باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بە دۆخی ئازای لە هەرێمی كوردستان دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، نیگەرانن لەوەی هەرێمێك نەتوانێت پڕۆسەیەك ئەنجام بدات كە كۆڵەكەی سەرەكی دیموكراسییە.
ئاوێنە: کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق لەبارەی هەوڵەكانی بەشێك لە لایەنە شیعەكان بۆ كۆتاییهێنان بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق وتویەتی، هێزەکان بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق هاتن، لە یەکەم رۆژەوە ئەوە رون بو کە نەهاتون بۆ تاهەتایە لێرە بمێننەوە و کۆتاییەک هەیە بۆ مانەوەی سەربازە نێودەوڵەتییەکان. پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە، ئەم دەرچونە چۆن بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت و هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن کارەکان دەگرنە دەست؟ پێموایە ئەمە هەمو ئەو شتەیە کە کاری لەسەر دەکەین و ئێستا زیاتر لە ساڵێکە کاری لەسەر دەکەین.
هەروەها لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەوە وتویەتی، بۆ ئێمە بەو شێوەیە دەڕوات کە پلانی بۆ دانراوە، چونکە مەبەستەکە قورسکردنی ئەرکی سەرشانی پێشمەرگە نییە، ئەمە راهێنان و کەرەستە و هەمو ئەو شتانەیە و پێویستت بە کاتە، بە دو یان سێ سەعات فێری شت نابیت، بۆیە پێویستی بە راهێنانە و پێویستی بە دوبارەکردنەوەیە...ئەمە شتێکە وەکو پڕۆسە دەیبینین و بە شەو و رۆژێک ناتوانین شت بکەین، ئێمە بەرەوپێشچونێکی گەورەمان کردوە و هەماهەنگییەكە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. هیوادارین بتوانین بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە.
لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش وتی"کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە، هەمیشە جێی خەمبارییە ئەگەر هەرێمێک نەتوانێت شتێک بکات، کە پێموایە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئەویش ئەوەیە خەڵک بتوانن ویستی خۆیان دەرببڕن، ئەمە ئەوەیە کە دەیکەن کاتێک دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.. بۆیە بەداخەوەم کە جارێکی دیکە دواخرا و هیوادارم ببینین ئەم هەڵبژاردنە لە 2024دا بکرێت."
لەبارەی دۆخی ئازادیی سیاسی و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئەڵمانیا وتویەتی"پێموایە ئەمە پەرەسەندنێکی گشتییە لە عێراق وەکو وڵات، بە هەرێمەکانییەوە، شتێکە کە هەنگاو بە هەنگاو پەرەسەندنت دەبێت، بۆیە بێگومان بەرەوپێشچونت هەیە کە کراوە، روداویشمان هەن کە بەرەپێشچونەکان پاشەکشێیان کردوە. دوبارە، دەزانین هەندێک ئاڵنگاری هەن، بە دیاریکراوی بۆ رۆژنامەوانان، بۆئەوەی کار بکەن و ئازادانە بۆچونی خۆیان دەرببڕن، لەڕاستیدا دەبێت ئەوە بەهێزیی هەر کۆمەڵگەیەک بێت کە میدیاکان میدیایەکی ئازاد بن، بۆیە ئەوە یەکێکە لە ئاڵنگارییەکان لێرە، بەڵام ئاڵنگاریی دیکەمان هەن لە مافەکانی مرۆڤ، توندوتیژیی خێزانی کێشەیەکە لە سەرانسەری وڵاتەکە."
هەر لەوبارەیەوە وتیشی،"هەمیشە نیگەرانیمان هەن، ناڵێم پاشەکشێ هەیە."
سەرچاوە : ئاوێنە