ئێرانیەکان بۆ كۆبوونهوه بانگهێشتیان کرد و شەهیدیان کرد
بە درێژایی مێژوو ژمارەیەکی لە ڕادهبەر سەرکردەی کورد لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەستگیركراون و شەهید کراون. هەرچەندە ئیمپراتۆری عوسمانی و دەوڵەتی تورکیا لە شەهیدکردنی کەسایەتیە کوردەکان و سەرکوتکردنی ڕاپەرینەکانی گەلی کورد پشکی شێری بەردەکەوێت، بەڵام ئیمپراتۆری فارس و دەوڵەتی ئیرانیش لە تورک کەمتر دژایەتی کوردیان نەکردووە و چهندین سەرکردە و کەسایەتی کوردیان شەهید کردووە.
یەکێک لەو کەسایەتیە کاریگەرانەش جەوەر ئاغای شکاک (جەعفەر ئاغا)، برا گەورەکەی سمایلخانی شکاک بووە.
جەوەر ئاغا بەرلەوهی سمایلخان ببێتە سەرۆک هۆزی شکاک و شۆڕش بەرپا بکات، وەک سەرۆک هۆزی شکاکەکان دەناسرا و چهندین شەڕڤانی لەدەور بوو.
جەوەر ئاغا جێگری محەمەد ئاغای باوکی بوو و لە هەرێمی ورمێ تا نزیک تەبرێز لە سەردەمی قاجارەکاندا دەسەڵاتدار بوو.
خەڵکی ناوچەکە ئومێدی زۆریان بە جەوەر ئاغا هەبوو و خۆشیاندەویست، هۆکارەکەشی ئەوەبوو، پارەی لە دەوڵەمەندەکان وەردەگرت و بەسەر هەژارەکاندا دابەشی دەکرد و بڕوای بە یەکسانی کۆمەڵایەتی هەبوو.
بەو هۆیەوە گەشتیارە ئەوروپیەکان لە بیرەوەریەکانیاندا، جەوەر ئاغایان وەک 'ڕۆبن هودی' کورد لەقەڵەمداوە.
پلانی داگیرکردنی ورمێ لە لایەن قاجارەکانەوە
تا سەرەتای ساڵەکانی 1900 هەرێمی ورمێ بە هەموو ناوچەکانیەوە لەژێر دەستی حکومەتی خۆجێیی کوردا بوو. بە واتایەکی تر بە پێشەنگایەتی هۆزی شکاک کۆنفیدراسیۆنی هۆزەکان پێکهێنرابوو و کورد لە نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی و ئێراندا مافی خۆبەڕێوەبەردنی هەبوو.
ساڵی ١٩٠٥ موزەفەرەدین شای قاجار بە سەردانێک دەچێتە ئەوروپا. کوڕەکەی بە ناوی محەمەد ئەلچی میرزا وەک جێنشینی خۆی دیاریدەکات. لەو سەردەمەدا حسێن قولیخان (نیزامولسەڵتەنە) وەک والی ئازەربایجان حوکمی دەکرد.
محەمەد ئەلچی میرزا و حسێن قولیخان سەردانی موزەفەرەدین شای قاجار بۆ ئەوروپا وەک دەرفەت دەبینن و هەوڵ دەدەن تا گەڕانەوەی گورزێکی گەورە لە کوردەکان بدەن و وهك سەرکەوتنێک لای شای قاجار پیشانی بدەن.
ئەحمەد کەسرەوی مێژووناسی ئازهربایجان لە کتێبێکیدا دەڵێت، "محەمەد ئەلچی میرزا و حسێن قولیخان (نیزامولسەڵتەنە) پلانێک دادەڕێژن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نامەردانە جەوەر ئاغا بکوژن، پەیامێکی بۆ دەنێرن کە سەردانی تەبرێز بکات تا لەوێ کۆببنەوە و لەبارەی سنوورەکانی دەوڵەتی ئێران و حکومەتی ورمێ دانوستان بکەن.
