ئەڵمانیا خەریکی حیزبی دەعوەیە

 

 

ئاڵا شاڵی

   ئاڵا شاڵی

 

 

 

 

هەرچەندە ناوەکانیان لە یەک دەچێ، بەڵام حیزبی دەعوەی ئەڵمانیا هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبی دەعوەی عێراقییەوە نییە. هەرواش گرنگە بزانن ئێستا یەکێک لە مژارە گەرمە سیاسییەکانی ئەڵمانیا بووەتە باسی دامەزراندنی حیزبی دەعوە DAVA لەو وڵاتە، کە دەیەوێ ئەم ساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا بکات. تاوەکو ئێستا چوار بەربژێری ئەو پارتە نوێیە ئاشکرا کراون، کە هەموویان تورکن. هەر ئەوەش نا، مێژوویەکی درێژی هاوکاریشیان هەیە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی تورکی و حکومەتی تورکیا. زۆر ئەڵمان دەڵێن، حیزبە نوێکە حیزبی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیایە. بەڵام ئەمە راستە؟

ناوی حیزبەکە کورتکراوەی ناوی ئەڵمانیی (هاوپەیمانیی دیموکراتی بۆ فرەچەشنی و هەستانەوە)یە، بەڵام بە مانا تورکییەکەی دەبێتە دەعوەی ئیسلامی، کە دەزانین لای جووڵانەوە ئیخوانییەکان یەکێک لە رێگە نەرمەکانی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و قایلکردنی کۆمەڵگەیە بۆ گەڕانەوە بەرەو ئایین. میدیای فەرمیی ئەڵمانیا زانیاریی لەسەر پرۆگرامی حیزبی دەعوە دەستکەوتووە، کە جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ترسان لە ئیسلام و بەهێزکردنی بەها تەقلیدییەکان دەکاتەوە. هەموو ئەوانە وایانکردووە لە نێوەندە سیاسی و میدیاییەکانی ئەڵمانیا دڵەڕاوکێی زۆر بڵاوببێتەوە. هەندێکیان حیزبە نوێکە وەک ئەسپی ترۆجان دەناسێنن کە تورکیا و ئەردۆغان دەیانەوێ بیهێننە نێو سیستمی سیاسی و کارگێڕیی ئەڵمانیاوە. هەڵبەت هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا نییە کە ئەمە بسەلمێنێ و ئەوەی کە هەیە تەنیا مەزەندەیە. بەڵام ئەو مەزەندەیەش لەخۆوە نەکراوە. 

تورکیا لە ئەوروپا دامەزراوەی زۆری هەبوونە. بیری نەتەوەپەرستانە و تووندئاژۆیانەی گورگە بۆرەکان ئیلهامبەخشی زۆر دامەزراوەی ناسیۆناڵیستیی تورکی بووە لە سەرتاسەری ئەوروپا. لەگەڵ بەهێزبوونی ئیسلامییەکان لە تورکیاش و بە دروستیش لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە، دامەزراوە ئیسلامییە تورکییەکانیش رۆژ بە رۆژ بەهێزتر چنگیان لە کۆمەڵگە و دامەزراوە ئەوروپییەکان گیرکرد. بەتایبەتیش کۆمەڵگەی ئیسلامیی (میللی گیورووش)، کە کۆکەرەوەی سەتان مزگەوت و رێکخراو و وەقفی تورکی - ئیسلامییە لە سەرتاسەری ئەوروپا ساڵانی درێژ کاری لەسەر ئەوە کرد کە تورک بخزێنە نێو ریزەکانی پارتە ئەوروپییەکان و پێگەی گرنگ وەربگرن. ئەویش بەوەی هانی تورکە موسڵمانەکانی دەدا خۆیان لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بگونجێنن و بەشداریی هەموو بوارەکانی ژیان بکەن. ئەوەی مایەی سەرنجیشە تورکە موسڵمانەکان و مزگەوتە پشتیوانەکانیان زۆرتر دەنگیان و پشتیوانییان بۆ پارتێکی ئایینی نەبوو، بەڵکو بۆ سۆسیال دیموکراتەکان بوو. 

ئێستا پێدەچێ تورکی موسڵمان بە بەشداری لە پارتەکانی دیکەدا دڵیان ئاونەخواتەوە و بیانەوێ خۆیان پارتی خۆیان هەبێ. لە هۆڵەندا لە ساڵی 2015ـەوە ئەو ئەزموونە هەیە. لەوێ دوو پەرلەمانتاری تورکی ئەندامی سۆسیال دیموکراتەکان بەهۆی رەخنەیان لە سیاسەتی حیزبەکەیان بەرامبەر (میللی گیورووش) وازیان لە حیزبەکەیان هێنا و لە پەرلەماندا فراکسیۆن و حیزبێکی نوێیان پێکهێنا، کە دروست لە حیزبی دەعوەی ئەڵمانیا دەچێ. ئەو پارتە لەوکاتەوە لەنێو پەرلەمانی هۆڵەندایە و لە هەڵبژاردنەکاندا هەمیشە دوو سێ بەربژێری دەردەچن. لەوکاتەشەوە هەرکەسێک لە هۆڵەندا لەسەر حکومەتی تورکیا و ئەردۆغان قسە بکات، ئەو پەرلەمانتارانە لێی وەدەنگ دێن. 

