بای بای سەرۆک!

 

د. شوان عوسمان

دەستەواژەێک هەیە لەنێو پراکتیزکردنی سیاسەت و سیاسەتداران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەدوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە کە توێژی عەسکەرتاری دەسەڵاتی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتەدەست هەر لەپاکستانەوە تا دەگەیتە مەغریبی عەرەبی تائەندازەێک بوو بەمۆدێل و تەنانەت ئەوانەی عەسکەریش نەبوون پلەیان بۆبەژن وباڵای خۆیان داتاشی و خۆیان کردە فەرماندەی فەرماندە ڕاستەقینەکان و دامەزراوەی سەربازیشیان شێواند وکردیانن بە بوونەوەرێکی ناتەندرووست کە پسپۆری وکاری بنچینەیی حۆیان هەڵیان تەکاندن، تەنانەت کۆدەچییەکانی عەسکەریش بوون لەپلەی سەرەتایی وناوەندی سەربازیەوە خۆیانکرد بەپلەی زۆرباڵا!!! هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوامێکی سەیریاندا بە دەرکەوتن و پیاهەڵدان لەناوەندەکانی ڕاگەیاندن بۆخۆیان مۆنۆپۆڵیانکردن و بۆئەوەی لە نێو جەماوەردا وەک پاڵەوان و فریادڕەسی میللی پێشان بدرێن و کتێبی میری نیکۆڵا میکیاڤیلی و تێکۆشانمی ئەدۆڵف هیتلریان لەژێر سەردابوو وەک کتێبی پیرۆزی حوکمڕانیکردنی خەڵک، تائەندازەێک لەگەورەترین دۆڕانەکانشیاندا لەشەڕەکاندا دەبووایە وەک پاڵەوانی میللی ونەتەوەیی پێشان بدرێن و بەوڕادەیەی خۆشیان ئەم تاکتیکە فشیلەیان لێ ببوو بەڕاستی ڕەها، بۆنمونە جمال عبدالناصر لەشەڕی سێ قۆڵی ساڵی 1956 زۆر بەخراپی تێکشکا کەچی لای ئەم و ڕژێمەکەی نەبای دەهات نەباران و بەردەوامبوو لەپێشاندانی خۆی وەک فریادڕەسی میسر وسەرجەم نەتەوەیی عەرەب و دوای ئەمەش ساڵی 1967 لەشەڕی عەرەب ـ ئیسرائیل نەک هەرتێکشکا بەڵکو تەواوی نیمچە دوورگەی سینا و بەشێکی زۆری سوپاکەشی لەناوچوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕێگای تاکەحزبە ڕێگە پێدراوەکەی کۆبوونەوەی جەماوەری سازدەدا کەنابێ دەست لەکاربکێشێتەوە و ئەوەبوو درێژەی بە حوکمڕانی داو ئەمجارە لە شەڕی یەمەنیشدا چەند بارە تێکشکایەوە.

جگە لەمانەش سۆدانیشی لەدەستدا بووبەوڵاتێکی سەربەخۆ کەپێش جمال لەژێر تاجی مەلیکی میسر بوو جگە لەداتەپینی ژیانی سیاسی و فرە حزبی ولەڕووی داریشەوە میسر لەووڵاتە دەوڵەمەندەکان بوو  کەقەرزی بەهۆڵندا وبەلجیکا و ئیمارات دەدا  لەسەردەمی جمال بوو بە ووڵاتێکی هەژار وبرسی، بۆیە جمال عبدالناصرم  بەنمونە هێنایەوە، چونکە دوای مردنی لەساڵی 1970 تائێستاش بەشێکی زۆر لەسیاسیە عروبەییەکان لاسایی دەکەنەوەو بە پێشەنگی خۆیانی دەزانن و ڕاستەوخۆش کاریگەری لەسەر شۆڕشی کورد وسیاسیەکانمانەوە هەبووە، دوای ئەمیش نەوەێکی تر هاتن وەک حبیب بورقیبە و معمر قەزافی وهواری بومدیان وعبدالعزیزبوتەفلیقە و عبدالکریم قاسم و عبدالسلام عارف وسەدام حسین و حافز ئەسەد وبەشاری کوڕی و علی عبداللە ساڵح……تاد کەهەرهەموویان ووڵات و گەلەکانیانیان دووچاری نەهامەتی زۆر گەورە کردۆتەوە تائێستاش پێوەی دەناڵن ودەیان ساڵی تریش بەردەوامی دەبێ .

