بانێكە و دوهەوا

 

 

  به‌كر مسته‌فا

دۆست و برادەرانم ئەوەی من بناسێ و لێم نزیك بێ هەمویان دەزانن من زۆرم پێخۆشە هەرێمی كوردستان بمێنێ و بەهێز بێ لە داكۆكیكردنم هەندێك جار ناشیرینیش دەبم، بەڵام من دەزانم ئەو هەرێمە بە چ ئێش و ئازاڕێك دروستبوەو چەندمان قوربانی داوە لە پێناوی وە باشیش دەزانم ئەو هەرێمە نەمێنێت دوژمنان و ناحەزان چۆن بە سوكی تەماشامان دەكەن و چیمان پێ دەكەن تەجروبەمان زۆرە لەرابردو ئێستاش لەو شوێنانەی لەژێر دەستیانە نزیكترینیان ئەوەی پەلكانە ببینن شۆڤێنییە عەرەبەكان چۆن گێچەڵ بە جوتیاران دەكەن.

بەڵام كە دەسەڵاتی كوردی خۆمان لەو هەرێمە كەموكورتی دەبێ یان غەدرو هەڵەی دەبێ پێیان بڵێین هەڵەن غەدر دەكەن، من خانەنشینم دوێنێ موچەكەمیان بۆ هێناو پرسیارم كرد خێرە دوێنێ موچە دابەشكردن دەستیپێكردوە وتیان لە حكومەتی عێراقی موچەی شەهیدان و خانەنشینان پێش هەموان دەدرێت، بۆیە موچەكەت هاتووە، ئێمە لێرە لەو هەرێم و حكومەتەی خۆمان لە هەمو ساڵانی رابردو ئەوەمان نەبینیوە بەڵكو موچەی شەهیدان و خانەنشینان ئاخیری دەدرێت.

پرسیارەكە ئەوەیە  لۆ كاربەدەستانی عێراق ئاوا ڕێز لە شەهیدان و خانەنشینان دەگرن و لۆ لێرە ئاوا بێ ئەهمیەت دەرواننە شەهیدان و خانەنشینان كە ده‌شبو زۆر بە پێچەوانە بوایە.

دەزانن لەبەر چییە؟

كاربەدەستان دەیانەوێت زوو هێزە ئەمنییەكان و پەروەردەو تەندروستی و ئەوانی تر زوو ڕازی بكەن نەوەك مان بگرن و شەلەل دروست ببێت، دەزانن كە خانەنشینان و شەهیدان ئەوە ناكەن، پێشنیار دەكەم بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئەو هەڵەیان راست بكەنەوە، ئەگەر نا زۆر بێ ویژدانییە و زۆر ناشیرینە.

شەهیدانی كوردستان لە پێناو ئەو هەرێم و دەسەڵاتە شەهیدبون دەبێت زۆر ڕێزیان لێ بگیرێ و خانەنشینانیش زۆر هیلاك و ماندوبون بۆ ئەو هەرێمە دەبێت ڕێزیان بگیرێ، من لە جیاتی هەموو موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە هەموو وەزارەت و دامودەزگاكان دەزانم پێیان خۆش دەبێت رێز لە خانەنشین و كەسوكاری شەهید بگیرێت و پێش ئەوان موچە و هەر پاداشێك هەبێ وەریبگرن.

 

 

سەرچاوە : خەندان