فێستیڤاڵی هاوینە بۆ بەرهەمی سروشیتی و کاری دەستیی ژنان لە شاری سلێمانی لە سێهەمین ڕۆژیدا بەردەوام بوو سبەینێش کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکە دەبێت.
ماوەی سێ ڕۆژە فێستیڤاڵی هاوینە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بڕیارە سبەی دوا ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بێت کە تیایدا زۆرێک لە خواردن و خواردنەوە کوردەواریەکان نمایش کراون.
لە بەشیکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا، نمایشی جلو بەرگی کوردی و چەندین کاری دەستی و جوانکاری پێست، کە بە دەستی ژنان بەرهەمهێندراون خرایەڕوو.
ئامانج کەریم، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی هاوینە بە ڕۆژنیوزی وت، لە بنەمادا فێستیڤاڵەکە بۆ بوژانەوەی ژێرخانی وڵاتە، ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکانە، فێستیڤاڵەکە بە بەشداری 63 کۆشک بەڕێوە دەچێت و نزیکی 150 بەشداربوومان ههەبووە کە لە سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە ڕاشیگەیاند: ئەمە دەرفەتی زیاتری بە بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆیەکان دەڕەخسێنێت، کە لە ناوخۆی کوردستاندا هەیە، هەمانکات 65 ژنی دەست ڕەنگین لە فیستڤاڵەکە بە کارە دەستیەکانیان بەشدارن.
سەرچاوە: rojnews