لەکاتێکدا هەرهەموویان هەللی زۆر باش وگونجاویان لەپێشدا بوو کە گەل ونیشتمانەکانیان پێشبخەن و ژیانێکی تەندروست وشایەنیان بۆدەستەبەربکەن، تەنها بەگوێگرتن لەکەسانی پسپۆڕ وشارەزا لەبواروسێکتەرە جیاوازەکان و خوێندنەوەی مێژووی ئەزموونەکانی ڕابردوو، وهاوکات خوێندنەوەی هاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و پاراستنی هاوسەنگی، بێگومان ئەمان ڕێک پێچەوانەکەیان کردووە، چونکە دەوری خۆیان بەکەسانی هەلپەرست و نەشارەزا تەنیی بوو ئەمانیش تەنها بە ئاراستەی بیرکردنەوەی ئەم سەرکردانە قسەیانکردووەوزێتر قوڕەکەیان خەستکردۆتەوە وەک پێش شەڕی ئیسرائیل فەرماندە هەڵتۆقیوەکانی میسر بەجمال عبدالناصريان  دەووت ئەم جەنگە وەک گەشتێکە بۆ کوڕەکان ـ سەربازەکانی میسر ـ دەچین جوولەکەکان دەخەنە دەریا و مەلەێک دەکەن ودەگەڕێنەوە. 

هەروەها ساڵی 1987 پێش تەواوبوونی جەنگی هەشت ساڵەی 1980 -1988نێوان عێراق وئێران کەئەمیش عێراق دەستپێشخەری شەڕبوو، باڵوێزی عێراق لەکوێت عبدالجبار الدوری پاش تەواوبوونی کارەکەی سەردانی باڵیۆزی ئەمریکا دەکات بۆ خواحافیزی و باڵیۆزی ئەمریکا پێیدەڵێ جەنگتان لەگەڵ ئێران ساڵی داهاتوو تەواو دەبێ و دوای ئەوە زۆر بەئاشتی وئارامی ناژین و ئێوە ئەم ووڵاتە ـ کوەیت ـ داگیردەکەن و ئێمەش بە شەڕدەرتان دەکەین ! دوواتر دەچێتە لای وەزیری دەرەوەی کوەیت ( شیخ احمد الصباح ) دەڵێ باڵوێزی ئەمریکا وای پێووتم  وەزیر دەڵێ بەخوا ئەمریکا لەئێمەو لەئێوە باشتر دەزانن ، دواتر الدوری  طارق عزیزی  وەزیری دەرەوە ئاگادار دەکاتەوەو ئەمیش سەددام ئاگادار دەکاتەوە ، پاش چەند ڕۆژێک طارق عزیز  بە الدوری دەڵێ ئەم بابەتە لەبیربکە ، چونکە سەرۆک باوەڕناکات کەسێک باشتر لەم لەسیاسەت بزانێ.

نمونەێکی تر دوای جەنگ وپێش داگیرکردنی کوەیت ئیسحاق شامیر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕێگای هاوڕێیەکی ئەوروپی بەرزانی ئیبراهیمی زربرای سەددام نامەێک بۆ سەددام دەنێرێ وپێیدەڵی ئێمە دان بەئێوە دادەنێین کەدەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەکەن و دوای پەیوەندیتان لێ ناکەین ، بەڵام دژی بەرژەوەندیەکانمان مەبن و دژی بەرژەوەندییەکانتان نابین ، کەنامەدەدرێتە سەددام خۆی لێدەبێتە دێوەزمەی ئیسرائیل و لەپشتی نامەکە وەک لاسایی پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) دەکات و دەڵێ ئەگەر خۆرم لەدەستەڕاست و مانگم لەدەستەچەپ دابنێن واز لەفەلەستین ناهێنم ولەتەفیزیۆن هەڕەشە لەسووتاندنی نیوەی ئیسرائیل دەکات، کەنامەکە دەگاتەوە دەست ئیسحاق شامیردەڵێ عێراق تەواوبوو ئەمە دواین هەوڵمان بوو، ئەم زانیاریەش بەبەرزان دەگاتەوەو ئەمیش بەسەددام بەڵام سوودی نابێ، لەگرتنی کوەیتیش دەیان هەوڵ و شاند ڕوو لەسەددام دەکەن و پێیدەڵێن گرتنی کوەیت و نائارامی لەکەنداو پەیوەندی بەبازرگانی پتڕۆڵ هەیەوهێڵی سوورە قەبوڵ ناکرێ، کەچی سەرۆک وادەزانی 33 وڵات لێی دەترسێن و ناوی لەدەروازەی گەورەی میژوو دەچێتە ژوورەوە، تەنانەت دوای تێکشکاندنیشی ودەرکرنی دۆزەخیانە کەچی ناوی لەجەنگەنا (دایکی شەڕەکان - ام المعارك ) پێچەوانەی ئیمپراتۆری یابان کەدوای دۆڕاندنی  یابان دانی بەدۆڕان ناو کەوتە بوژانەوەو پێشکەوتنی ووڵاتەکەی و ژمارەی سوپاشی سنووردار کرد و سوودی لەتواناکان وبودجەی گەورەی سووپا وەرگرت.. دەیان و سەدان سەرکردەی تر ونمونەی تریش.

