ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، حکومەت و پەرلەمانی وڵاتانی جیهان وەکو جینۆساید، دانیان بە تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیدا ناوە و سەرکۆنەیان کردووە. جینۆسایدەکە لەلایەن ژمارەیەک دامەزراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە دانیپێدانراوە.
لە 19ـی ئاداری 2015، نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی، بە جینۆساید دانا.
لە 10ـی ئایاری 2021، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کردەوەکانی داعش لە عێراق بە جینۆساید هەژماردەکرێن.
لە 27ـی کانوونی دووەمی 2016، ئەنجوومەنی ئەورووپا، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و سەروەریی یاسایە، 46 ئەندامی هەیە و لە ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا جیایە؛ دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە 4ـی شوباتی 2016 بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان و هەموو ئەوانەی لەگەڵ گرووپە پەڕگیرەکە هاوڕا نەبوون. هەروەها داوایکرد ئەوانەی کە بە مەبەست تاوانیان لە دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە، بە تاوانی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید، دادگایی بکرێن.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە 14ی ئاداری 2016 بە کۆی دەنگ، تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان، شيعە و پێکهاتەکانی دیکەی بە جینۆساید دانان.
لە 20ی نیسانی ساڵی 2016، ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد بۆ ئەوەی دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا بنێت، سەرکۆنەی بکات و پرسەکەی بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. حکومەتی بەریتانیا رەتیکردەوە دانی پێدابنێت، چونکە پێیوابوو، دەبێت دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆ بڕیار لەسەر تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید بدات نەک حکومەت.
حکومەتی بەریتانیا دواجار، رۆژی 1ـی ئابی 2023، لە سەروبەندی نۆیەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و کۆمەڵکوژی لە دژی کوردانی ئێزدی، وەکو جینۆساید دانی بە تاوانەکانی گرووپە پەڕگیرەکەدا نا.
لە 23ـی ئاداری 2017، پەرلەمانی سکۆتلەنداش پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد و دانی بە جینۆسایدەکە دانا. لە پڕۆژەیاساکەدا هاتبوو: "پەرلەمانی سکۆتلەندا دان بە جینۆسایدی داعش لە دژی ئێزدییەکاندا دەنێت، دان بەو نەهامەتییە مەزنەدا دەنێت کە لە ئەنجامی دەمارگیری، دڕندەیی و دژایەتیکردنی ئایینییەوە دروستبووە، هەروەها دان بە تاوانەکانی داعش لە دژی موسڵمانان، کرستیانەکان، عەرەبەکان، کوردەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و سووریادا دەنێت و سەرکۆنەیان دەکات، پێشوازی لە هەنگاوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکە دەکات کە بە فەرمی دان بە جینۆسایدەکەدا دەنێن."
لە 25ی تشرینی یەکەمی 2016، ئەنجوومەنی نوێنەرانی کەنەدا بە کۆی دەنگ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی پەسندکرد و دانی بەوە دانا کە داعش کچ و ژنانی کوردانی ئێزدیی وەک کۆیلەی سێکس بەکارهێناون و بڕیاریدا لەسەر بنەمای راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاو بنێت و لە ماوەی 120 رۆژدا مافی پەناخوازی بە ژن و کچانی کوردانی ئێزدی بدات.
6ـی کانوونی یەکەمی 2016، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بە کۆدەنگی پڕۆژەیاسای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشی پەسندکرد و داوای لە حکومەت کرد "هەموو کەناڵە یاساییەکان" بەکاربێنێت بۆ داننان بە تاوانەکە و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی.
16ـی کانوونی دووەمی 2018، پەرلەمانی ئەرمینیا دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە رووداوەکان دەستپێبکەن.
یەکی ئاداری 2021. پەرلەمانی عێراق یاسای رزگابووانی ئێزدی پەسندکرد کە تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، تورکمانەکان، کرستیانەکان و شەبەکەکان بە جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادەنێت.
30ـی حوزەیرانی 2021، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەلیجکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی لەلایەن داعشەوە پەسندکرد و داوای لە حکومەتی بەلجیکا کرد، هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردنی قوربانییان و دادگاییکردنی تاوانکاران زیادبکات.
لە 17ـی تەممووزی 2021، پەرلەمانی بەلجیکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی پەسەندکرد.
هۆڵەندا لە 6ی تەممووزی 2021 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە کۆدەنگی دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە 19ـی کانوونی دووەمی 2023 بە کۆی دەنگ دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.
دوایینیان پەرلەمانی سویسرا بوو کە کانوونی یەکەمی 2024 بە زۆرینەی دەنگ، وەک جینۆساید دانی بە تاوانەکانیی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیدا نا.
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند.
لە هێرشەکەی 3ـی ئابی 2014ـی داعشدا، تەنیا شوێن ئێزدییەکان هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکە هەڵاتن روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا- پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها 6 هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون.
سەرچاوە ڕووداو