ئەحمەدی خانی (١٦٥١–١٧٠٦) شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد بووە. ڕۆشن بیران ئەحمەدی خانی بە یەکەم کەس دادەنێن کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیویەتی. بەناوبانگترین بەرھەمی کتێبی شیعری مەم و زین کە چیرۆکێکی دڵدارانە دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی 1692 بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە.
ناوی ئەحمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم بووە. لە ساڵی 1061ی کۆچیی مانگی بەرامبەر بە 1650 یان 1651 زایینی لەدایکبووە. نازناوی شیعری لە ھۆزی خانیان وەرگرتووە، بەشێکی ئەم ھۆزە لە دەوروبەری ناوچەی بۆتان بوون، بەڵام بنەماڵەی شاعیر باریان کردووە بۆ شاری بایەزید. لە مەم و زینا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە خانی لە جەزیرە ژیاوە. خانی یەکێک بووە لە مەلا گەورەکانی سەردەمی خۆیی و شارەزاییەکی چاکی لە فەلسفە و زانستەکانی دیکەدا ھەبووە. خانی لە دێڕێک لە ھۆنراوەکانیدا باسی لە دایکبوونی خۆی دەکات و دەڵێت: " لەو ڕا کو دەما ژ غەیب فەک بوو/ تەئریخ ھەزار و شەست و یەک بوو".
وەک لە سەرچاوەکانی ژیانی و کردەوە ئەدەبییەکانی شاعیر دەردەکەوێ باب و باپیرانی لە ڕووی داراییەوە ژیانیان ئاسان بووە و بە بەختیاری ژیاون. ئەحمەدی خانی ھەموو ژیانی بۆ خوێندەواری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی سیاسی خەرج کردووە لە کۆمەڵی کوردەواریدا. ئەمە دوو لایەنی ڕووناکی بووە، یەکەمیان بەرھەم ھێنانی داھێنانی ئەدەبی، واتە شیعری، دووەمیان فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵان و لاوی کورد لە ڕووی خوێندەوارییەوە.
شاعیر لە مەڵبەندی لە دایکبوونی، شاری بایەزید، لە ساڵی 1707 (1119ی کۆچیی مانگی) کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.
کوردایەتی و زمانی کوردی
لە کتێبی دیالۆگ – ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نووسراوە: «ئەحمەدی خانی ھەر لەسەرەتاوە دەیزانی کە کەلووپەلی کوردی بازاڕیان نییە، واتە ئەو کتێبانەی کە بە کوردی نووسیبوونی نەیاندەتوانی بگەنە ژمارەیەکی زۆر خوێنەر». ئەمەش بۆ دوو ھۆ دەگەڕێتەوە. لە لایەک ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئەحمەدی خانی تێدا دەژیا، بەشی ھەرەزۆریان نەخوێندەوار بوو و لە لایەکی دیکەوە زمانی نووسین و خوێندنی ئەو سەردەمە زیاتر بە زمانی عەرەبی و فارسی بوو، نووسەرانی ڕۆژەھەڵاتی ناوین بە نووسەرانی کوردیشەوە بەو زمانانە کتێبیان نووسیوە.
ئەحمەدی خانی، گرنگییەکی زۆری بە زمانی کوردیی داوە و کاتێک بە زمانی کوردی شیعری نووسیەوە تەنھا ھەر بۆ ئەوە نەبووە کە بەو زمانە بنووسێت بەڵکو بە کوردیی نووسینی، وەکو ھەڵوێسەیەک لە دژی دەستەڵادارن و زمانەکەیان بەکار ھێناوە، ھاوکات وەکو ڕەخنەیەکیش لە کوردەکان خۆیان، چونکە خانی پێی وابووە کە زوو خۆیان دەدەن دەست، ئاغا و دەستەڵادارە بێگانەکان. کوردەکان ئازا و دلێر بوون، شاسووار، وەفادار، جێیمتمانە بوون، بەڵام ئەوە بەدەردی چی دەخوات، کاتێک خۆیان پەرش و بڵاو بن و نەتوانن یەکبگرن تا خۆیان کەیخودای خۆیان بن؟ زمانی نووسین دەتوانێت ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھەست بکەن کە ئەوانیش نەتەوەیەکن وەھەروەھا ھانی کوردانی داوە بۆ ڕوو بەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەران ئەحمەدی خانی یەکەم شاعیرە کە گلەیی لە سەرۆک ھۆزەکانی کورد دەکات کە یەکناگرن و پشت بە نەیارانیان دەبەستن، دەنا دوژمنانی کورد غوڵامێتیان بۆ کورد دەکرد و دەڵێت:
گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
روم و عەرەب و عەجەم تەمامی
ھەمیا ژ مە را دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تحصیل دکر مە عیلم و حیکمەت
بەرھەمەکان؛
1- عەقیدەیا ئیمانێ، بە پەخشان و ھۆنراوە سەبارەت بە پێنج کۆڵەکەی ئیمان لە ئیسلامدا نووسراوە. ساڵی 2000 لە سوید چاپ کراوە.
2- نەوبەهارا بچووکان، 1683، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی – کوردی کە بە شیعر، بۆ منداڵانی کوردی داناوە کە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەم جار لە 1926 لە ڕەواندز چاپکراوە.
3- مەم و زین، 1692، یەکەم جار لە 1919 لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە.