ئه‌زموونی‌ نووسین دوای‌ په‌نجا ساڵ

له‌ ده‌ستپێكی‌ ئه‌م كتێبه‌دا  ئه‌زموون و نووسین ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ دیارده‌ی‌ نووسینی‌ ئه‌زموونی‌ ئه‌ده‌بی- هونه‌ری‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌ر، یان كه‌سانی‌ تره‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌رشیفی‌ ئه‌و كه‌سه‌وه‌ ده‌نووسرێته‌وه‌. پاشان له‌ هه‌مان كتێبدا هاتووه‌: ئه‌گه‌ر نووسینه‌وه‌ی‌ بیره‌وه‌ری‌ كه‌سانی سیاسه‌تمه‌دار و ده‌وڵه‌تمه‌دار و... هتد كێشمانی‌ چاو له‌ هه‌ندێك شت نووقاندن و بڵماندنی‌ له‌ لایه‌ك و باسوخواسێكی‌ ده‌ره‌كی‌ و واقیعی‌ بێت له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌وا هی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر، مه‌ودایه‌كی‌ ده‌روونی‌ و ناوه‌كی‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ی‌ درۆ له‌گه‌ڵ ویژدان و ناخی‌ خۆیدا نه‌كات، ئه‌وا ده‌بێت به‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ راستگۆییه‌وه‌ ببێته‌ زمانی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ دنیای‌ ناوه‌وه‌یدا گێنگڵ ده‌دات، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌ ئه‌زموونی‌ ئه‌ده‌بی- هونه‌ری‌ خۆی‌ ده‌دوێت، جه‌وهه‌ری‌ ئه‌م جۆره‌ به‌رهه‌مه‌ش راستگۆییه‌. 
لایه‌نێكی‌ تریش كه‌ له‌م كتێبه‌دا گرنگه‌ بۆ خوێنه‌ران ئه‌ویش ئه‌زموونی‌ ده‌ره‌كییه‌ و باسكردنی‌ ته‌وژم و بزووتنه‌وه‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كانه‌. 
لێره‌وه‌ باس له‌ ئه‌زموونی‌ په‌نجا ساڵ له‌ ژیان و ئه‌ده‌بی و شیعری‌ ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د ده‌كه‌م.

كورته‌یه‌ك له‌ به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی‌
(زریان، زایه‌ڵه‌، زنار، نسار)، جگه‌ له‌م به‌رهه‌مانه‌ چه‌ندین كتێبی‌ له‌باره‌ی‌ كوردناسی‌، پره‌نسیپه‌كانی‌ ئه‌ده‌بناسی‌ به‌ چاپ گه‌یاند و سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م كتێبه‌ به‌ بایه‌خانه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رێكی‌ تر چه‌ندین چیرۆك و حیكایه‌تی‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ تریان به‌ ئێمه‌ ناساندووه‌. ئه‌م به‌رهه‌مانه‌وه‌ چه‌ندین به‌رهه‌می‌ دیاری‌ تر زۆر به‌ كورتی‌ ئاماژه‌م بۆ كرد.
ئه‌زموونی‌ په‌نجا ساڵ نووسین به‌ هه‌موو قۆناغه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر بكه‌ن، ترسناكترین قۆناغ و سه‌رده‌م بووه‌ و هۆكاره‌كانیش زۆر زۆرن، له‌ هه‌مووشیان ترسناكتر سانسۆر و چاودێری‌ نووسه‌ران هونه‌رمه‌ندان بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ی‌ چی ده‌نووسن به‌ڵكو قۆناغه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیار بوو چ كتێبێك ده‌خوێننه‌وه‌. ئه‌و كاتانه‌ش فه‌رمانبه‌ری‌ تایبه‌تییان هه‌بوو به‌و كاره‌. له‌ سه‌ره‌تای‌ حه‌فتاكانه‌وه‌ خه‌یاڵ و زمانی‌ شیعری‌ دنیابینی‌ بۆ شیعر گۆڕا، ته‌وژمی‌ ئه‌ده‌بی ته‌مومژاوی‌ رووبه‌رێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ ئه‌ده‌ب و به‌ تایبه‌تی‌ شیعر داگیركرد، نموونه‌ی‌ زۆر له‌و شاعیر و ئه‌دیبانه‌ له‌به‌ر ده‌ستدان به‌تایبه‌تی‌ گرووپی‌ كفری‌ و روانگه‌. كه‌ تاوه‌كو ئێستاش ئه‌م كێشمه‌كێش و ململانێ مێژووییه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ بۆچی‌ ئه‌ده‌بی ته‌مومژاوی‌؟
پێشتر ئه‌م وه‌ڵامه‌م داوه‌ته‌وه‌، پێده‌چێت هۆكارێكی‌ تریش هه‌بووبێت، ئه‌م جۆره‌ له‌ تێڕوانین (مۆدێلێك) بووه‌، نایشارمه‌وه‌ زۆرێك له‌ شاعیران له‌و قۆناغانه‌دا به‌و فۆرمه‌ شیعریان نووسیوه‌. لای‌ ئه‌وان شیعر به‌ ئێستاشه‌وه‌ په‌یامه‌، له‌ كاتێكدا هیچ تێكستێكی‌ شیعری‌- ئه‌ده‌بی په‌یام نییه‌، به‌ڵكو ئاوێته‌بوونی‌ دوو زمان و ئینسانه‌ له‌ یه‌ك فۆرمی‌ جیاوازدا، باشه‌ جارانی‌ شیعر له‌به‌ر فتیله‌یه‌ك، چرایه‌كی‌ كز په‌روانه‌یه‌ك به‌ ده‌وردا ده‌خولایه‌وه‌ جوانترین تێكست ده‌نووسرا، ئێستا به‌و هه‌موو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌وه‌ رسته‌یه‌كی‌ شیعری‌ نانووسرێت. هۆكاره‌كه‌شی‌ یه‌ك رسته‌ی‌ تیا نییه‌ بۆ دروستبوونی‌ ئیراده‌، ئیراده‌ی‌ خوێنه‌رێك كه‌ شیعرێكی‌ جوان ده‌خوێنێته‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكات جیهان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ تره‌.

