ئێخەی بەغدا بگرن، ئێمە ئاشبەتاڵ

 

هیوا محەمەد

دەڵێن ئەگەر نەزانێک بەردێک بخاتە گۆمێکەوە بە دە زانا دەرنایەتەوە. ئەم پەندە بۆ حاڵی ئێستای حکومڕانیی هەرێمی کوردستان دەگونجێت، کە دوکانەکەی دادەخات و دەڵێت هیچمان پێنەماوە و بۆ ئێمەش ئاسان نییە ئەوەی ئەوان تێکیاندا بێگرفت چاکی بکەینەوە.
گوێنەدان بە گازندەی خەڵک و هۆشداریی نووسەران لەسەر چۆنێتی حکومڕانیی هەرێم، خۆشیان و خەڵکەکەشیان بەرەو هەڵدێر برد، ئێستاش بە سەرلێشیواوی و گیرفانی پڕەوە، پشت دەکەنە خەڵک.
ئاخر ئەوە تیمی یەکێتی نەبوو بایکۆتی کۆبوونەوەکانی کرد بە هۆکاری ئەوەی کە سەرۆکی حکومەت حساب بۆ رای هیچ جێگر و وەزیرێک ناکات؟ بەهۆکاری تاکڕەوی و نادادی نەبوو؟ هۆکارەکەی عینادی نەبوو لەگەڵ بەغدا و ملنەدان بۆ چارەسەری کێشەکان؟ 
ئەی بۆچی ناشەفافی لە داهاتی نەوت و دیزە بەدەرخۆنەکردنی هۆکاری تێکچوونی دۆخەکە نەبووبێت؟
یان بۆچی لووتبەرزیی بەرامبەر بەغدا و حساب بۆ نەکردنیان وەک ناوەند، ئەمڕۆی دروست نەکردبێت؟
حکومەتی هەرێم، بەشە باڵادەستەکەی پارتی و بەتایبەتیش سەرۆکی کابینەی نۆیەم، لە چوار ساڵی رابردوەوە بەدرێژەدانی هەمان سیاسەتی پێش خۆی کە وەک لەسەرەتاوە دەرکەوتووە و لە روانگەی پاشکۆیەتییەوە بۆ تورکیا سەریهەڵداوە، ساڵ لەدوای ساڵ پێگەی هەرێمی لاواز کرد و هەولێر و بەغدای لەیەک دوور خستەوە.
لەدوای نەمانی رژێمەوە و دروست لە پێنج ساڵی یەکەمدا بووین سەرۆکی حکومەتی سەر بە پارتیی ئەو کات وتی مالیکی بووە بە سەدامی دووەم، کە مالکی سەرۆکی حکومەتی عیراق بوو. 
لە 28 ی نیسانی 2014 سەرۆکی هەرێم وتی: دەردێک دەدەین بە مالکی تووشی هیستریا ببێت، بەدوایدا لە 10 ی حوزەیرانی هەمان ساڵ، داعش موسڵی داگیرکرد و پێشڕەویی کرد بۆ ناوجەرگەی عیراق.
سیاسەتی توندوەستاوە و عینادیی پارتی بەرامبەر بە بەغدا کە دواتر ریفراندۆمی لێکەوتەوە و بە شکست و داوای لێبووردن و دەست لەکار کێشانەوە کۆتاییهات، هەرێم و خەڵکەکەی جارێکی تر تووشی زیان و بێهیوایی کرد.
گەیاندنی دۆخی هەرێم بەم رۆژە لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە چەند ساڵێکە لە کێشەدان لەگەڵ بەغدا لەسەر چۆنێتی هەناردەکردنی نەوت و رادەستکردنی بە سۆمۆ و رێگەیان نەدا ئەمە سەر بگرێت، هەر ئەمەش بووە هۆکاری هێرشکردنە سەر کەرکوک و دەستبەسەرداگرتنەوەی.
پارتی نەیتوانی بڕێک نەرمی بنوێنێت و لەبەرژەوەندیی هەرێم هەنگاو بنێت، چونکە ئاغاکان لە تورکیاوە وایان بۆ داڕشتووە.
تا لە رێگەی دادگای پاریسەوە لەژێر گوشاردا بە ناشەفاف بردنی نەوت راگیرا و ئێستاش خۆیان و ئاغاکەیان کە ورگ و گیرفانیان پڕ بووە، مەرجی سەخت دەخەنە بەردەم بەغدا بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جیهانەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت:  داهاتی نەوت بە رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عیراقی لەدەست هەرێم نەماوە!
بەجۆرێکی بازاڕیانەش دەڵێت: یارییەکە تەواو، مۆر و مشەمای لیگاوەکەمان پێچایەوە، ئێوەش خۆتان بڕۆن ئێخەی بەغدا بگرن بۆ مووچەکانتان و ئێمەش ئاش بەتاڵ، (لە رووشیان دێت) دەڵێن هەندێک لایەن دەستیان بە باڵی سەروەریی هەرێمەوە نەگرت!

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