ئەی وڵاتم ئەی وڵاتم

ئەی وڵاتم، ئەی وڵاتم
نشتمانێکی چ جوانی
مەستی حوببی تۆم سەراپا
تۆش قوبووڵ کە حوببی جانی
***
ئەو دەمەی دڵ پڕ زووخاوم
بۆ سروورم تێ ئەکۆشی
خۆ ئەگەر خەو بێتە چاوم
جێگە خەوبینینی خۆشی
***
گۆشت و ئێسقانم لە تۆیە
خوێنەکەش وا جێی دەمارە
شەوکەت و شانم لە تۆیە
ژینی بەرزیشم لە دیارە
***
ئێسکی ئەجدادم لە تۆدا
دیارە وا گشتی ڕزیوە
تۆ لەش و گیانت بە من دا
ژینی خۆم لەم خاکە دیوە
***
من کوڕێکی گیان فیداتم
تۆش تەواو دایکێکی چاکی
من کە سەربەستە حەیاتم
هەوڵ ئەدەم بۆ تۆ بە پاکی
***
بۆ ئەوەی تۆ پڕ سەفابی
خۆشە لام سەختی کە چابی
هەر ئەکەم مەدحت کە جوانی
وەختی ئێوارە و بەیانی

(بەختیار زێوەر)