ئەمەیە گرفتەکە ، ئەمەیە قەیرانە ڕاستەقینەکە !

د. سەعید عەلی محمد
هەرکاتێک پرسیاری لێ دەکەیت : بۆچی ئیشێک ناکەیت ؟! زۆر بە متمانەوە وەڵام دەداتەوەو دەڵێت : هیچ ئیشێک نیە بیکەم !!
ئێستاکە زۆربەی هەرە زۆری گەنج و لاوەکانی کۆمەڵگەی کوردی ئێمە ( ئەگەر خێرا هەلێکی کاری دەست نەکەوێت ) بێ یەک و دوو تەسلیمی بارودۆخ و هەل ومەرجە ئاساییەکە دەبێت و پاڵی لێ دەداتەوە و ، ئەم ڕستەیەی کە لەڕووی دەروونیەوە ئارامیەکی ساختەی دەداتێ : ( کارو ئیش نیە ) دەیکات بە دروشمی تایبەتی خۆی و لەسەر دیواری دڵی هەڵیدەواسێت ! دوای ماوەیەک دەبینی ئەم گەنجە کەلەسەرەتای قۆناغی تەمەنیایەتی نغرۆی نێو دنیای ڕابواردن و لەزەتەکان و شەونخوونی بێ کەڵک و قسەوباس و گفتوگۆو دانیشتنە دوورو درێژەکانی نێو چایخانەکان و قاوەخانەکان و کافیاکان دەبێت و ، بەگرتنەبەری ئەم ڕێگاو ڕێڕەوە سەقەت و خۆکوژیە خەم و پەژارەو ئازاڕو سەختیەکانی ژیان و قەدەر لەبیر خۆی دەباتەوە!! کاتێک پرسیاریشی لێ دەکەیت : بۆ ئێش ناکەیت ؟! زۆر تەمبەڵانەو خەمساردانەو متمانە بەخۆبوونەوە دەڵێت : ئیش نیە !! لەڕاستیدا گرفتەکە ئەوەنیە هەلی کار دەست ناکەوێت ، بەڵکو گرفتە ڕاستەقینەکە ئەوەیە : ئەم گەنجە تازە پێگەیشتووە ئامادەو ساز نیە بۆ ئیش و کارکردن ، گرفتەکە ئەوەیە ویست و ئیرادەی لاواز بووە ، هیچ هەوڵ و کۆششێک نادرێت بۆ فێربوونی ئیشەکان و پیشەکان و بەرەو پێشبردنی تواناو بەهرەکان !! ئێمە ئێستا لە چەرخێکدا لە ڕۆژگارێکدا دەژین هەموو بەربەست و دیوارەکان لادراون ، هەموو دەرگاکان و دەروازەکان واڵا کراون و کراونەتەوە ، بەڵام بۆ کێ ؟ بۆ ئەو کەسانەی خاوەن عەزم و ویست و ئیرادەی بەهێزن .. دەبێ بزانین لە دنیای ئەمڕۆدا ئیش وکارو پیشە تەنها لە بازنەی ئەرک و وەزیفەی حکومی و فەرمیدا قۆرخ نەکراوە و بەس ، بەڵکو هەلی کار بەردەست و ئامادەیە بۆ هەموو کەسێک کە بزانێت وەبەرهێنان لە کاتەکانیدا بکات ، هەوڵی فێربوون بدات ، دەگەڕێت و بەدواداچوون دەکات ، ئەزموون دەکات و سەرقاڵی تاقیکردنەوە بێت ، خۆی دروست بکات و خۆی سازو ئامادە بکات .. من چەند جارێک وتومە و دووبارەش دەیڵێمەوە : قەیرانی ئەمڕۆی ئێمە نەبوون و کەمی هەلی کار نیە ، قەیرانەکە نەبوونی ئامادەییە بۆ هەلی کارەکە ! ئەو گەنجەی تەمبەڵ و سست و لاوازەو هەوڵ نادات ، بڕوای وایە تەنها --- دوعاو پاڕانەوەی بێ هەوڵ و کۆشش و ئامادەیی وەرگرتن --- بەسە و هیچی تر ، ئەو گەنجە هەموو خەیرو بێرێکی لە خۆی بڕیوە ، ئەگەر چی هۆکارو ئاسانکاریەکانی بەدەستهێنانی ئەو خەیرو بەیرەشی لەبەردەستدا بێت ! شارەزایان و پسپۆڕانی بواری گەشەی مرۆیی دەڵێن : ( زانست و مەعریفە) ، (بەهرە و پیشەو توانا تایبەتەکان ) لەسەرەکیترینی سەرچاوەکانی هێزن بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە .. بۆیە گەنجەکانمان دەبێ بزانن ئەگەر ئێستا هەلی کاریان دەست ناکەوێت ، خۆ دەتوانن کار لەسەر پێگەیاندن و سازکردن و دروست کردنی خۆیان بکەن .. با هەر لەئێستاوە دەست بکەن بە فێربوون ، خۆبەهێزکردن ، خۆسازدان و خۆئامادە کردن ، گەشەدان بەتواناکان ، ڕاهێنان لەسەر جورئەت و ئازایەتی.. ئینجا ئەوکات دەبینن ژیان چۆن سەرسامیان دەکات بە واڵاکردنی دەرگاو دەروازەو هەلە سەرسوڕهێنەرەکانی خۆی ، ئەو دەروازەو هەلانەی کە پێشتر نەدەبینران و هەستیان پێ نەدەکرا !! دەبێ گەنجەکان دڵنیابن ( تەمبەڵی ) بێتوانایی و لاوازیی پینە ناکات و نابێتە بەهانە ، هەروەک چۆن سکاڵا کردنی شەوو ڕۆژیش هیچ داهاتوویەکیان بۆ دروست ناکات!
سەرچاوە : سپی میدیا