(بیرخستنه‌وه‌كی‌ كورت، تۆ له‌ موبایه‌له‌كه‌تدا بێئه‌وه‌ی‌ به‌خۆت بزانیت، له‌ناو گوندێكی‌ جیهانیدایت، ئه‌وه‌ی‌ ده‌ینووسیت دنیا ئاگای‌ له‌ تۆیه‌، به‌ڵام تۆی‌ بێ ئاگا، ئاگات له‌ دنیا نییه‌ كه‌ چی‌ ده‌گوزه‌رێت). (له‌ بیرمه‌ رۆژانێك بوو باوكم گوێی‌ ده‌نا به‌ رادیۆكه‌وه‌ هه‌موو دیمه‌نه‌كانی‌ دنیامان له‌به‌رچاوبوو، گوێمان له‌ هاوار و كاره‌ساته‌كان بوو، ئێستا هه‌موو دونیا وێنه‌یه‌ گوێمان له‌ هیچ شتێك نییه‌). له‌ زریان و دواتر به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی تره‌وه‌، به‌ هه‌مان راستگۆیی ده‌ژین، نه‌وه‌ك وێنه‌ دروستكراو و راگه‌یاندنه‌كان، كه‌ جیهان ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌نده‌ی‌ سانسۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر وێنه‌، سانسۆری‌ نییه‌ له‌سه‌ر شیعر و ئه‌ده‌بیات. له‌مڕۆدا سه‌دان شیعری‌ ته‌مومژاوی‌ بنووسیت، كه‌س ناتخوێنێته‌وه‌، له‌مڕۆدا سه‌دان شیعری‌ به‌رگری له‌ خاك نیشتمان بنووسیت هیچ كه‌سێك ناتخوێنێته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ی‌ دوێنێ‌ نییه‌ و ئێستاش نییه‌، ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنمان هه‌بێت بۆ دنیای‌ ئێستا، له‌ ئێستا و سبه‌ینێشدا ئه‌وه‌ی‌ بیریاران له‌سه‌ری‌ رێكه‌وتوون (بیركردنه‌وه‌ له‌ شتی‌ خراپه‌)، تۆ كه‌ سه‌رقاڵ بیت به‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ خراپه‌، نه‌ گوێت له‌ میوزكێكی‌ خۆش ده‌بێت نه‌ دێڕه‌ شیعرێكی‌ دیوانی‌ زریان.

سه‌رده‌مه‌ سه‌خته‌كه‌
زۆرێك له‌و شاعیرانه‌ كه‌مترین شیعریان نووسیوه‌، نموونه‌ فاتیح عیزه‌دین و محه‌مه‌د عومر عوسمان، له‌و ته‌رزه‌ شاعیرانه‌ بڕوایان وابووه‌ كه‌ ته‌نها رسته‌یه‌كی‌ شیعری‌ ده‌توانێت دنیا بگۆڕێت، لای نالیش كه‌مترین شیعر نووسراوه‌، هه‌روه‌ك لای‌ هه‌ردیش، (رۆژانێك بوو شاعیران پێیان وابوو ده‌بێت دیوانه‌ شیعره‌كانیان وه‌ك دۆڵاب گه‌وره‌ بێت، بێئه‌وه‌ی‌ به‌ خۆیان بزانن شاعیران ده‌بێت تێكسته‌كانیان شاراوه‌ بێت، وه‌ك زۆر له‌ شاعیرانی‌ گه‌وره‌ی‌ دنیای‌ ونبوو، كه‌ ساڵانێك دوای‌ خۆیان به‌ خوێنه‌رانیان ئاشنا بوون).
دوای‌ په‌نجا ساڵ له‌ نووسین، له‌و قۆناغه‌ جۆراجۆره‌دا، كه‌م له‌ شاعیران هه‌بوون نازناویان نه‌بووبێت، ئێستاش نازناو شه‌ره‌فێكی‌ گه‌وره‌یه‌ پێش شیعر نووسین، به‌ڵام (زریان) و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د به‌ ناوی‌ سیانییه‌وه‌ پاش په‌نجا ساڵ وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌. 

ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف
2022-06-09

 

سەرچاوە: knwe