چاودێریی ئەڵمانی بڕوا ناکەن حیزبە تورکییەکەی ئەڵمانیاش وەک ئەوەی هۆڵەندا چانسی هەبێ. هەرچەندە بەربژێرەکانیشی مێژوویەکیان لە ئەندامێتی و کار بۆ (میللی گیورووش) هەیە، بەڵام ژینگەی ئەڵمانیا جیاوازە. حیزبێک تەنیا لەسەر بنەمای ئەتنیکی بیەوێ کاربکات و لەسەر ئاستی فیدراڵی و یەکێتیی ئەوروپا کاریگەریی هەبێ چانسی سەرکەوتنی زۆر لاوازە. نموونەی پارتی دانیمارکییەکانی ئەڵمانیا هەیە، بەڵام ئەوانە تەنیا لەو لۆکاڵەی لێی دەژین کاریگەرییان هەیە. چاودێران دەڵێن، تورک لە بیست ساڵی رابردوودا بەلایەنی کەمەوە سێ جار ئەزموونی هاوشێوەی حیزبی دەعوەیان تاقیکردووەتەوە و هەمیشە شکستیان هێناوە. جگە لەوەش بەپێی داتا فەرمییەکانی ئەڵمانیا لە کۆی سێ ملیۆن تورک و کورد کە هاووڵاتیی تورکیا یان ئەڵمانیان و لە ئەڵمانیا دەژین، نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە. لەوانەش بەشێکی گەورەیان (بەتایبەتی کورد) دەنگیان بۆ پارتە ئەوپەڕی چەپەکان و سەوزەکان و سۆسیال دیموکراتەکان دەڕوات. هەر لەبەر ئەو لێکدانەوانەشە کە هەندێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەڵمانیا دەڵێن، هیچ رێی تێناچێت ئەردۆغان پشتی بە حیزبی دەعوە بەستبێ بۆئەوەی هەژموونی بۆ زیادتر بکات بەسەر سیاسەتی ئەڵمانیاوە. 

من بۆ زۆر رووماڵ چووم کە پەیوەندیی بە تورک و موسڵمانی دانیشتووی ئەڵمانیاوە هەبێ. یەکێکیان ئەوکاتە بوو کە لە ساڵی 2018 یەکێک لە مزگەوتە گەورەکانی تورکەکان لە شاری کوێلن کرایەوە و ئەردۆغان خۆی هات مزگەوتەکەی کردەوە. لەبیرمە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤالن نەهاتە مەراسیمەکە، چونکە پێی وابوو مزگەوتەکە لەلایەن دامەزراوەیەکی سەر بە ئەردۆغانەوە کراوەتەوە. زۆرجاریش رووماڵی هەڵبژاردنەکانم کردووە و بینیومە کە چۆن ئەو رێکخراوە تورکییانە کارئاسانی بۆ خەڵک دەکەن بۆئەوەی بچن دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا. ئەویش بەوەی پاسیان بۆ بگرن و دەرگە بە دەرگە بەدوایداندا بچن و بیانبەنە بنکەکانی دەنگدان. دەریشکەوت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوودا کە تێیدا ئەردۆغان بووەوە بە سەرۆکی تورکیا، دەنگدەرانی ئەڵمانیا کە بە پاس بردرابوون بۆ بنکەکانی دەنگدان، رۆڵی یەکلارەوەیان هەبوو. 

کاتێک ئامادەکاریم بۆ نووسینی ئەم گۆشەیە دەکرد، بیرم بۆ شتێک چوو، تورکیا ساڵەهایە دەوڵەتە و ئەندامی ناتۆیە و دەیەوێ ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاش، کەچی هەرواش بەردەوام لە هەوڵدایە لۆبی بکات و پێگەی لەنێو دامەزراوەکانی ئەوروپادا قایمتر بکات. ئەی ئێمە کە نە دەوڵەتمان هەیە و نە ئەندامی هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی جیهانیشین و هیچ گەرەنتییەکیش بۆ ئایندە و مانەوەمان نییە، بڵێی بۆچی هێندە لە پەیداکردنی دۆستی نوێ و خۆخزاندنە نێو دامەزراوە هەستیارەکانی دنیا بێخەم پاڵمان دابێتەوە؟

سەرچاوە : ڕووداو