بەو شێوەیە نیزامولسەڵتەنە نامەیەکی بۆ جەوەر ئاغا نارد و تیایدا باسی ئەوەکرابوو، دەوڵەتی ئێران هەموو دوژمنایەتی و ململانێکانی رابردوو لەبیردەکات و لە خۆی و سەرکردەکانی تری کورد خۆش دەبێت و لاپەڕەیەکی سپی لەگەڵ کورد هەڵدەداتەوە.
دوای ئەوەی جەوەر ئاغا کۆبوونەوەیەکی گەورە لەگەڵ محەمەد ئاغای باوکی و ڕیش سپیەکانی هۆزی شکاک و هۆزەکانی تر دەکات، هەندێکیان پێی دەڵێن، بڕوا بە دەوڵەت مەکە و ئەگەر هەیە پلانێک بێت، بەڵام جەوەر ئاغا چونکە کەسێکی قارەمان و نەترس بوو، دەڵێت، 'شەرمێکی گەورەیە ئەگەر نەڕۆم و نامەوێت وەک ترسنۆک لەقەڵەم بدرێم'.
بەو شێوەیە جەوەر ئاغا و حەوت کەسی هەڵبژاردە بە ناوەکانی 'مستەفا نەوروزی، خاڵە میرزا (خاڵی جەوەر و سمکۆ)، سەدۆ، حاجۆ، جاچۆ، سەیید محەمەد و قاسم (قاسۆ)، بەرەو تەبرێز دەکەونە ڕێ.
کاتێک دەگەنە کۆشکی حسێن قولیخان (نیزامولسەڵتەنە) دەستگیردەکرێن و ٤٠ ڕۆژ زیندانی دەکرێن. محەمەد ئەلچی میرزا کوڕ و جێنشینی موزەفەرەدین شا نامەیەک بۆ حسێن قولیخان دەنێرێت و بڕیاری کوشتنیان دەردەکات.
بەو شێوەیە جەوەر ئاغا بە شێوەیەکی نامەردانە و بە فێڵ و تەڵەکەبازی شەهید دەکرێت و ٧ شەڕڤانەکەش بە پلانێک لە زیندان هەڵدێن، بەڵام هەر ئەو ڕۆژە دوو لە شەڕڤانەکان دەکوژرێن و ٥ کەسەکەی تر دوای شەڕێکی قورس خۆیان ڕزگاردەکەن.
محەمەد ئاغای باوکی جەوەر ئاغا لەو کاتەدا سەردانی ئەستەنبوڵ دەکات و داوا لە سوڵتان عەبدولحەمید دەکات لەدژی قاجارەکانی ئێران پشتگیریان بکات بۆ ئەوەی تۆڵەی جەوەر ئاغا بکەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە محەمەد ئاغاش نەگەڕایەوە و بە پلانێکی نێوان نوێنەری ئێران لە ئەستەنبوڵ و سوڵتان عەبدولحەمید بێسەروشێنکرا و تا ئێستاش کەس نازانێت چۆن کوژراوە و تەرمەکەی لەکوێ بەخاکسپێردراوە.
دوای ئەوەی محەمەد ئاغای باوکی و جەوەر ئاغای برای شەهیدکران، لەسەر داوای ڕیش سپیەکانی هۆزی شکاک سمایلخانی شکاک، کە ئەو کاتە تەمەنی لەنێوان ١٨ بۆ ١٩ ساڵدا بوو، بووە سەرۆک هۆزی شکاک و سەردەمی شۆڕشی سمایلخان دەستیپێکرد.
سمکۆی شکاک ٢٥ ساڵ لەدژی دەوڵەتی ئێران شۆڕشی کرد. توانی ٥٠٪ی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگار بکات. هەرچەندە لە بنەماڵەیەکی ئاغا بوو، بەڵام بە هەموو شێوەیەک سیستمی فۆدالیزم و دەرەبەگایەتی ڕەتدەکردەوە. هەندێک کەس پێیان وایە "سمایلخان" باوکی ناسیۆنالیزمی کوردە.
سەرچاوە :سایتی پەیسەر