با هێندە خۆراک ئامادە بکەین کە بخورێت...

هیچ کەسێک لەئێمە بڕە پارەیەک یان داهاتێکی لە خۆڕا بێ ماندوبون دەست ناکەوێت،بۆیە دەبێ بزانین ئەو بڕە داهاتە کەمە کە بەدەستی دهێنین بەرامبەر ئەو هەمو پێداویستە زۆرو هەمەچەشنەیە چۆن بەکار دەهێنین..
سەرەکیترین پیداویستیەکانی مرۆڤیش کە هەرگیز ناتوانێت وازی لێبینێت خۆراکە. واتە دەبێت ئەوەندە خۆراک ئامادە بکەین کەدڵنیان و دەزانین کە دەخورێت، هەرچەندە ئەم کارە لەکۆمەڵگەکاندا بەستراوە بەکلتورو بەداب و بە نەریتی کومەڵایەتێەوە و باری ئابووری و داهاتی کەسەکان و خێزانەکان ڕۆلی گرنگی تێادا دەبینن. کابانی هوشیار و کارامە دەزانێت ئەندامانی خێزانەکەی چەند دەخۆن، واتە تەنها بەشی ژەمێک خۆراک ئامادە دەکات، بەڵام ئەوەی کەسەرنج ڕادەکێشێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کابانی ماڵ بڕەخۆراکێک ئامادە دەکات کە زۆر زیادە لە پێویستی ژمارەی ئەندامانی ئەو خێزانە واتە بەشێکی لێ دەخوریت و بەشێکی تری بۆ تەنەکەی خۆڵەکە.
لە خواردنگەکان و ڕیستورانتەکاندا برێکی زۆر خواردن بەفیڕۆ دەڕوات و بێ ئەوەی کەس کەڵکی لێوەرگرێت فڕێ دەدرێتە تەنەکەی خۆڵەوە، لە ئاهەنگ و لە بۆنەکاندا بەتایبەتی ئاهەنگی بۆفیەی کراوە. میوانەکان برێکی زۆر لە خواردنی هەمەچەشنە ولە خواردنە جێاوازەکان و هەمەڕەنگەکان  تێکەڵ بەیەک دەکەن وەک چێشتی مجەوری لێدیت وادەزانیت ئەتوانێت هەموی بخوات، بەڵام هەر چەندە زۆریشی لێدەخوات بەڵام زۆرتری لێدەمێنێتەوە و فڕێ دەدرێتە تەنەکەی خۆڵەوە.
براێان بەڕاستی ئەم جۆرە نەریتە کە تائێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باوە جێی داخ و سەرسوڕمانە ولە هەموو لایەکەوە جێی سەرنج وڕەخنە و گلەییە و دورە لە شێوازی کۆمەڵگەی سەردەم و لە ئوسوڵ و لە هەمو ئەتکێتکەوە، جگەلەوەی زیان بە باری دارایی ئەو کەسانە دەگەیەنێت کەزیادە ڕەووی دەکەن لە ئامادەکردنی خۆراکەکە زیانی تەندرووستیش دەگەیەنێت بەوکەسەی کە زیادە خۆری دەکات وهەروەها زیان دەگەیەنێت بە ژینگە و بە سروشت. بۆیە نە لەڕووی ئابووری نە لەڕووی کۆمەڵایەتی نەلەڕووی تەندرووستی و دەرونێەوە و پەسند نییە، تەنانەت ئاینەکان پەسندی ناکەن چونکە تۆ نعمەتێکی خودای مەزن کەبەمرۆڤی بەخشیوە بە فیڕۆی دەدەیت، لە کاتێکدا لەم گەردونە گەورەیەدا مەلاین برسی و هەژاران هەن کە چاوەڕێ پارچە نانێکی ڕەق و قومێ ئاون.
خۆئەگەر ئامارێکی ژمیریاری بۆ ئەم خۆراکە بە فیڕۆدراوانە بکەین ساڵانە بە ملیونان دۆلار زیان لەو کومەڵگەیە دەکەوێت.
بۆچارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە زوربەی وڵاتان نەخشەی تایبەتی بۆ دانراوە  لusa بەنمونە کەلەلوتکەی سەرمایەداری و چەوسانەوەی مرۆڤدایە هەر خۆراکێک نەک بەرماوەی خۆراک واتە تەنانەت ئەو خۆراکانەی کەدەستی بەرنەکەوتوە واتە ئەو ڕۆژە لەو ریستۆرانتە نەفرۆشراوە کۆدەکرێتەوە وبەشێوەیەکی ڕێک و پێک دابەشدەکرێت بەسەر هەژاراندا و لەوانەشە بەرماوەکان دابەشبکرێت بەسەر ئاژەلەکاندا. لە هندستان و پاکستان بەشێوەیەکیتر بەرماوەکان دابەشدەکرێت بەسەر هەژاراندا، بەڵام لای خۆمان تائێستا هیچ لایەن و کەسانێک بیری لە پرۆژەیەکی لەم جۆرە نەکردۆتەوە. بەڵام لە هەمو حالەتێکدا باشتروایە کابانەکان خواردن تەنها بەقەدەر پێویستی ئەندامەکانی خێزانەکان ئامادەبکەن، و ریستۆرانتەکانیش بری ئەو خواردنەی پێشکەشی دەکەن کەمی کەنەوە ئەو کات دەتوانن نرخەکانی دابەزێنن، هەر وەها ئەو بڕە خواردنەی کە دەمێنێتەوە زۆر ئاساییە کە بەسەفەری لەگەڵ خۆی بیباتەوە.
بەڵام بەگشتی باشتروایە هەموان فێربین کەم بخۆین، و بزانین چی دەخۆین، و کەی دەیخۆین چونکە خۆ ئەگەر خواردنەکە هی خۆمان نەبێت خۆ گەدەو تەنوودرووستی هی خۆمانە.
بەهیوای ئابووری و تەندروسستی چاک.  

نەژاد شمقار