ئەو پیاوەی بەڕەنگ قسە ئەکات

 

 
 
 
 
 
 

 

توانا ئەحمەد

 

   هیگل بڕوای وایە هونەر یەکێکە لەو سێ فۆرمەی(هونەر، دین، فەلسەفە) رۆح یان عەقلی رەها لەمیانەیدا ئەدرەوشێتەوە و گوزارشت لەخۆی ئەکات، پێی وایە هونەری وێنەکيشان هونەرێکی رۆحانییەو لەبری دەرکەوتنی لە فۆرمێکی مادی، لە رەنگ و رووناکیەوە بەرجەستە ئەبێ، بڕوای وایە هونەری وێنەکێشان لەسەروی هونەرەکانی تەلارسازی و پەیکەر سازیەوەیە و لەخوار  هونەری شیعریشەوەیە.

 رۆستەم ئاغالە جیهانێکی پڕ لەچیرۆکەو بەرەنگ و هێڵکاری و روناکیەوە ئەرژێتە ژیانەوە، هونەری ئەو پیاوە گوزارشتێکی ئیستاتیکی سەیرە لە شتەکان، ئاغالە هێزی ئەوەی هەیە شتەکان بەهەموو سەختی و پتەوی خۆیانەوە لە تابلۆکانی بکاتە جۆرێک لە نەرم و نیانی، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بەرەنگ واقیعێکی بێ رەنگ بنوسێتەوە، هونەرەکە بکات بە پەنجەرەیەک کەعەرشی رەنگەکانەوە ئەو دیوی واقیع ببینیت. 

     هونەری رۆستەم ئاغالە بە هێزی فڵچەی دەستی توانای گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی هەیە کە زمان نایانگێڕێتەوە، گفتوگۆیەکی بەردەوامە کە بەجیهانی رەنگدا تێئەپەڕێت، رەنگەگەکانی ئەو پیاوە توانستی ئەوەیان لایە تراژیدیا و ئاشووبی ئەم ژیانە بکەنە گوزارشتێکی ئیستاتیکی، مەشقێکە بۆ ئینسان کە لەبری کارەسات بەختەوەری بنوسێتەوە، بۆیە من هەمیشە حەزم لەهونەری ئەو پیاوەیە.

سەرچاوە : خەندان