەڵەکانیان دوور بکەونەوە، هەتا ماوەی نێوانیان زیاتر بێ، ئەوان زیاتر هەست بە شکۆمەندیی و نەمریی خۆیان دەکەن، هەمان کات میللەتە کۆیلەکانیش زیاتر هەست بە کۆیلایەتیی و مێگەلایەتیی و ڕیسوایی و سەرشۆڕیی خۆیان ئەکەن و ئەگەنە ئاستێک سەرۆکە بوکەڵەکانیان بپەرستن و نوێژیان بۆ بکەن وەک لە سەردەمی کۆنی فیرعەونی بێ ڕکابەری میسر  و سەردەمی نوێی كیم ئۆن جون ی سەرۆکی بێ ڕکابەری کۆریای باکوردا  بە ئاشکرا دیارە و ئەیبینین.

سەرۆکە بوکەڵەکان وڵات پڕ دەکەن له وێنە و پەیکەری خۆیان، بۆ ئەوەی یەکەمجار بۆ خۆیان و دواتر بۆ میللەتەکانیان بسەلمێنن کە ئەوان سەرۆکی ڕاستەقینە و هەتاهەتایی و لە بن نەهاتوون، سەرۆکن و کۆتاییان نایەت، پیرۆزن و نابڕێنەوە و مەشخەڵەکانیان ناکوژێتەوە، سەرۆکن و ئەولاتریش.

بەو جۆرە سەرۆکگەلێکی بوکەڵە و نەزان و ترسنۆک و شێت و دڕندە و گەمژە و لە خۆبایی و نەخوێندەوار و بێ هونەر ئەبینیت، میللەتەکانیان بوونەتە کێڵگەی مریشک و گەنمیشیان نادەنێ، ڕۆژ بە ڕۆژ ناتەبایی و نایەکسانیی و نەخوێندەواریی و زوڵم و زیندان و ئەشکەنجە ڕوو لە هەڵکشان ئەبن، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریی و چارەسەرییەک بۆ ئەو دەرد کوشندانە، لە ئاسۆی دوور و نزیکدا دیار بن، چونکە کاتێ میللەتی بوکەڵە و سەرکردەی بوکەڵە ئەبنە تەواوکەری یەکتریی، هەموو بەها و دیدگا مرۆڤایەتییەکان ئەبن بە هەڵم و نامێنن.

لێرەدا پرسیارێک یەخەمان ئەگرێ، ئایا سەرۆکی بوکەڵە میللەتی بوکەڵە دروست ئەکات یان میللەتی بوکەڵە سەرۆکی بوکەڵە دروست ئەکەن یاخود هەردووکیان پێکەوە بەرە بەرە یەکتری دروست ئەکەن؟ وەڵامی ئەو پرسیارە نازانم.

سەرچاوە : هاوڵاتی