رێبوار كەریم وەلی
هەر بۆ بیرهێنانەوە…
ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2015، مەسعود بارزانی بە سیفەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێک کە بریتی بوون لە فوئاد حوسێن، ئاشتی هەورامی، قوباد تاڵەبانی، مەسرور بارزانی، فەلاح مستەفا و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و چەند کەسێکی دیکە، سەردانی واشنتۆنیان کرد. ئەمە دوایین سەردانی بارزانی بوو بۆ ئەمریکا.
ئۆباما سەرۆک و بایدنیش جێگری بوو.
کۆبونەوە لەگەڵ ئۆباما، تەنها چەند دەققەیەکی خایاند و ئۆباما بە شاندەکەی گوت کە کاری گرنگی هەیە و بایدن لەگەڵیان بەردەوام دەبێ و قسەی بایدن قسەی ئەوە.
رۆژی پاشتری فوئاد حوسێن بە میدیاکانی گوت :”بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە کە بزانین داهاتووی کورد بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت و مەبەستیش لە سەردانەکە ئەوەیە کە ئاخۆ بزانین عێراق بە یەکپارچەیی دەمێنێتەوە، یان دابەش دەکرێت.
بایدن لە وەڵامدا گوتبوی کە هیوادارە ئەویش لە ژیانی خۆیدا، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ببینێ!
ئەم قسەیەی بایدن، بارزانیی شاگەشکە کردبوو، هەر بۆیە دوای گەڕانەوە بۆ هوتێل کۆبوونەوە بە شاندی یاوەری دەکات بۆ ئەوەی بزانێ ئەم قسەیەی بایدن مانای چییە و ئایا گڵۆپی سەوزە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ یان نا؟
بەشێک لە ئەندامانی شاندەکە دەڵێن ئەوە تەنها تەمەننایەکە و مانای ئەوە نییە ئەمریکا پشتیوانی لە سەربەخۆیی بکات، بەڵام لەو بەینەدا، مەسرور بارزانی دەڵێ : نەخێر ئەمە تەنها هیوا نییە، بگرە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە و بەو زمانە دەربڕاوە!
بارزانی قسەی کوڕەکەی بە سەنەد وەرگرت.!
بارزانی ئەوکاتە دە ساڵ بوو سەرۆکی هەرێم بوو، ئەو دوو ساڵەی پێشتر بۆی درێژ کرابۆوە لە مانگی حوزەیراندا کۆتایی دەهات.
بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوبەشی سەرەکی بوو لە حکومەت و پەرلەماندا، نەدەچوونە بن باری ئەوەی چیدیکە بارزانی لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
بۆیە لە 12ی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا، پارتی نەیهێشت سەرۆکی پەرلەمان بێتەوە هەولێر، دەرگای پەرلەمانی داخست و وەزیرەکانی گۆڕانیشی لە حکومەت دەرکرد.
بارزانی دەیویست ئاوا دەوڵەت دروست بکات!
ریفراندۆم کرا و سەری میللەتی لەسەر داندرا!
ئێستاش بە هەمان نەفەس، هەمان عەقڵ و بەو گریمانیەی کە عێراق کۆتایی هاتووە دەیانەوێ بڵێن شتێک بەناوی عێراق نەماوە و ئێمە رێگەی دیکەمان لەبەردەمدا نییە جگە لە کشانەوە لە پڕۆسەی حوکمڕانیی عێراق!
بە حساب لە سەردەمی ریفراندۆمدا، 33 دەوڵەت گوایە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ تەنانەت 3 حزبی ناوخۆش لەگەڵ ئەم سەرکێشێیەدا نین.
ئەوەشی کە لەگەڵ پارتییەتی، لە خوایەتی پارتی دیسان مل لەو هەڵدێرە بنێتەوە کە لە ریفراندۆم کردی.
ناوماڵی کورستان کەلاوەیە و پارتی بە ئەنقەست ئیش لە سەر قوڵکردنەوەی قەیرانەکان دەکات و دەیەوێ نیوانی بەغدا لەگەڵ خۆی بگەیەنێتە مریشکە رەشە تا فەشەلی مەسرور بارزانی لە حکومەتدا، پینە بکات.
حکومەتێک نەتوانێ بێ پارەی بەغدا تەنانەت 1 مانگیش مووچە بدات، دەبێ ئەو بێمنەتییەی لە کوێوە دێ!؟
رووسەکان قسەیەکی بەناوبانگیان هەیە، دەڵێن ئەگەر بتەوێ وڵاتێک کاول بکەی گۆشت بخە بەردەم ئەسپ و جۆش بخە بەردەم گورگ!
سەرچاوە : سپی میدیا