لای خۆشمان بەر لەوەی پەڕو باڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ چەند ساڵێکە ئاماژە دەدرێ بەسەرکردەو سەرۆکەکان کەئەم دۆخەی لەحوکمڕانی دروستتانکردووە قەبووڵ وگونجاونییە و بەردەوام نابێ ، کەچی گوێچکەکانیان چاوەکانیان داخستووەو نەبای دێ نەباڕان.

1ـ کۆشکی سپی لەدوای ڕیفراندۆم بەنووسراو دەڵێ ئێمە تەنها مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان و قوباد دەکەین ، کەچی هەردووکیان پەراوێز خران.

2ـ مارک پۆمپیۆ لەیاداشتەکانی دەڵێ بەرهەم ساڵح کەسایەتێکی زۆر ناسراوە لەڕوژئاوا و گونجاوە ، کەچی کورد دووریدەخاتەوە لەسەرۆک کۆماری.

3ـ برنارد لویس داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکابوو پێش ڕووخانی ڕژێمی سەددام، دەڵێ پێویستە هەرێمی کوردستان بکرێتە سمبلی دیموکراسی و ئازادی وپێکەوە ژیان، بۆئەوەی ووڵاتانی دەورووبەر هەمان ئاراستەی ئەم ئەزموونە وەربگرن، و لەسەر ئەم مەرجە هەموو هاوکارێکیان بکەن، کەچی حوکمڕانی ئێمە پێچەوانەی کرد پێویست بەباسکردن ناکات.

4ـ گازی سروشتی و پاتڕۆڵ دوو کەیسی زۆر زۆر هەستیارن لەسەر ئاستی هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان، ئاراستەکردنیان پێویستی بەستراتیژێکی زۆر وورد هەیە، بەهەڵە ئاراستەکردنی نەهامەتی گەورەی بەدواوەیە لەساڵی 2010 ئەمریکا وڕۆژئاوا پلانی ئەوەیان هەبوو گازی سروشتی قەتەر لەڕێگای سعودیەو ئوردن وسوریا بگەیەنن بەئەوروپا، بەڵام بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای قەبوڵی نەکرد، لەدوای چەند مانگێک دۆزەخیان بۆرژێم وگەلی سوریا دروستکردووە تائێستاش تەواونەبووە سەرەڕایی تەسلیمبوونی تەواوی بەشار ئەسەد. بۆیە دەکرا کەیسی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوای شەڕی ڕووسیا ـ ئۆکراین زۆر بەهەستیاری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ ـ ئێستاش بوار ماوە.

5ـ پەیوەندی هەرێمی کوردستان بە پلانی ( پشتێنەو ڕێگا )ی ووڵاتی چین کەزۆر گرنگ وهەستیارە، چونکە عێراق لەڕێگای ووڵاتی کویتەوە بەتایبەتی دوای دروستکردنی (مینای مبارک )و  بردنی سنوورە ئاویەکانی عێراق بەتەواوی بێ ئومێدبووە لەچوونە نێو ئەم هاوکێشە ئابووریە سیاسیەی ووڵاتی چین، بەڵام لەڕێگای ووشکانیەوە ووڵاتی لە ڕێگای ئەفغانستان و پاکستانەوە بۆئێران و بۆهەرێمی کوردستان ولەوێشەوە بۆ عێراق وئوردن دەریای سپی ناوەڕاست و هەروەها  بۆسوریا ولەوێشەوە بۆدەریایی سپی ناوەڕاست و هەروەها لەهەرێمەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆدەریاو ووشکانی ئەوروپا، هەرێم دارەکەی لەناوەڕاست گرتووە نەقەبووڵی بووەو بەتەواوی چۆتە نێو هاوکێشەکەو نەبەتەواوی ڕەتیکردۆتەوە ئەمەش بووەهۆی ئەوەی لەهەردوو جەژنەکە بێ. 

ئێستاش ماوەو بوار لەدەست نەچووە، تەنها سەرۆکەکان کەژمارەیان زۆرە لەوە بگەن هەمووتان بەهەرێمەوە (خاک وجوگرافیاو خەڵک و مێژوو)کەی ئێوە شتن و دەخوێندرێنەوە زوو عیبرەت وەربگرن لەئەزموونە مێژووییەکانی بەترووسکە ئاماژەم پێکردن، و هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان و بەگڕخستنەوەی توانای کەسایەتییەکان و پیادەکردنی ستراتیژیای هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی و بوون بەیاریزان تیایدا وەک  هەرێم نەک وەک کەسایەتی، ئەگینا هەر زۆر زوو بای بای سەرۆکتان لێ دەکەن.

 

سەرچاوە : خەندان